بەغدا یانزە دەسەڵاتی دارایی هەرێم ناهێڵێت

کوردستان 22/02/2020

چاودێر

 

حكومەتی عێراق بە یاسای كارگێڕیی دارایی، دەسەڵاتی دارایی هەرێمی كوردستان دەخاتە ئاستی پارێزگا و سنوورداری دەكات، لە كۆی 52 ماددە، زیاتر لە 20 ماددە و خاڵ و  بڕگەی تایبەتە بە هەرێم و دەسەڵاتە داراییەكانی و زیاتر لە ١١ دەسەڵاتی دارایی ناهێڵێت، دەبێت هەرێم سەرجەم داهاتی نەوت و غاز و خاڵە سنوورییەكان و داهاتەكانی دیكەی بگێڕێتەوە بۆ بەغدا، هەروەها دوو جاریش پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بكات و لە پەرلەمانی كوردستان و عێراقیش پەسەند بكرێت و هەروەها وردبینی و بەدواداچوون بۆ داهاتی هەرێم دەكات. بڕیارە لەمساڵەوە جێبەجێ بکرێت و بەم یاسایە بەغدا دەسەڵاتی دارایی هەرێم ناهێڵێت.

 

 بەغدا بەو یاسایە، دەسەڵاتی دارایی هەرێم سفر دەكاتەوە و كۆنتڕۆڵی دەكات، لەمەودوا دەبێت هەرێمی كوردستان خشتەی خەمڵێندراوی خەرجی و داهاتەكانی ئامادە بكات و لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت تا لە بودجەی گشتیدا جێی بكرێتەوە، پاشان وەزارەتی دارایی و پلاندانانی فیدڕاڵی پەسەندی بكەن، هەروەها بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ عێراقە و خەرجی و داهاتی هەرێمیش دەگرێتەوە و وەزارەتی داراییش پێشنیازی بودجەی خەمڵێندراو وەردەگرێت و لە تەمووزی هەموو ساڵێكیشدا دەبێت ڕەشنووسی بودجەی هەرێم پێشكەشی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بكرێت و تێچووی خەمڵێندراوی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و قەبارەی بودجەی بەكاربەریش بخرێتە ڕوو.

 

بە گوێرەی یاساكە، كە ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩یە و لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩ـەوە پەرلەمان پەسەندی کردووە وێنەیەكی لەبەر دەستی ״ئاژانس״دایە و لەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەزیری دارایی فیدڕاڵ دەسەڵاتی گواستنەوەی هەیە لە بودجەی گشتیی پەسەندكراودا و دەتوانێت بە فەرمانێك مانگانە ئەو گواستنەوانە بكات كە دەسەڵات ڕێگەی پێ داوە و هەروەها دەتوانێت بڕی ئەو بودجەیە كەم بكاتەوە (ئەگەر هەرێم داهاتی نەوت و غاز ڕەوانە نەكات).


شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتیی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نایشارێتەوە بەغدا بە جێبەجێكردنی یاسای كارگێڕیی دارایی، دەسەڵاتی دارایی هەرێم سنووردار دەكات و ئاشکراشی کردووە: "لە یاساكەدا لە ڕووی دانانی بودجەوە وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێم كراوە، دەبێت داهات و خەرجیی خۆی ڕێك بخات و دواتر پەرلەمان پەسەندی بكات، ئەوكات ڕەوانەی بەغدا دەكرێت تا ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت.״