تا ئەم كاتە، گەشت كردن بۆ ئێران، بێ ڤیزایە
چاودێر: تایبەت
هاتووچۆی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ڤیزا بۆ ماوەیەكی تر درێژكرایەوە، كە لەرێكەوتی ۲۰۲۰/۲/۲٥ بــۆ ۲۰۲۰/٥/۲٤ و ماوەی مانگێكیش دەتوانرێت لەخاكی ئێران بمێنیتەوە.
ئیسماعیل عەلی، كارمەندی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەچاودێری راگەیاند: لە راگەیاندراوێكدا لەلایەن باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد كە وێنەیەكی بۆ بەشەكەمان نێردراوە، تیایدا هاتووە، حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەچوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندی دۆستانە و برایانەی نێوان حكومەت و گەلانی ئێران و عێراق و بە ئامانجی هاتوچۆی ئاسان تری هاووڵاتیانی هەردوو وڵات.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد: درێژكردنەوەی ئاسانكاری تایبەت بە هاتوچۆی هاووڵاتیانی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران. بەم پێیە، لەبەرواری ۱۳۹۸/۱۲/٦ بــۆ ۱۳۹۹/۳/٤ هەتاوی كە دەكاتە ۲۰۲۰/۲/۲٥ بــۆ ۲۰۲۰/٥/۲٤ زاینی بەرامبەر بە مانگەكانی ڕەجەب، شەعبان و ڕەمەزانی هیجری ، لێدانی مۆری چوونە ژوورەوە لەلایەن پۆلیسی پاسپۆرتی جێگیركراو لەسەر سنوورە فەرمیەكانی خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران بە مانای ڤیزای مانەوەی یەك مانگەیە و هاووڵاتیانی عێراقی پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیزا لە ماوەی ئاماژەپێكراودا نابێت.
روونیشیكردەوە،"باڵوێزخانەی ئێران لەبەغداد ئەوەشی راگەیاندووە، لە روانگەی ئەو راستیەوە كە ئەم بڕیارە لەماوەكانی رابردوودا لەلایەن هاووڵاتیانی هەردوو وڵاتەوە پێشوازی گەرمی لێكرا، بە هەوڵی بێ ووچان، ئەم ئاسانكارییە بە شێوەی دولایەنە لەم ماوەیەدا جێبەجێ دەكرێت، ئەم هاوكاریانە هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەبێت لەرەوتی هاتوچۆكردنی ئاسان و مامەڵەی زیاتری نێوان دوو وڵات و بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا".
شایەنی باسە، لەمانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە، بەبڕیارێك ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم هەڵگیرا و بەم هەنگاوەش هاتووچۆی هاووڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.