ئەو بیركردنەوە هەڵانەی بەرامبەر بە وەسواسی هەتە، لەم راپۆرتەتدا بیزانە

تەندروستی 19/02/2020

 
چاودێر: تابان رەزا
وەسواسی‌ نەخۆشەیەكی درێژخایەنی دەروونی  بەربڵاوە، كە نەخۆش  بەناچاری   ڕەفتارێك دوبارەبكاتەوە بەشێوەیەك كە لەژێر كۆنتڕۆڵی‌ خۆیدا نەبێت بەهۆی‌ دروستبونی‌ هەندێك بیركردنەوەی‌ خۆسەپێن لەمێشكی‌ كەسەكەدا، بیركردنەوەی‌ توندوتیژی‌ بەرامبەر بەخود و كەسانی‌ دەورووبەر یەكێكە لەنیشانەكانەی ئەم نەخۆشیە. پزیشكێكی  پسپۆڕیش لەو بارەیەوە  دەڵَێت" چارەسەركردنی‌ ڕەفتاری‌ و هزری‌ یەكێكە لەچارەسەرە سەركەوتوەكانی وەسواسی"

نەخۆشی وەسواسی چیە؟

د. زامدار حمە ڕەسوڵ، پسپۆڕی دەروونی، دەڵێت" نەخۆشیەكی‌ دەروونی‌ درێژخایەنە زۆر باوە لەناوخەڵكیدا،نەخۆش هەستدەكات بەوەی‌ كە پێویستە بەناچاری‌ ڕەفتارێك دوبارەبكاتەوە بەشێوەیەك كە لەژێر كۆنتڕۆڵی‌ خۆیدا نەبێت بەهۆی‌ دروستبونی‌ هەندێك بیركردنەوەی‌ خۆسەپێن لەمێشكی‌ كەسەكەدا و دەبێتەهۆی‌ توڕەبوون، بیركردنەوەی‌ نەرێنی‌ و دووبارە دەبێتەهۆی‌ دڵەڕاوكێیەكی‌ توند بۆكەسەكە، كاردەكاتە سەر كۆئەندامی‌ دەمار وەك پەستانێك هەمیشە دڵەڕاوكێ‌ و سەرئێشەو ناڕەحەتی‌ بۆ كەسەكە دروستدەكات لەژیانی‌ ڕۆژانەو كارو پیشەیداو لەكاری‌ دەخات بەشێوەیەك كە بیركردنەوەكانی‌ دەبێتە قورسای‌ بۆژیانی‌ كەسەكەو هەراسانی‌ دەكات لەهەموو بوارەكانی‌ ژیاندا، وەك كاركردن، خوێندن، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و پەیوەندیە كەسیەكان هتد.
هۆكارەكان
ئەو پزیشكە پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، ئەو هۆكارانەی‌ كە دەبێتەهۆی‌ زیادبوون بە نەخۆشیەكە، بوونی‌ مێژووی‌ نەخۆشیەكە لەناو خێزاندا بەتایبەت باوان، ڕودانی‌ ڕوداوێك لەژیاندا كە پەستانی‌ دەروونی‌ دروستبكات یان بوونی‌ زەبرێكی‌ توند لەژیاندا كە بەردەوام بیری‌ لێبكاتەوە، هەروەها بوونی‌ تێكچونە دەروونیەكانی‌ دیكە وەك خەمۆكی‌ توند لەگەڵ بەكارهێنەرانی‌ مادەی‌ هۆشبەر.

وتیشی، هەندێكجار بوونی‌ نەخۆشی‌ دیكە دەبێتەهۆی‌ نەخۆشی‌ وەسواسی‌ وەك نەخۆشی‌ پێست بەهۆی‌ زۆری‌ شۆردنی‌ ئەو شوێنەی‌ كەنەخۆشیەكەی‌ هەیە دەبێتەهۆی‌ بیركردنەوەو ڕەفتاری‌ ناچاری‌، هەندێك هەوكردنی‌ مێشك و دەمار بەتایبەتی‌ لەمنداڵدا.
نیشانەكانی‌ 
د. زامدار، لەبارەی نیشانەكانی نەخۆشیەكەوە  ئاماژەبەوەدەكات، بیركردنەوەی‌ بەردەوام و دوبارەكردنەوەی‌ ڕەفتار لەئەنجامی‌ بیركردنەوەی‌ هەڵە، ترسان لە پیسبوون،  بیركردنەوە لەشتە رێپێنەدراوەكان، وەك بیركردنەوە لەبیروڕا ئاینیەكان، بیركردنەوەی‌ ئازاربەخش، بیركردنەوەی‌ توندوتیژی‌ بەرامبەر بەخود و كەسانی‌ دەورووبەر‌، بیركردنەوە لەسێكس لەگەڵ كەسانی‌ نەشیاو پێی‌ و دوبارەكردنەوەی‌ ڕەفتارەكان وەك شۆردنی‌ كەلوپەل یان دەست زیاتر لەجارێك بەبەردەوامی‌، دووبارەكردنەوەی‌ پێداچونەوە بەشتەكان وەك داخستنی‌ دەرگا، پەنجەرە، دەرگای‌ سەیارە.

ناوبراو ئەوەشی ووت،  یان ژماردنی‌ شتەكان بەشێوەیەكی‌ زۆرو دووبارە، وەك چاو تروكاندن یان دەموچاو گرژكردن و حەرەكەتكردن بە دەموچاو، كەسی‌ توشبوو بە وەسواسی ناتوانیت كۆنتڕۆڵی‌ خۆی بكات هەتائەوەی‌ كە دەزانێت ئەم ڕەفتارەی‌ كەدەیكات پێوست ناكات یان هەڵەیە، كەسی‌ وەسواس ئارامی‌ دەروونی‌ لە دەستدەدات، خۆشی‌ لەشتەكان نابینێت لەژیاندا، كەسی‌ وەسواس كاتی‌ زۆر بەفیڕۆ دەڕوات ڕۆژانە بەم ڕەفتارانەوە كە پێویست ناكات.
چارەسەرەكان
ئەو پزیشكە پسپۆڕە،  رونیدەكاتەوە، چارەسەركردنی‌ ئەم نەخۆشیە لەرێگەی چارەسەركردن لەڕێگای‌ دانیشتنی‌ تاكە كەسیەوە بە بەكارهێنانی‌ چەند پڕۆگرامێكی‌تایبەت بەچارەسەركردنی‌ ئەم نەخۆشیە چارەسەركار جێبەجێی‌ دەكات لەگەڵ نەخۆشدا، لەوانە (چارەسەركردنی‌ ڕەفتاری‌ و هزری‌) یان (بەرەنگاربونەوەو نەكردنی‌ دەرئەنجامەكانە ). 

پزیشكەكە دەشڵێت" چارەسەكردنی‌ ڕەفتاری‌ و هزری‌ یەكێكە لەچارەسەرە سەركەوتوەكان بۆ نەخۆشی‌ وەسواسی‌ وە یەكێكی‌ دیكە لەچارەسەرە كاریگەرەكان بۆ ئەم نەخۆشیە چارەسەری‌ بەرەنگاریبوونەوەو نەكردنی‌ دەرئەنجامەكانە، بەشێوەیەك ئەو بەشەی‌ كە بەرەنگاربونەوەیە ئەوەیە بەرەنگاری‌ ئەو ڕەفتارە یان بیركردنەوەیە دەبێتەوە كە دەبێتەهۆی‌ دڵەڕاوكی‌ بۆئەوەی‌ ئاستی‌ دڵەڕاوكێكە كەمبكەینەوە، وە ئەوبەشەی‌ نەكردن واتە نەكردنی‌ ئەو ڕەفتارەی‌ كە بەناچاری‌ پێویستە دوبارەی‌ بكەیتەوە ئەمەش لەژێر سەرپەرشتی‌ كەسی‌ پسپۆری‌ چارەسەردا دەبێت بۆئەوەی‌ كەسی‌ توشبوو توانای‌ جیبەجێكردنی‌ ئەم ڕاهێنانەی‌ هەبێت"

وتیشی" بۆئەوەی‌ كۆنتڕۆڵی‌ نیشانەكانی‌ نەخۆشیەكەی‌ بكات، زۆر گرنگە كەسی‌ توشبوو بەردەوامبێت لەسەر ڕاهێنانەكان و ڕینمایەكان بەبێ‌ ئەوەی‌ پاشەكشەبكات لێ‌ بگەڕێتەوە سەر ڕفتارە هەڵەكانی‌، لەكۆتایدا دەبێتەهۆی‌ كەمبونەوەی‌ دڵەڕاوكیەكە ڕاهاتن لەگەڵ حاڵتەكە.