۱۸۰ ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخان دەكرێت

ئابوری 19/02/2020

چاودێر
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم، ئاشكرایكرد، بۆ ئەمساڵ بڕیار دراوە، نزیكەی ۱۸۰ملیار دينار بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان بكرێت و  دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانیش، پەیوەستە  بەحكومەتی نوێی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی سەردانی د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ شاری سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: ساڵی رابردوو نزیكەی ۳۳ملیار بۆ پارێزگاری سلێمانی تەرخانكراوە، بۆ ئەمساڵیش بڕیار دراوە لانیكەم ۱۸۰ملیاری دیكە تەرخان بكەن، ئەولەویەتیش شەقامی ۱۰۰مەترییە، كە رەزامەندی لەسەر دراوە و بڕیارە لەماوەی كەمتر لەسێ ساڵدا، تەواو بكرێت.
وتیشی" پشتگیری دامەزراندن دەكەم، بەڵام بۆ دامەزراندنی دەرچووانی دیكە بەپێی دۆخی حكومەت دیراسەی وردی دەوێت، ئەگەر مەسەلەی بودجەمان لەگەڵ بەغداد یەكلایی كردەوە، كە قۆناغێكی باش بڕدرا و ئەگەر حكومەتی نوێ بڕیاریدا یەكەم كۆبوونەوەی لەسەر یاسای بودجە بێت، ئەو كاتە دەستمان زیاتر كراوە دەبێت، بۆ مەسەلەی دامەزراندن ".