پاشەكەوتی مووچە وەزیری دارایی دەباتە پارلەمان

ئابوری 19/02/2020

چاودێر
ژمارەیەك پارلەمانتار، هەوڵەكانیان بۆ بانگهێشكردنی وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، دوای كۆتایهاتنی پشووی زستانە بۆ پارلەمانی كوردستان، سەبارەت بەچارەنووسی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، چڕكردۆتەوە.
هلز ئەحمەد، پارلەمانتاری كوردستان، رایگەیاندووە: 26 پارلەمانتار واژۆیان لەسەر یاداشتێك كردووە كە تایبەتە بە بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم و منیش یەكێكم لەوانە، بۆیە لەوەزری بەهارەی یاسادانان كە لە 1-3 دەستپێدەكاتەوە، دەبێت وەزیری دارایی بێتە پارلەمان.
ناوبراو، وتیشی"ماوەیەكی زۆرە داوای ئەوە دەكەین كە ڕوونكردنەوە بدرێت و وەڵام بدرێتەوە، كە چارەنووسی مووچە و پاشەكەوتی مووچە و پلەبەرزكردنەوە و هەورەها داهاتی خاڵە سنوورییەكان و گومرگ چەندە و چۆن خەرج دەكرێت و بۆچی ڕەشنووسی بودجە نانێردرێتە پارلەمان، بەڵام وەڵام نەبووە، ئێمەش وەزیر دەهێنینە پارلەمان.״
حكومەتی هەرێم لەساڵی 2016دا و بە بڕیاری 64 سیستمی پاشەكەوتی مووچەی پەسەند كرد، كە ڕێژەی 15% بۆ 75%ی مووچەی قەرمانبەران پاشەكەوت دەكرا، بە پێی مووچەی فەرمابەران و پلەباڵاكان، دوای سێ ساڵ و لەمانگی 8ی 2019دا پاشەكەوتی مووچە هەڵگیرا، تاكو ئێستا میكانیزمی دانەوەی ئەو پاشەكەوتە نازانرێت، كە نزیكەی 14 ترلیۆن دیناری پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران قەرزارە.