مزەفەر نەواب، شاعیرو شۆڕشگێڕی عەرەب، لە سلێمانی دەدرەوشێتەوە

ڕاپۆرت 19/02/2020

بە دروشمی (مزەفەر نەواب لە ویژدانماندا دەدرەوشێتەوە) رۆژی 22ی ئەم مانگە، بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ، لە مەراسیمێکی ئەدەبی و روناکبیریدا، رێز لە شاعیر و شۆڕشگێڕی عەرەب، مزەفەر نەواب دەنێت.

لەو مەراسیمەدا، کە یەک رۆژ دەخایەنێت، چەند توێژینەوەیەکی گرنگ دەربارەی مزەفەر نەواب لە لایەن توێژەرانی پسپۆڕەوە پێشکەش دەکرێن، لەوانە: پ.د قاسم حسێن ساڵح، د. عەمار عەبدولباقی. غەزای درع التائی، د. قەحتان جاسم جەواد، د. سەعد حەسەنی، کازم غەیلان.

جگە لە پێشکەشکردنی ئەو توێژینەوانە، چەندین کەسێتی و روناکبیری عەرەب و بیانی لە دەرەوەو ناوەوەی عێراق، بانگێشتی مەراسیمەکە کراون.

مەراسیمەکە سەعات دووی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە هۆتێل گراند ملینیۆم، دەستپێدەکات و چەند بڕگەیەکی گۆرانی و خوێندنەوەی شیعریش لەخۆدەگرێت.