ئەوانەی كاری زۆر دەكەن دەبێت وریای دەردەڕێوی بن

تەندروستی 17/02/2020



چاودێر- تابان رەزا:

نەخۆشی  دەردەڕێوی نەخۆشیەكی پێستەو توشی هەردوو رەگەزی نێر‌و مێ دەبێت، دەبێتە هۆی هەڵوەرینی مووەكانی قژ‌و ریش‌و سمێڵ‌و جەستە، كە لەشێوەی پەڵەپەڵە دەردەكەون، ئەم نەخۆشیە درێژخایەنە‌و خەمۆكی، كەمخەوی ‌و قەلەقی‌ویەكێكە لەهۆكارەكانی توشبون.
نەخۆشی  دەردەڕێوی چی یە ؟

د. سامان ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی پێست، ئاماژە بەوەدەكات، نەخۆشی دەردەڕێوی نەخۆشیەكی پێستە كە توشی سەلكی موو دەبێ‌و سێ جۆری هەیە، جۆرێكیان پێی دەوترێت دەرەدە رێوی ئاسایی كە لەشێوەی چەند پەڵەیەكدایە لەسەر یان ریش‌و سمێڵدا هەیە، جۆرێكی تریان پێیدەوترێت تۆتالیس كە تەنها سەری كەسەكە دەگرێتەوە كەقژی بەسەرەوە نامێنێت، برۆو سمێڵ‌و ریشی پێوە نامێنێت، جۆری سێیەمیان پێدەوترێت دەردە رێوی  گشتی واتە هەموو لەشی مووی پێوە نامێنێت.
نەخۆشیەكی  بۆ ماوەییە 
ناوبراو باس لەوەیشدەكات، ئەم نەخۆشیە لەڕوی زانستی پزیشكیەوە پێیدەوترێت نەخۆشی تێكچونی بەرگری لەش، كەسەكە بەرگری لەشی تێكدەچێت لەبری پەلاماری ڤایرۆس بدەن پەلاماری سەلكی مووكان دەدەن‌و سەلكی مووەكان لەناو دەچن‌و ئەوكاتە مووكان دەوەرن، هۆكارێكی تریش بۆماوەیە كەلەباوەنەوە ئەم نەخۆشیە دەگوێزێتەوە بۆ وەچەكانیان.
وتیشی، ئەم نەخۆشیە دووچاری هەموو تەمەنەكان دەبێتەوە، ئەوەی كە زۆر باوە زیاتر لەتەمەنی  16 ساڵی تا 45 ساڵییە، هەر دوو رەگەزی مێ‌و نێر وەك یەك توشی ئەم نەخۆشیە دەبن. 
هۆكارەكانی
د. سامان ئەمین دەشڵێت" چەند نەخۆشیەكی وەك خەمۆكی كەمخەوی قەلەقی  ئەوكەسانەی ئیشوكاریان زۆرە بەردەوام سەرقاڵن‌و بیردەكەنەوە یان هەندێك لەخوێندكاران لەكاتی تاقیكردنەوەكان توشی ئەم نەخۆشیە دەبن، هەروەها دوو نەخۆشی كەپەیوەندیان  بەنەخۆشی دەردەرێویەوە هەیەو هۆكارن بۆ توشبون  ئەویش نەخۆشی غودە‌و شەكرەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانەی مەنگۆلن دەردەڕێویان تێدا زۆرە"

نیشانەكانی 
پزیشكەكە  ئەوەشی ووت،  نەخۆشی دەردەرێوی تەنها هەڵوەرینی مووەكەیەو بەس، پەڵەكانیش بەشێوەی بازنەییە هەندێجاریش شێوەی تر وەردەگرێت كە وەكو شەبەكەیەك قژەكە دەوەرێت، سەرەتا بنی مووكە باریك دەبێتەوە بەو نیشانیەدا دەیدۆزیتەوە، واتە بەتەنیا بەسەیركردنی بنی مووكە دەزانین ئەوە نەخۆشی دەردە رێوییە، كە لەشێوەی پەڵە پەڵە لەسەر‌و ریش‌و سمێل برو دادەبینین".

نەخۆشیەكی درێژخایەنە
د. سامان ئەمین، راشیگەیاند" ئەوكەسەی توشی نەخۆشی دەردەرێوی دەبێت، ئەگەری هەیە كەسەكە یەكجار توشی ببێت یان چەند جارێك توشی ببێت ئەوە دەكەوێتەوە سەركەسەكە، هەندێك هەیە پاش چارەسەركردن دوای ساڵێك وایلێهاتۆتەوە  كە لە شوێنێكی تر پەڵەی تر دروست بۆتەوە، وەك نەخۆشیەكانی تر نیە یەكجار بێت.

شێوازی چارەسەر
ئەو پزیشكە لەبارەی چارەسەری نەخۆشیەكەوە، ئاماژە بەوەدەكات، ئەگەر نەخۆش یەك دوو پەڵەی هەبێت  بەدەرزی ژێر پێست چارەسەر دەبێت، یاخود  بەمەلهەم ئەوشوێنە چەور دەكرێت یان بەكارهێنانی كورتیزۆن لە رێگەی دەرمان‌و حەب‌و دەرزی، بەڵام ئەگەر نەخۆشیەكە زۆر سەخت بوو ئەوكات پەنادەبەنە بەر ئەو دەرمانانەی كە بۆ بەرگری  لەش بەكاردێن، بۆ ئەوەی ئەو بەرگرییەی زۆرە‌و وایكرد پەلاماری سەلكی مووەكەدەدا كەمبكرێتەوە".