خۆپیشاندەران ئومێدیان بەعەلاوی نیە

عێراق 16/02/2020


چاودێر: خۆپیشاندەرانی بەغدا، جەخت دەكەنەوە، هیچ ئومێدێكیان بە محەمەد تەوفیق عەلاوی كاندیدی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق نیە.

محەمەد تیتۆ، چالاكوانی مەدەنی كەماوەی زیاتر لە سێ مانگە لەگۆڕەپانی تەحریرو خەیلانی دژ بەگەندەڵی و حكومەت خۆپیشاندان دەكات، بۆ چاودێر ووتی: محەمەد تەوفیق عەلاوی كوڕی حزبە سیاسیەكانەو هیچی تر، ئەویش هێندەی دڵی بۆ لایەنگرانی خۆی و بەرژەوەندی خۆی دەسوتێت هێندە خەڵكی بەلاوە گرنگ نابێت.

وتیشی: دڵنیاین هیچ گۆڕانكاریەك نابێت، ماڵ و موڵكی گشتی وەك جارانی تر بەخەدەر دەدرێت و كۆمەڵێكی تر دەوڵەمەند دەبن و هیچی تر.

لەلایەكی تریشەوە، هەیسەم مەعسوم، چالاكوانێكی تر، بۆ چاودێر دەڵێت: چی روودەدات لەبەرژەوەندی خەڵك نیە، ئەسڵەن ئەوان نازانن خەڵك چیەو چیان دەوێت؟، ئەوان تەنها گیرفانی خۆیان پڕدەكەن و خاكەكەمان دەفرۆشن، هیچ كەرامەت و شەرەفی ئێمەیان بەلاوە گرنگ نیە.

وتیشی: ئێمە تەنها ئەمانەوێت لەئەمان بین و عیراق لەچەك و گروپە چەكدارەكان و كوشتن و بڕین و دزی و تاڵان رزگار بكرێت، بەڵام ژیانی ئەوان لەسەر ئەوەیە ،بۆیە هیچ ئومێدكان بە كاندیدی نوێ نیە، ئەویش كوڕی ئەوانە.