مەلا بەختیار: ئێستا كورد هەڕەشە نیە بۆ دابەشبونی عێراق، بەڵكو ئەو عەقڵیەتە تایفەگەریەی لەعێراقدا حوكم دەكات، هەڕەشەی یەكەمە

ڕاپۆرت 12/02/2020

چاودێر- تایبەت:
ئەمڕۆ لەشاری هەولێر، زانكۆی لوبنانی-فرەنسی، پانێلێكی لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجامداو لەو پانێلەدا هەریەكە لە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ئەبوبەكر كاروانی سیاسەتمەداری یەكگرتوی ئیسلامی، بەشداریان كرد.
لەسەرەتای پانێلەكەدا مەلا بەختیار، بابەتەكەی خۆی لەسەر كێشەكانی كورد لەعێراقدا لەڕوی مێژوییەوە وەبیری ئامادەبوان هێنایەوەو سەرچاوەی كێشەكانی ئێستاشی گەڕاندەوە بۆ بۆ ئەو قۆناغە مێژووییانە بەتایبەتی بریتانیای كۆڵۆنیالیزم.
لەوبارەیەوە مەلا بەختیار، دەڵێت: كاتێك بریتانیا هاتوە، ویستویەتی وڵاتێك لەم ناوچەیە دروست بكات، بەزۆری زۆرداری هەموومان لەم وڵاتەدا بتوێنێتەوە. ئەوكاتیش تێزی چارەسەری ئەمریكی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بریتانیا و فرەنسا گوێیان بەو تێزانە نەداو فرەنسا لە رۆژئاوای كوردستان كێشەی نەتەوەیی كوردی چارەسەر نەكردو، بریتانیاش لە باشوری كوردستان ئەو تێزانەی وەلاناو، سەرئەنجام ئێمەی كورد بە رێككەوتنامەی لۆزان تیاچوین و فەلەستینیەكانیش بە بەڵێنی بلفۆر. لەوكاتەوە باشوری كوردستان لێكنرا بە عێراقەوە، بۆیە ئەو كێشانەی ئێستا لەعێراقدا هەیە، وڵاتی بریتانیا بەرپرسیارە لێی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، مەلا بەختیار، رونیكردەوە: 99 ساڵە دەوڵەتی عێراق هەیە، 37 ساڵی بریتانیا بەڕێوەی بردوە، دواتر عەبدولكەریم قاسم كۆماری دادەمەزرێنێت، بەڵام لەدوای روخانی عەبدولكەریم قاسم، ناسیۆنالیزمی عەرەبی، عێراقی بەڕێوە بردوە، بەهەموو جۆرەكانی ناسیۆنالیزمەوە، ئەگەر سەیری نەخشەكەش بكەین و بەراوردی سەردەمی ناسیۆنالیستەكانی عێراق و سەردەمی پادشایەتی بكەین، ئەوا سەردەمی پادشایەتی زۆر باشتر بوە لە سەردەمی ناسیۆنالیستەكان، هەم لەڕووی ژمارەی كوژراوەكان و زیندانیەكان و ژمارەی دێهاتە وێرانكراوەكانەوە، تەنانەت ئەگەر بەرواردی بكەیت بەسەردەمی ئێستاش، ئەوا سەردەمی پادشایەتی ئارامتر بون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.  من خۆم بە كەسێكی چەپی دیموكرات دەزانم، بەڵام كاتێك بەراوردی حكومەتە پادشایەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەیت، بە حكومەتە كۆماریەكان، ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە حكومەتە پادشاییەكان زۆر باشتر بون لە حكومەتە كۆماریەكان. ئەوە جەزائیر و عێراق و لیبیاو سودان، بزانن حكومەتە كۆماریەكانیان چیان بەسەر هاتوە. بۆ؟ بۆچی ئەم وڵاتە كۆماریانە وایان بەسەر هاتوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە. لەبەرئەوە ئەم وڵاتانە وایان بەسەر هاتوە، چونكە گەشەكردنی كۆمەڵایەتی، ئابوری، تەكنەلۆژی، كولتوری و فەلسەفی لەم وڵاتانە، نەگەیشتۆتە رادەی قبوڵكردنی دەوڵەتێكی كۆماری دیموكراتی. چونكە سەرمایەداری لەم وڵاتانە هاوردەیە، تەكنەلۆژیاش پاشكۆیە، ئەوەی پێشی دەڵێن شۆڕشی دیموكراسی، بە مانا راستەقینەكەی لەهیچ وڵاتتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام نەدراوە.

 

من خۆم بە كەسێكی چەپی دیموكرات دەزانم، بەڵام كاتێك بەراوردی حكومەتە پادشایەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەیت، بە حكومەتە كۆماریەكان، ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە حكومەتە پادشاییەكان زۆر باشتر بون لە حكومەتە كۆماریەكان

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەكرد كێشەی كورد لەگەڵ عێراقدا، كێشەیەكی بونیادیە، لەسەردەمی شێخ مەحمودەوە تاوەكو ئێستا، ئێمە داوای مافی چارەنوس لە وڵاتێك دەكەین كە خۆی دیموكرات نیە، داوای ئازادی لە وڵاتێك دەكەین كە خۆی ئازاد نیە. كێشەكە ئەوە نەبوە كە ئێمە كورد عێراقمان نەناسیوە، بە پێچەوانەوە لە چركەساتی دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە كورد عێراقی باش ناسیوە، لەسەردەمی شێخ مەحمودەوە هەتا دامەزراندنی حیزبەكانی كوردستان، هەمووان بە شێوەیەكی تەندروست بیریان لەعێراق كردۆتەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەبوە ناسیۆنالیستی دڕندە حوكمی عێراقی كردوە، ئەم ناسیۆنالیستە پاڵپشت بە نەوت و باكگراوندی بیری سەدەكانی ناوەڕاست، حكومەتیان دروستكردوە كە یان شۆڤێنی بووە، یان فاشیت، جاری واش هەبوە سەرسەخترین دوژمنی دیموكراسی بووە.

 

لەسەردەمی شێخ مەحمودەوە تاوەكو ئێستا، ئێمە داوای مافی چارەنوس لە وڵاتێك دەكەین كە خۆی دیموكرات نیە، داوای ئازادی لە وڵاتێك دەكەین كە خۆی ئازاد نیە

هاوكات، راشیگەیاند: ئێستا ئێمەی كورد هەڕەشە نین بۆ دابەشبونی عێراق، بەڵكو ئەو عەقڵەیەتە تایفەگەریەی لەعێراقدا حوكم دەكات، هەڕەشەی یەكەمە بۆ سەر عێراق، دەست بۆ سیاسەتەكەی دەبەیت هەر سەقەتە، دەست بۆ كولتورەكەی دەبەیت هەر سەقەتە، دەست بۆ جێبەجێكردنی دەستور دەبەیت، دەستوریان پێشێل كردوە، دەست بۆ ئابوریەكەی دەبەیت، 600 ملیار دۆلار لەم وڵاتەدا دزراوە.
هەر لە پانێلەكەدا مەلا بەختیار، رونیكردەوە: لەدوای روخانی رژێمی سەدام، عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی دروست كرایەوە، هاوسەنگی لەنێوان (شیعە-سوننە-كورد) بۆیە ئەم دەوڵەتە بەم هاوسەنگیە وەستاوە، نەك لەسەر ئەوەی لەدوای روخانی سەدام عێراق گۆڕاوە بەرەو وڵاتێكی دیموكراسی، بۆیە هەر كات ئەم هاوسەنگیە تێكبچێت، ئەوا لە كوردیش تێكدەچێت، هەر بۆیە كاتێك شیعە لەڕووی سەربازیەوە بەهێز بوو، هاوسەنگە سێینەكەیان تێكداو یەكەمجار لە سوننەوە دەستیان پێكرد، دواتریش هاتنە سەر كورد و بودجەو موچەیان بڕی و پەلاماری شارە كێشە لەسەرەكانیان دا.
لەكۆتایی بابەتەكەیدا، مەلا بەختیار،  راگەیاند: سەرەڕای كێشەكانمان لەگەڵ عێراقدا، بە موچە و بودجەو حوكمی سەربازی لەناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام هێشتا قوڵایی ستراتیژیمان هەر عێراقە، بۆیە دەبێت ئەمجارەیان بە پرۆژەی نوێ بەرنامەی نوێوە دانوستان لەگەڵ عێراقدا بكەین، دەبێت دانوستانێك بكەین، كە هەڵەكانی خۆمانی تێدا دوبارە نەكەینەوە، عێراقیش كە پێكهاتەوە دەبێت گرەنتی نێونەتەوەیی و دەستوری بۆ كورد فەراهەم بێت تێیدا.