ئەگەر بەم شێوە كێشت دابەزێنی هەڵەیە

تەندروستی 12/02/2020

چاودێر- تابان رەزا:
قەڵەوی یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە زۆر كەس بە دەستییەوە دەناڵێنن‌و بۆتە سەرچاوەیەكیش بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان، هەر بۆیە دابەزاندنی كێش بۆتە خواستێكی سەرەكی، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری ئەوە دەدەن كە بەبێ‌ رێنمایی پزیشكی، دابەزاندنی كێش مەترسیدار دەبێت، هاوكات پزیشكێكی نەشتەرگەریی جوانكاری زانیاری لەبارەی نەشتەرگەریی لابردنی چەوری دەخاتە روو.

كێش دابەزین بەبێ رێنمایی پزیشك مەترسیدارە

د. سیروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی‌و نەخۆشی قەڵەوی ئاماژە بەوە دەكات، رێجیمكردن بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستی پێبكرێت بەبێ ئەوەی پزیشكێكی پسپۆڕ بەرنامەكە دابنێت كارێكی هەڵەیە، چونكە لەڕوی جەستە‌و تەمەن‌و رەگەزی نێر‌و مێ لە كەسێكەوە بۆكەسێكی تر جیاوازی هەیە، هەروەها لەڕوی شێوازی ئیشوكاری كەسەكانەو كە بەرنامەكەی بۆ دادەنرێت جیاوازە، دەبێت بەرنامەكە هەمو جۆرە خۆراكێكی تێدا بێت كە لەش پێویستی پێیەتی،  گەورەترین هەڵە ئەوەیە كە كەسەكە نان نەخوات خۆی برسی بكات، لەبەرئەوە كەسەكە پێویستی بە بەرنامەیەكە كەتێری بكات، لەشی مرۆڤیش لەحاڵەتی تێری چەوری دەسوتنێت نەك برسێتی، هەربۆیە گەر بمانەوێت بەشێوەیەكی تەندروست لاواز بین دەبێت چەوری لەشمان بسوتێنین دەبێت تێر بین. 

ئەو  پسپۆڕە، باس لەوەش دەكات، هەندێ كەس هەیە زەخت‌و شەكرەی هەیە‌و هەروەها خوێنی زۆرە كە بەرنامەی بۆ دادەنرێت رەچاوی ئەو نەخۆشیانەی بۆ بكرێت ئەو جۆرە وەرزشانەی كە بۆلاوازكردنی كێش دەبێت بزانرێت بۆ كێ دادەنرێ چ جۆرە وەرزشێكە، یان ئەوەی زۆر قەڵەوە كەباشاخدا سەر بكەوێت  رەنگە دڵی زۆر ئازار بدات، هەروەها بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە ئارەزوی خواردن كەم دەكاتەوە كاردەكاتە سەر سەنتەری ئیشتها لەمێشكدا‌و كاریگەریی خراپی دەبێت، وەكو خەوی باش نابێت زو توڕە دەبێت، لەبەرئەوەی كوالیتی كۆنتڕۆڵ كەمە‌و ئەو حەپ‌و دەرمانانەی دێتە هەرێمەوە ماوەكەی بەسەرچوەو زیانی زۆرە، ئەگەر ئەو حەپ‌و دەرمانەیش بەكار هات دەبێت لەگەڵ بەنارمەیەك بێت ئەویش بەڕێنمایی وەرگرتن بێت لەپزیشكەوەوە.

ناوبراو جەختدەكاتەوە، چەورییەك نیە لە لەشی مرۆڤدا بە بەرنامە نەتوێتەوە، بەپێی تەمەنیش رەنگە پێستەكە بچێتەوە جێگەی خۆی، بەڵام ئەگەر لەتەمەنێكی زۆردا بویت ئاسان نیە پێستەكەت بچێتەوە جێگەی خۆی ئەوكاتە دەتوانیت نەشتەرگەری جوانكاری بۆ بكرێت، بەڵام باشترین شت ئەوەیە سەرەتا بەڕێگەی بەرنامە بێت، ئەگە ر لاواز نەبویت پاشان پەنا بەریتە بەر نەشتەرگەری.

دەرمانە گیاییەكان چی لەكێش دەكەن ؟
لای خۆشیەوە خاوەنی دەرمانی گیایی سروشت ئاماژە بەوەدەكات، هەركەسێك دەرمانی گیایی بەكاربێنێت دەبێت خوێ بناسێت پێشتر پشكنینی بۆ گەدەی كردبێت، بۆ ئەوەی لەكاتی بەكارهێنانی ئەو دەرمانەدا كێشەی بۆ دروست نەبێت، ئەو كەسانەی دەڵێن بەدەرمانی گیایی توشی گرفت بوین گەدە‌و گورچیلەیان زیانی پێگەشتوە راست نیە، چونكە ئەوكەسە خۆی گەدە‌و گورچیلەی تەواو نیە لەوەو پێش پشكنینی بۆ خۆی نەكردوە بۆیە وایلێهاتوە، بەهیچ شێوەیەك روەكی سروشتی زیانی لاوەكی نیە مەگەر بەهەڵە بەكاربهێنرێت.

قەیوم عەبدولكەریم، جەخت لەوەدەكاتەوە،  كەسێك بیەوێت تەنها بەدەرمانی سروشتی كێش دابەزێنێت كاتی زۆرتری دەوێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ دەرمانەكدا رێجیم‌و وەرزش بكات زوتر كێشی دادەبەزێت، ئەو كەسەی كە دەبێت دەرمانی گیایی بەكاربهێنێت دەبێت گەدەی تەواو ساغبێت، كەم خوێن نەبێت ئەگەر ژن بێت نابێت دوگیان بێت، زەختی لەگەڵ نەبێت، چونكە زۆربەی گیاكان زەخت دادەبەزێنن.
وتیشی "هەفتانە نزیكی چوار كەس سەردانم دەكەن، بۆ ئەوەی كێشی خۆیان دابەزێنن، بەڵام لەچاو ئەو رێژە زۆرەی قەڵەوی كە هەیە ژمارەكە كەمە".

كێن ئەوانەی نەشتەرگەری جوانكاری دەكەن
پسپۆڕێكی بواری جوانكاری، باس لەوە دەكات، لەئێستادا ئەو شوێنانەی لەش كە زۆر بچوك دەكرێتەوە لە85% نەخۆشەكان ورگ‌و كەلەكەیانە، دوای ئەوەیش ران‌و سنگ‌و قۆڵ نەشتەرگەری دەكرێت، ئەوانەی نەشتەرگەری جوانكاریان بۆ ئەنجام دەدرێت نابێت لە20 ساڵ كەمتر بێت، لەحاڵەتێكدا ئەو كەسە بەهۆی روداوەوە شێوەی لەشیان تێكچوە،  هەندێك لەبەر ئەوەی بەهۆی قەڵەویەوە ناتوانێت هاتوچۆ بكات نەشتەرگەری دەكات،  ئەوانەی لەسەرو تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵین دوای منداڵبون شێوەی لەشیان تێكچوە جوانكاری دەكەن، زیاتر ورگ‌و لاكەلەكە‌و پشتە كە ئەمانە رێژەكەیان زیاترە. 

د. ئالان عبدوڵڵا، رونیشیدەكاتەوە،  ئەوكەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ دەكرێت جا بە راكێشانی چەوری بێت، یان پێستەكەی ببڕێت، دوای دەرهێنانی چەوریەكە دەبێت كۆرسی ببەسرێت بۆ توند كردنەوەی پێستەكە بۆئەوەی جارێكی تر پێستەكەی شل نەبێتەوە، رێك بێتەوە هەتا كەسەكە كۆرسی پێوەبێت ناتوانێت خواردنی زۆر بخوات، چونكە هەستدەكات گەدەی پڕە ئەو كەسەی كە نەشتەرگەریەكە دەكات دەبێت بۆ ماوەی دو مانگ لەژێر چاودێری پزیشكدا بێت، هەروەها بە رێژەی 1% پیاوان نەشتەرگەری دەكەن.