هۆكار و نیشانەكانی خەمۆكی دوایی منداڵبون

تەندروستی 09/02/2020


چاودێر: تابان رەزا
خەمۆكی بەیەكێك لەنەخۆشیە بەربڵاوەكان لەجیهان هەژمار دەكرێت، خەمۆكی دوای منداڵبونیش جۆرێكی سەرەكیە و كە زۆرێك لەئافرەتان دوایی منداڵبون دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن و هەر زوو چاك دەبنەوە، بەڵام جۆریكیان  هەیە كەتوش دەبن  كاریگەری دەكاتە سەر ژیانیان وتوشی گۆشەگیری و دابران لە كۆمەڵ و خێزانی دەكات، پزیشكێكی پسپۆریش دەڵێت"، ئەم نەخۆشییە لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆسەر ژیانی منداڵەكە و دایكەكە ئەگەر بە زووی چارەسەر نەكرێت.

خەمۆكی پاش منداڵبوون چیە؟
د.جەعفەر عومەر، پزیشكی نەخۆشیە دەرونیەكان،دەڵێت"خەمۆكی یەكێكە لە نەخۆشییە دەرونییە بەربڵاوەكان و جۆرێكی سەرەكی خەمۆكی بریتییە لە خەمۆكی لە دوای منداڵبوونە، كە بە خەمۆكی زەیستانیش ناودەبرێت، ئافرەتان دوای منداڵبوون بەگشتی توشی حاڵەتی بێتاقەتی و خەفەت و دڵتوندی دەبن، بەشێوەیەك كە كارناكاتە سەر ژیانی ئاساییان و نیشانەكان لە ماوەی دوو هەفتەی یەكەمدا دەردەكەون و دواتر نامێنن. ئەم حاڵەتەش بە نەخۆشی هەژمار ناكرێت و زۆربەی ئافرەتان پاش چەند هەفتەیەك ئەو دڵتوندی و بێتاقەتییەیان نامێنێت" 
ئەو پزیشكە  ئاماژەبەوەدەكات، هەندێك لە ئافرەتان توشی نەخۆشی خەمۆكی دوای منداڵبوون دەبن كاتێك كە نیشانەكانیان توند دەبن و كاردەكاتە سەر ژیانیان، ئەمانە نیشانەكانن بۆ ناسینەوەی ئەم جۆرە  لە خەمۆكی:
- هەستكردن بە دڵتوندی و گریان.
- توشی خەو زران دەبێت و خەوی تێكدەچێت.
- ئیشتیهای خواردنی نامێنێت یان هەندێكجار ئارەزوی خواردنی زۆر دەبێت.
- هێز و وزەی دادەبەزێت و توانای ئیشەكانی رۆژانەی نامێنێت.
- چێژ لە خۆشییەكانی ژیانی نابینێت و ئارەزی هیچی نییە.
- سەبارەت بە منداڵەكەی ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ دروستبكات یان هەندێكجار بیری هەڵە سەبارەت بە منداڵەكەی دێت بە مێشكیدا و دەیەوێت زیانی پێبگەیەنێت.
- ناتوانێت خزمەتی منداڵە تازە لەدایكبووەكە بكات.
- توڕەبوون و هەڵچوون و بێ ئۆقرەیی.
- گۆشەگیری و دابران لە كۆمەڵ و خێزان.
- بیری خۆكوژی و خۆبەكەمزانینی هەیە.
هۆكارەكانی توشبون
د. جەعفەر عومەر، ئەوەشی ووت، هۆكارەكانی توشبوون زۆرن، بەڵام بەگشتی ئەو ئافرەتانەی كە ئەم خاڵانەیان تێدایە ئەگەری زیاتریان هەیە توشی خەمۆكی دوای منداڵبوون ببن لەوانەش
1. نەبوونی پشتیوانی كۆمەڵایەتی و هەست وسۆز.
2. بوونی گرفت و نەخۆشی دەرونی لە پێش سكپری.
3. بوونی فشاری دەرونی و گرفتی خێزانی.
4. سكپرییەكە بەبێ پلان بوبێت و یان ئارەزوی منداڵەكەیان نەكردبێت كە بیانبێت.
5. لە سكەكانی پێشووتر توشی خەمۆكی بوبێت.
6. بوونی نەخۆشی خەمۆكی دوای منداڵبوون لە یەكێك لە خزماندا وەكو دایكی یان خوشكی.
7. منداڵەكە بە نەبەكامی لەدایك ببێت یان كێشەیەكی تەندروستی هەبێت.
8. كێشەی هەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەی.
چارەەسەركان
لەبارەی چارەسەری ئەم نەخۆشیەوە ئەو پزیشكە دەڵێت" پێویستە سەردانی پزیشكی دەرونی بكرێت بە مەبەستی دەستنیشانكردن و دیاریكردنی جۆری چارەسەر، كە بەگوێرەی كەسەكان دەگۆرێت، هەندێكجار تەنها بە رێنمایی چارەسەر دەكرێت یان لەوانەیە پێویست بە دەرمان بكات هەتا چاكدەبێتەوە"
وتیشی، ئەم نەخۆشییە لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆسەر ژیانی منداڵەكە و دایكەكە ئەگەر بە زووی چارەسەر نەكرێت. لەبەرئەوە پێویستە ئەو كەسانە لەژێر چاودێریدا بمێننەوە و پشتیوانی خێزانی و كۆمەڵایەتییان هەبێت.