زیانەكانی خەوتن لەسەر دەم بۆ چاو

تەندروستی 09/02/2020


چاودێر: تابان رەزا
زۆرێك لەخەڵك وەها راهاتون كەزۆربەی جار لەسەر دەم یان سك بخەون، لەم كاتەشدا چاویان بەبەردەوامی بەر سەرینەكە دەكەوێت، ئەمەش  زیان بەتەندروستی چاو دەگەنێت، پزیشكێكی پسپۆڕیش دەڵێت" خەوتن لەسەر دەم  دەبێتە هۆی برینداربوون و ڕوشانی ڕوكاری دەرەوەی گلێنەی چاو بەهۆی لێكخشانی لەگەڵ سەرینەكە و چەند زیانێكی تريش. 
خەوتن لەسەردەم گرفت بۆچاو دروست دەكات
د. ماكۆك محمد،پزیشكی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو،ئاماژەبەوەدەكات، نوستن لەسەر سك یان لەسەر دەم ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی چەندین گرفت بۆ چاو، بەهۆی بەركەوتنی بەردەوامی چاو لەگەڵ سەرین. لەوانە:-
1.ئاوسانی چاو و ناشرین بوونی پێستی دەوروبەری.
2.بەهۆی پەستان كەوتنە سەر چەوریە ڕژێنەكان ئەگەری هەوكردن و دروستبوونی كیسی چەوری هەیە.
3.شۆڕبوونەوە و كۆبونەوەی چەوری لە پێڵووی خوارەوە.
4.چاوفڕین، یەكێك لە هۆكارەكانی فڕینی پێڵوی چاو پەستانی بەردەوامە.
5.ئەگەری هەیە وشكبوونەوەی چاو زیاتر بكات بەهۆی تێكچونی چەورییە ڕژێنەكانەوە.
6.ئەگەری هەیە فشاری ئەو چاوەی بەردەوام بەركەوتنی هەیە لەگەڵ سەرین بەرزتر بێت لە چاوەكەی تر.
7. ئەگەری هەیە بەهۆی پەستانی بەردەوام و گەرمبوونی ئەو لایەی سەر، پاش ماوەیەكی زۆر هاندەر بێت بۆ زیاتربوونی سەرئێشە و شەقیقەی چاو.
8.ئەگەری هەیە نەخۆشی گلێنەی قۆقزی زیاتر بكات، بە تایبەت لەو چاوەی زۆرتر بەركەوتنی هەیە لەگەڵ سەرین زووتر نەخۆشیەكەی تێدا دەردەكەوێت.
9.برینداربوونی و ڕوشانی ڕوكاری دەرەوەی گلێنەی چاو بەهۆی لێكخشانی لەگەڵ سەرین.
10.هەندێك جار، بە تایبەت لە منداڵاندا، تەنی نامۆی سەر سەرین دەچێتە ناو چاوەكە و دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی میكرۆبی.