وتارەكەی ترامپ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەتەكیەتی كۆنگرێس

ڕاپۆرت 05/02/2020

سیستەمی مەزهەبی و تایفەگەری و نەتەوەیی، خۆیان لەبەردەم ئەو گۆڕانكارییە هەمە لایەنەدا ناگرن، لە شەڕدا دەشكێن و لە هەڵبژاردنیشدا دەیدۆڕێنن!!


نوسینی: ئازاد عەلی

سەرۆكی ئەمریكا، كاتژمێر 5ی بەیانی بە تەوقیتی كوردستان، وتاری ساڵانەی فیدراڵی ئەمریكای خوێندەوە. هەقە هەموو سیاسەتمەدارو نوسەرێك گوێی لـێ‌ بێ‌. وتارەكەی سەعات و نیوێكی خایاند. باسی هەموو بابەتێكی كرد. زۆرتریش، باسی دەستكەوتەكانی ئەمریكای لەناو ئەمریكادا، لە رووی ئابوری، خزمەتگوزاری، نەهێشتنی بێكاری و بەرزبوونی گوزەرانی خەڵك. بەپێی گوتارەكە بێ‌:
لە سەدەی رابوردوەوە، هەرگیز ئەمریكاو ئەمریكاییەكان، بوژانەوەی ئابوری واو خۆشگوزەرانی وایان نەدیووە. لە باسی سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمریكای وەكو زلهێزی هەرە بەهێزی جیهان دەرخست و شانازی كرد بە تیرۆركردنی بن لادن و قاسم سلێمانی و تێك شكاندنی داعش.
بەپێی قسەكانی ترامپ، لە بەرامبەر ئێراندا، لەسەر سیاسەتی (ئەوپەڕی فشار) بەردەوام دەبن هاوكات هەوڵیش دەدەن، هێزەكانیان لە شەڕگەكان بكشێننەوە. كشانەوەی هێزەكان، ئەوە دەگەیەنێ‌ ئەمریكا، بڕیاری جەنگی دژی ئێران نییە. هەڵبەتە دەشبێ‌ دڵنیا بوبن، كە ئێرانیش بەرنامەی جەنگی نییە.. بۆیە هێز دەكشێننەوە!
ئەوەی سەیر بوو، دوو ڕووداوی، هەر باس نەكرد.
یەكەمیان: پلانی چارەسەری كێشەی فەلەستینی لەم هەفتەیەدا خستەڕوو. كاردانەوەی نەگەتیڤی فراوانی لێكەوتەوە. جگە لە ئیسرائیل، هیچ وڵاتێك پشتیوانی نەكرد. دوورو نزیك باسی نەكردەوە.
دووەمیان: كێشەی دادگاییكردنەكەی، كە كەیسەكەی لەلایەن دیموكراتەكانەوە، باسدەكرێ‌. هەر بێزی نەهات بەلای ئەم كێشەیەشدا بڕوات. وەكو تر..
كۆنگرێس و تەواوی میوانەكان، سەرەڕای ناكۆكی قوڵی نێوانیان، لەم دۆخەدا كە دیموكراتەكان سەرقاڵی دادگایكردنی سەرۆكەكەیانن، كەچی، هەر هەموویان دەیان جار، بەرزە پێ‌ رادەبون و هۆڵەكەیان دەكردە هاژەی چەپڵە لێدان. ئەم ئەتەكیەتە، لێوان لێوە لە نەریتی مەدەنیەت و كولتوری دیموكراسی. دیموكراسی واتا: تێ‌ گەیشتن لە رێسای مەدەنیەت و دەربەستی یاسا.
ئەوەی وا تێ‌ دەگات، دیموكراسی و ئازادی، بەبێ‌ ئەتەكیەتی مەدەنی و رێساو یاسا، پەیڕەو دەكرێ‌، نە لە دیموكراسی و نە لە مەدەنیەت تێ‌ نەگەیشتووە.
لەم وتارەی ساڵانەیەدا، خوێندنەوەم وایە، كە كۆمارییەكان و سەرۆكی ئەمەریكا، باڵادەستن. خۆشیان بۆ هەڵبژاردن باش ئامادە كردووە. بە دوریشی نازانم سەركەوتووش بن.
واشی دەبینم، ئاكامی گەمارۆكانی سەر ئێران، دوای سەركەوتنی كۆمارییەكان، ئێران زیاتر دەخاتە بنبەستی (سیاسی – ئابووری- كۆمەڵایەتی)ەوە. لەدوا ئەنجامیشدا، یان ئێران لە رێی یەكێتی ئۆروپاوە چارەسەری ئاشتی بە چەندین مەرجی ئەمریكا قبوڵ دەكات.. یاخود گەمارۆكە، تەنگی راپەڕین بە گەلانی ئێران هەڵدەچنێ‌، راپەڕینی سەرانسەری بەرپا دەبێ‌.
ئەمەریكا هەرگیز دەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵناگرێ‌. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، سعودیەی لە كەنداوداو عیراقی لە رۆژهەڵاتی نزیكدا، زۆر زۆر پێ‌ گرنگە، بۆیە، ئەم دوو پێگەیە، سەبارەت بە ستراتیژی ئابوری و سیاسی ئەمریكا، چارەنووسسازن، بەتایبەتی چین و روسیا، بەفراوانی كەوتونەتە بەربەرەكانی ئەمریكا. روسیا سوریای كۆنترۆڵكردووەو چین-یش بەهێزی نەرم، بازاڕی ناوچەكەی داگیركردووە. بەڵكو جیهانیش!!
لەبەرامبەر ئەو نەخشە جوگرافی–سیاسیەدا، كوردستان لە عیراقدا، پێویستە خوێندنەوەی بۆ دوارۆژی روداوەكان هەبێ‌. بە دڵنیاییەوە، گۆڕانكاری هەمە لایەنە بەرێوەیە! هەموو گۆڕانكاریەكیش، بازاڕی ئازادو رۆژئاوا بیهێننە دی، بێگومان لە قازانجی گەلانی بێبەش كراوە لە دیموكراسی.
 رۆژئاوا لە ئایندەدا، لە پێشەوە ئەمریكا، هەژموونیان بەسەر ناوچەكەدا دەسەپێنن. بەتایبەتی ئابوری ناوچەكە كۆنترۆڵدەكەن. كە ئابوری كۆنترۆڵكرا، سۆسیال- میدیاش لە ئارادایە، دیارە رای گشتی دیموكراسی و مەدەنیش دەخولقـێ‌.. هەرگیز سیستەمی مەزهەبی و تایفەگەری و نەتەوەیی، خۆیان لەبەردەم ئەو گۆڕانكارییە هەمە لایەنەدا ناگرن، لە شەڕدا دەشكێن و لە هەڵبژاردنیشدا دەیدۆڕێنن!! سیستەمەكانی ئێستا، یان دەبێ‌ لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و هەژموونی جیهانگیریدا خۆیان بسازێنن، یان ئەمانیش دەخرێنە مۆزەخانەی رژێمی شكستخواردوەكان.