هۆشداری دەدرێت: بەربومە تورکیەکان هۆکارن بۆ شێرپەنجە

ڕاپۆرت 01/02/2020

بەهۆی بەكارهێنانی مادەی كیمیاوی لەبەروبومی كشتوكاڵی توركیادا، رووسیا سەدان تۆن بەربوومی كشتوكاڵی توركی گەڕاندەوە بۆ توركیا كە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی لێدەكرێت.
 لەو بارەیەوە ردڤان توران پەرلەمانتاری هەدەپەی مێرسین لەبارەی بەكارهێنانی دەرمان لە كشتوكاڵدا وتی "ئەوە دەرمان نییە، بەڵكو ژەهرە. ئێمە لە دژی بەكارهێنانی ژەهرین".
رێكخراوی گرین پیس (ئاشتیی سەوز) لە ٥ ماركێتی گەورە و بازاڕێكدا تەماتە، بیبەر و خەیاری خستبووەڕوو. لە ناو ئەو بەروبومانەدا دەرمانی لەناوبردنی حەشرات دۆزرابویەوە. ئەوە لە كاتێكدایە ١٥.٦ نمونەی ئەو دەرمانانە بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییەكان بەكارهێنراوە.
دوای ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەوەش ئاشكرا بوو، رووسیا سەدان تۆن مریشك و ماندالینی گەڕاندووەتەوە بۆ توركیا. رووسیا پێشتریش چەند وەجبە خۆراكی بەرهەمهاتووی توركیای گەڕاندبووە بۆ توركیا.
بەپێی ئاژانسی كۆنترۆڵی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی رووسیا (Rosselhoznadzor) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ دا رێگایان نەداوە ٥٠.٩٠٦ تۆن تەماتە لە توركیاوە بچێتە رووسیا. هەر لەو كاتەدا ٣٧٠ تۆن ماندالینی توركی لە روسیاوە گەڕێنرابووە بۆ توركیا.
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ئەو دەرمانە (دەرمانی لەناوبردنی حەشەرات) بۆ تەندروستیی مرۆڤ زیانبەخشە. لە ١٠٠ نمونەی ئەو دەرمانەدا دەركەوتووە، كە رێژەیەكی زۆر ژەهریان تیایدایە.

ردڤان توران پەرلەمانتاری هەدەپەی مێرسین رایگەیاند، لە توركیا بەكارهێنانی دەرمان لە كشتوكاڵدا كۆنترۆڵ و چاودێری ناكرێت. راشیگەیاند "ئەوانە دەرمان نین، بەڵكو ژەهرن. دەبێت بەكارهێنانی ئەوانە بخرێنە ژێر كۆنترۆڵەوە. ئێمە وەك هەدەپە لە دژی بەكارهێنانی ژەهرین لە كاری كشتوكاڵدا. ئێمە داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە هوشیاربن و هیچ بەروبومێكی كشتوكاڵی توركی هاوردەنەكەن، پێشتریش ئەو بابەتەمان بردبووە پەرلەمان و قسەمان لەسەر كردبوو، بەڵام ئەوە بۆ دەسەڵات گرنگ نەبوو. پشتیوانی لە جوتیارەكان ناكرێت و جوتیارەكانیش دەڵێن، چەند دەرمان بەكاربهێنن ئەوەندە باشە بۆیان، بەڵام ئەوە بە پێچەوانەوەیە. ساڵ لە دوای ساڵ بەكارهێنانی دەرمانە كیمیاوییەكان لە كشتوكاڵدا زیاتر دەبن. چونكە ساڵ لە دوای ساڵ خاك رێژەیەكی زیاتر لەو دەرمانەی پێویست دەبێت. بە پلەی یەكەم نەخۆشی شێرپەنجە لەو دەرمانەوە دروست دەبێت لەگەڵ چەندین نەخۆشی تردا".