کۆ شیعر
کۆ شیعر
ئەحمەد حاجى سامى
ئەو تێکستانەى خوارەوە، کۆکراوەى پێنج دەقە شیعرى، هاوڕێ، ئەحمەد حاجى سامییە. ئەحمەد، لە دایکبووى ساڵى 1999ـە. خوێندکارى زانکۆیە، لە بەشى ڕاگەیاندنى کۆلێژى ئەدەبیات – هەولێر. ماوەى 4 ساڵە دەنووسێت و خاوەن کتێبێکى شیعریشە، بە ناوى "فریشتەى خەونەکانم". کە کۆکراوەى دەقە شیعریەکانى نێوان ساڵانى 2016 تا 2018ـە. بەودواییانە شیعرەکانى لە سایتەکانەوە بڵاودەکاتەوە. هاوکات، کورتە چیڕۆکیش دەنووسێت. لە (خەڵاتەکانى ڕوانگە) بۆ ساڵى 2019، پلەى سێهەمى کورتە چیڕۆکى بەدەستهێناوە. رەخنەى چاودێر بە خۆشحالییەوە ئەم چەند شیعرەى ئەحمەد بڵاودەکاتەوە..
پیرەکانى دۆزەخ
دۆزەخ ..
جوانترین مەملەکەت.
لە دەقەکاندا،
بۆنى خوێنى شەیتانەکانت دەکەم.
شەڕابى پاسەوانە خەواڵوەکانت دەخۆمەوە.
چاوشارکێ لەگەڵ جنۆکەکانت دەکەم.
عاشقى بلێسەى ئەو ئاگرەم،
کە بەدواى مووسا ڕیش درێژەکانى فیردەوس و
عەباسە چڵکنەکانى زەوییە.
بۆ ئەو فریشتانە خەمبارم،
هیوایان گەیشتنە بە ئازادى و
پێی ناگەن.
من کە کوڕى پیرترین قەسابى ئەو جەنگەڵە خۆڵاوییەم،
هەرگیز گومڕابوونى خۆم بە بتە شکاوەکان نەفرۆشتەوە،
تاڵیەکانى ئێوارەم بۆ عیسا کوژراوەکان نەگێراوە.
بەڵام،
دەستم بۆ زێڕەکانى ئەو زەمەنە سەرمایەدارییە برد و
گۆڕم بۆ ژنە مەمکبڕاوەکان هەڵکەند.
تاجە گوڵینەم خستە سەر مەزارى شێخە دەستبازەکان و
فووم لە خۆڵەمێشى گوناهەکانم کرد.
لە خودا پاڕامەوە:
لەگەڵ ئەهریمەنەکاندا بمسووتێنە،
دەستنووسەکەی خۆتم لێ بستێنە و
بە خاچ و ئاگر و تاریکم بسپێرە.
پیرەکانى دۆزەخ،
لە بارەگەی ئاسمان دابەزین و
بە گوێى جەنگاوەرانیان چرپاند:
شەهیدیش بن،
ناچنە ئەو عەدەمەى خەونى پەمەیتان پێوە دەبینى.
چێژ لە باوەشى ئەو حۆریانە ناکەن،
بێئەدەبانە لە قووڵایی زوڵمەتدا نامەتان بۆیان دەنارد.
ئەو جیهانە چەندە غەریبە بە شیعرەکانى من!
کە هاوارم دەکرد:
تکایە،
با نەبینە ڕووبارێکى ئەتککراو،
کە بە هەناسەى خۆمانەوە بێگانەین.
با نەبینە شەوێکى فەرامۆشکراو،
کە وڕێنە بۆ پاسارییە خەمگینەکانى خۆی دەکات،
بەڵام،
نەیاندەزانىئەو ئاوازەى سینەم،
خوڕەى دەریایەکى ساردە بە ناو تاریکییدا.
ئەو هەورە چڕە خاڵیبووانەى ئاسمانم،
پەیامى شانازیکردنى منى نەخۆشە بەو حەرفانەى برینداریان کردم.
پیرەکان هاتنەوە ..
لە دیوەخانى ئاغا دزە قەڵەوەکانەوە،
نووزانەوە ..
ئاگر لە جەستەیان وەک نوێژە بەپەلەکانى من هەڵدەوەرى،
کە بەرانبەر خودا دەوەستام و
بیرم لە خامۆشى ڕۆژەکانم دەکردەوە.
مینبەر ئاسا:
مۆسیقا وشیعریان حەرام دەکرد.
سەما و پیاسەیان قەدەغە دەکرد.
دەیانگوت:
پەرتوکە ئاسمانییەکان بپارێزن،
پەیامبەرەکانتان خۆشبوێت،
خودا هەموو کات مێهرەبان نییە!
دۆزەخ ..
ئەى دوا نیشتیمانم،
ئەى دوا وڵاتى دێرینم.
خەون و قوفڵ و برینەکانى منت پیرۆز.
چونکە،
من تاکە ڕێبوارى شەکەتى نێو تۆفانەکەتم،
دێمەوە و
لە دیوارەکانتەوە پەشیمانیم ڕەنگ دەکەم.
من تاکە منداڵى دەربازبووی نێو ئاگرەکەتم،
دێمەوە و
بە پەڕى کتێبەکانتەوە خۆم هەڵدەواسم.
ئەى دۆزەخ،
بۆ ئەبەد بمگرە خۆت؛
کە لە بەهەشتێکى خەیاڵاویدام.
ئاخر ئەو زەمینە دۆزەخى شاعیرانە،
نەفرەت لەوپەنجە قەیرە جوانەمەرگانەى خۆیان بە مۆسیقا سپارد،
نەفرەت لەوانەى خەون بە شاعیربوونەوە دەبینن.
بێپسانەوە دەنووسم و
هەمیشە برسیم ..
هیچ قەسپێکى چنراوە سکم تێر ناکات،
کە بەدرێژایی ڕێگەکەکان خەندەقى بەرگرى لە کافرەکان هەڵدەکۆڵم.
ئاوى هیچ گۆمێک تینوێتیم ناشکێنێت،
کە خۆم بە وەهمى دارستانە تووڕەکان ناساند و
ئایندەم ونکرد.
ئەى پیرەکانى دۆزەخ،
بڕۆنەوە ماڵە گەرمەکەى خۆتان و
بۆشاییەک بۆ ئەو تەنهاییەی من بدۆزنەوە،
کە من لە دواى ئێوە،
ناوى خۆم لە دەفتەرەکانى مردن دەنووسمەوە.
کە من دواهەمین جێنشینى بام و
لە دۆزەخ تووڕەییەکانم بە ئاگر دادەمرکێنمەوە.
تەنهایی و برینێکى تر
ترسنۆکانە،
لەسەر شۆستەى ئەو شەقامە تاریکە،
خۆم گرمۆلە دەکەم و
بیر لە تاریکییەکانى داهاتووم دەکەمەوە.
لە ڕەحمى ژنێکى جوامێردا،
شیعرێک دەکوژم.
چونکە ئەو شەوانەى تەنهاییم تەجوید دەکرد،
تۆ لە مەعبەدەکێکى ڕووپۆشکراو بە شووشە؛
مەمکەکانت پیشانى دەرگاوانەکاندا و
بە لیباسێکى سپییەوە،
سەمات بۆ موبەلێغە خەسێندراوەکان کرد.
ئێرە چییە؟
جگە لە نیشتیمانى دەڵاڵە چلێسەکان،
کە لە دەخیلەیەکى گەورەدا،
فرمێسکیان بۆ هەڵدەگرتین.
کە لە زیندانێکى ئاسنیندا،
ئازاریان بۆ عەمبار دەکردین.
تاکە تاوانى ئێمە گەڕانەوە بوو بۆ ژیان،
لەو عەدەمەى بە خەونەکانمان قۆڵبەستکرابووین.
ئیدى کاتیەتى لە حەرەمى دیوارە ڕووخاوە پیرۆزەکان بێینە دەرەوە و
حاشا لەو دەقیقانە بکەین؛
کە بە هاتنى قیامەت تاقیماندەکەنەوە.
ژەهر بە خۆشی ئەو فریشتانەى جلەکانیان دڕاوە و
ڕۆژانێک پەیامبەرەکەى سینەیان مەستکردوە،
بخۆینەوە.
لە کازیوەیەکى زوودا،
ئاگرم لە دارستانەکانى سەر شانم بەردا و
لەناو زامدا وێنەى ئێسکە بەجێماوەکانى خۆمم کێشا.
چونکە زووخاوى ئەو دنیا پووچە بە منى ئالوودە هەرسنەکرا.
کە من تا دوا وێستگەى نائومێدى،
نائومێدبووم ..
بێ ئەوەى پیتێک گۆ بکەین،
کەوتینە ناو ئەو ئۆقیانووسە جوانەمەرگانەى شیعریان دەژنەوت.
یاخیبووین و
تۆڵەى فەنابوونى خۆمان لە با کردەوە.
بووینە هەڵۆیەکى گومڕا و
بەسەر عەڕشى تاریکی زەمەندا نۆڕین.
چونکە لە گزەنگدا،
کە خۆر نیگا خەواڵووەکانى خۆى بە شەرمنى هەڵدەهێنا،
لە بەرینترن ئاسۆى نێوان هەورە قەیرەکان و
ئاسمانى تاقانەمان دەنواڕى؛
کە باران وەک شەستەیەکى بەدمەست،
دەپڕژا سەر جەستەم و
هێلانەى بۆ ئرمسەکانم چێدەکرد.
ئێمە بۆ زادگەى ساردوسڕى پەڕەسێلکەکان کۆچمانکرد و
پەڕوباڵى خۆمان قرتاند.
کەچى سێبەرى ناوادەى هوما نەگەیشتە ئەو کاروانچییانەى؛
بە مقەست ئەستێرەیان بۆ لەتدەکردین.
کە هیچ وەهمێکى نەزۆک بە هەقیقەت،
لەو سەفەرى گومانەدا بوونى نەبوو.
کە ئێمەى یاوەرى تارماییەکان،
پلانگێرى دەستگیراندارەکانى خۆرمان بۆ خودا باسکرد،
زەوى بەرگى خۆى گۆڕى و
ئاسمان تاریکى داگیرساند.
دەمێک کە هەستدەکەم گوێگرێک هەیە،
هەناسە پەنگخواردوەکانى شیعرم هەڵدەمژم و
یەقین بە وشە کوژراوەکانى نێوان پەنجەکانم دەدەم.
یادەوەریم وەک ئاونگى سەر پەلکى گەڵایەکى وشک؛
بەسەر وەهمەکانم دەڕژێنم.
دەگەڕێمەوە کەلاوە کۆنەکانى تەنهاییم،
برینێکى تر لە دەفتەرى یادەوەرییەکانم دەکێشم و
زەمەن بە هەموو گوناهە ڕەش و سپییەکانیەوە دەنووسمەوە.
تۆ بچوکتر لە شمشێرى واعیزێکى گومڕا،
ناشیرینتر لە ڕووخسارى ڕاهیبێکى قەموور،
پیرتر لە سەوڵى بەلەمەوانێکى تووڕە،
ئەو بتە خواروخێچانەى دواهەمین چەکوشیان لە ڕۆژگارى پڕ خوێنینى مندا،
بۆ تۆ ..
ئەو خودایەی کە شەوێک چەقۆکەى دەستى لی َسەندم و
بە حەرف و پیرۆزییەکانى خۆى ئاشناکردم،
بۆ من ..
منیش لە ئەشکەوتى تاریکى تەنهاییمدا،
ئەو ئاوێنە خوێناوییەیی منداڵى هێناوە یادم،
دەشکێنم.
تۆیش منت بێتەوە بیر یانژى نەیەتەوە بیر،
دێمەدەرێ:
گەوەترین هیواى بەشەر ..
کە من لە نێوان ئەو هەموو بتەبەردین و
ئەو هەموو نەفەسە چکۆلەیەدا؛
تۆم هەڵبژارد.
بە ئەفسانە بێ دەنگەکانى ناو کتێبەکانتم مەسپێرە.
مێهر بە ئازارەکانم ببەخشە و
برینەکانم ماکیاژ بکە.
تۆ کە هەرگیز لە ئایندەمت نەڕوانى،
کە نەتدەزانى تەنهاییم شیوەنى قەرنێکى پڕ لە مەراقە و
برینەکانم شاهێدى پاڵەوانبوونى منن؛
لەو جەنگەڵە فێڵبازەى وەک دۆڕاوێک،
گۆرانى بۆ فاحیشە زوویرەکانى خۆى دەچڕى.
نەکەى لە باوەشى تەمومژى دواى تەمێکى کوێر بتوێیتەوە،
بگەڕێوە و
لە سێبەرى تەنهایی مندا پشوو بدە.
منیش وەک تاقەنەترین بەشەرى ئەو مەحشەرە ئەبەدیییە،
چاوەنواڕى وەرزى چرۆکردنى هەنارەکان دەکەم،
کە من لە قووڵایی دەریاکانەوە؛
ئاواز بۆ تەنهاییم دەژەنم و
هیچ شاعیرێک بوێرى ئەوەى نییە،
برینەکانم تێلاوەت بکات.
کە ئێرە پڕیەتى لە شەیتان،
لە گێڵاسى بۆگەن،
لە درۆزنى قاتلەبەر،
با ئێمە نەفرەت لە گۆانیبێژە زۆڕەوەکان،
لە قاچاغچییە سەوداکەرەکان،
لە مەیتەرەوانە گرینۆکەکان بکەین و
هەرگیز ڕاستى نەڵێین.
با بگەڕێینەوە ناو تەنهاییەکەى خۆمان و
بۆ جارێکى تر،
برینێکى تر سەفتە بکەین.
دەرگەکە بکەنەوە من لێرەم
ڕژان،
ئەو جامانەیی لەسەر مێزى سێهەم سەمایان دەکرد.
ڕۆشنایی خۆرى تازە هەڵاتووى دەریاوانەکان نەما و
خەم کەوتە نێوان دوو ئەگەرەوە.
تاڵەکانى قژم،
بوونە هەوێنى ئازادییەکى بێمانا.
خزمەتکارەکان،
لە دەقەی یەکەمى ئەو شەڕە ئاسنینە ئاوارەبوون.
کەوتنە دوایی عەزازیلێک و
نەگەڕانەوە.
کیژۆڵەکانیش عەباکەیان داکەند و
سووڕەتەکانى مردنیان خوێندەوە.
بۆچى هاتووم؟
کە دەرگەکان کڵۆم دراون و
پەنجەرەکانیش بە حەرفەکان داپۆشراون.
بیکەنەوە ..
پەیامبەرێک لە نەوەکانى خودا میوانە!
بۆ بڵێسە بەتینەکان و
ئاگرە خامۆشەکان پەیڤاوە.
دە ئێوەش بە حورمەتەوە وەرن و
لە تووڕەییەکەم بڕوانن،
چونکە هاتووم:
دەنگى کەنیزەکە فرۆشراوەکان و
پاسەوانە خەسێندراوەکان،
بکەمە زەنگى ئەو پەرستگەیانەی؛
لە نێوان تەفسیرى ئایەتەکان جێیانهێشتین.
وەرن لە غرووریەکانم بڕوانن،
چونکە هاتووم:
دەستبەندى ئەو گومڕایانە وەربگرمەوە،
کە فریشتە مەستەکانى مەرگ،
کردییانە پەردەى ژوورێکى پڕ لە گوناه و
کتێبەکانیان لە عارەقى من و تۆدا خووساند.
بێئەوەى بمهەوێت،
بوومە پەیامبەرى ئەو سەردەمە خوێناویییە.
تا دوا دڵۆپى ئەو شەڕابە مەییوەی کە بە گەردەنمەوە خزا ناو کۆشم؛
دەجەنگم.
لە پێناو ئەو ڕۆژانەیی،
عەشق تاکە ئومێد و
ئاین ئامڕازێکى ڕۆحى بوو.
فۆڕم پێویستى و
ماددیەت ستەمکارى بوو.
شەڕ لەگەڵ ئەو بێباوەڕانە دەکەم،
خوێنى ئێمەیان کردە دیارى پاڵەوانەکان و
غەنیمەکانیان بردەوە ئاسمان.
من کە هاتووم،
پەیامبەرى جەنگێکم،
لە عەدەمەوە تا باغە تۆزاوییەکانى جەننەت،
تەنها تاریکییە ..
لە بەندەرە بەردینەکانەوە تا سنوورە فرۆشراوەکانى وڵاتم،
تەنها خوێنە ..
دەجەنگم،
بۆ تۆڵەکردنەوەى ئەو شەوانەى ئەستێرەکانى لەسەر لاشەی هەلاهەلابووى منەوە؛
گۆڕى خۆیان هەڵدەکەند.
بۆ هێنانەوەى ئەو کەشتییانەی سەرنشینەکانى خۆیان فریودا و
بە ژیانێکى دیکەیان هەڵیخەڵەتاندن.
کە هیچ ژیانێک جگە لەو ژیانە بوونى نەبوو!
دەجەنگم،
بۆ گەڕانەوەى شکۆیی ژنێکى هەڕاجکراو و
قەمبوورێکى خەمگین؛
کە ڕێگەکەى خۆی لێ ونبووە و
هانای بۆ فاڵچییەکان دەبا.
بە خاترى گێڕانەوەى ئەفسانەیەک دێمە سەر زەوى.
تابلۆکانى (فەرهاد) دەکەمە ئاوێنە،
با عاشقان لە پێشبینییەکان تێبگەن و
چیدى ئازاریی دابڕان لە غوربەت نەچێژن.
چیڕۆکەکانى (چیخۆف) دەکەمە دەستنووس،
لە ملى ئەو جەنگاوەرانەی دەکەم،
کە شەوەکانیان لە باوەشى سۆزانییەکانى دوژمن ئۆغر دەکردەوە.
هەڵبەستەکانى (شێرکۆ) دەکەمە مشتێ گوڵى ڕەش،
لە گۆڕستانى ژنە بە ویقارە کوژراوەکانى دەستى نامووس دەنێژم.
منداڵەکان بەوە پەروەردە دەکەم:
نیشتیمان کتێبێکە تەنها ئەوانە دەیخوێننەوە،
کە بە ناوى سەربەستییەوە دەنگییان بڕین و
پاکێتى و پەنجەکانیان لێ سەندین.
خاک هیچ نییە جگە لە لیتاوێکى لێڵ و بۆگەن،
ئەگەر جیاوازى لە نێوان تۆ و بەچکەبەرپرسێک کرا.
وڵات بێدادپەروەری لەشفرۆشێکى درۆزنە،
کە لە باوەشى جەللادەکان قیژەقیژدەکات،
دواتریش بە وانەى وەفا و
پیرۆزیی سەرکردەکان کاسمان دەکات.
من پەیامبەرى جیهانێکى شێواوم ..
نەهاتووم زەوى وێران بکەم،
زەهر بە مەستەکانى ئێوارە بنۆشم و
تاعون لە کۆڵانەکانى منداڵیم بڵاوبکەمەوە.
هاتووم،
لە کتێبى تەلموودەوە گوناهەکانتان هەڵوەرێنم.
بەرسڤى ئەو ژنانە بدەمەوە،
کە هێشتا نەزۆکن.
رەهبەت لە ناختاندا بهێڵم.
دەست بەسەر دڵتاندا بهێنم و
هیوایەک لەو تاریکییە ئەبەدییەدا جێبهێڵم.
کە من لە جنسى تاریکییە فەنابووەکانم.
کە من لە نەوە دڵتەنگەکانى ئەو تەمبوورژەنانەم؛
کە ەبەسەر کڵپەکانى ئاگرەوە منداڵیان دەخستەوە.
من کوڕى ئاسمانێکى ترم،
کە برینەکانى ئێمەی ماکیاژ دەکرد و
بە پاکییەکانى بارانى دەسپاردین.
من کوڕى دڕندەترین و تاقانترین فریشتەم،
کە بۆ ئەو سوارچاکانە دەگریا،
پێش ئەوەى خۆیان بکوژن نامەکانیان دەخستە دەریاوە،
کە سەوڵەکانیش تەنهایی خۆیان بۆ دەریا دەهۆنییەوە.
بۆ ئەو باوکانە غەمباربوو،
لە چاوەنواڕى هاتنەوەى وەرزى دوورینەوە ئازارەکاندان،
کە کێڵگەکانیش خیانەتیان لە خاک کرد و
تەرمى جادووگەرەکانیان لە ئامێزى خۆیاندا شاردەوە.
من دێم،
بەڵام شەوێکى تاریکە،
چونکە لاولاوەکان بۆ شەوێکى پێش خۆیان دەگرین،
کە حەز بە گەورەبوون ناکەن.
کە چیدى بۆنیان ناکەم.
کە من دێم،
خەونێک بە پەژموودەیی لەدایک دەبێت،
بەڵام،
مراوییە فیداییەکان لە پیاسەکانى خۆیان ناوەستن و
لەو ڕووبارە دەپەڕنەوە،
کە من کەلەپچەکراوى ناو ئەو بازنە خڕەیە – کە ژیانە،
لێى پەڕیمەوە و
چیدى نەگەڕامەوە ئەو دۆزەخەی؛
بە ئەهریمەنە سپییەکانى ناو دەستەکانى خۆى ناساندم.
کە خودام لە بیر کرد و
دووبارە گەڕامەوە زەوى.
دە ئەو تفەنگەى شانتان و
خەنجەرە چکرلەى کەمەرتان فۆِێدەن.
وەرن و
دەرگەکە بکەنەوە.
من لێرەم.
هاتووم نزاتان بۆ بکەم،
ئێًوە دەمێکە پیسبوونە.
پاک نیم ..
دەرگەکە بکەنەوە.
یادداشتى نێوان پەنجەکانم کە هەمیشە غلۆر دەبنەوە
(مرۆڤ دەیهەوێ لە ناخۆشییەکاندا تەنها نەبێت. هەمیشە حەز بەوەدەکات، کەسێکى دیکەى لەتەک بێت. چونکە هەموو ئازارێک پێویستى بە دووبارە گەڕانەوەیە بۆ خوود، ئەو ئازارەى هەمیشە ویستووتە کەسێکى تریش پێی بزانێت).
بیرکردنەوە لە ژیان، بوێرى دەوێت. لەناو ئەو هەموو باڵەخانە شوومەدا، ترسم لە ونبوونى خۆم هەبوو. بەڵام، لە ژێر سێبەرى باڵەخانەکان ونبووم. سەیرى ئەو ژوورانەمان دەکرد، کە پەنجەرەیەکیان نەبوو با بیگاتێ. دەلاقەیەکیان نەبوو تەنهاییم هەڵبواسێت. کەچى من بە زەڕینى ئەو گوێدرێژانەى پیرتربوون لە با، دڕندەتربوون لە بومەلەرزەکان و تۆفانەکان و ڕەشەباکان، بانگى مەرگم کرد. لە لێوارە خامۆشەکانى قەراغ دەریا، چاوەکانى خۆم نوقاند و پەنجەکانم ناشت. کە تۆ یادداشتێکى و لە نێوان پەنجەکانم جێگەت نابێتەوە.
کە گەڕامەوە، لە هەوەڵین لاپەڕەى لەدایکبوونەوەمدا، دۆڕانى خۆم بەو ئەستێرانە نووسییەوە، کە شەوێک بە ڕووناکییە درۆینەکانى گومڕاى کردم و چاوەکانى لێ سەندم. بەڵام، من گوێم بەو دەنگانە نەدا، کە لە ئاسمانەوە دەهاتن و وڕێنەیان بۆ دەکردم. گوێم بەو فریشتانە نەدا، کە دەیانگوت: "مرۆڤ بۆ شکست بەدینەهێندراوە". نا .. من گوێم بە نووزەنووزى کابووسەکان نەدا، کە بەسەر کڵپەى ئاگرى سینەمەوە، بتەکانیان سەرخۆش دەکرد. چونکە تۆ لە ڕەچەڵەکى ئەو فریشتەیەیی، تاریکترە لە من. پیرترە لە من. خەمگینترە لە من.
وا بیر مەکەوە ئومێدێک نەماوە بۆى بژین! با وەک تارژەنێکى خەمگین و سۆزانییەکى پیر، سەرینەکانمان بگۆڕینەوە. جێگەکەمان بۆ ئاگر و کڵپە پاکەکانی دۆزەخ جێبێلین. با ئەمڕۆ لە بیر بکەین و بیر لە داهاتوو بکەینەوە. ڕەنگە ئیدى بەیانییەک نەبێت، کەلەپچەکەى دەستمان داکەنین و کڕنووش بۆ ژیان بەرین. وا بیرمەکەوە لە کۆتا ساتەکانى ژیانمانداین. کە من نە عەشقم ماوە پێتى بفرۆشم، نە وەسیەتێک لە دواى خۆم جێدەهێڵم. ئەگەر لە دواى ئەو ژیانە، ژیانێکى تر نەبێت، ئەو ژیانە نادادپەروەرانەیە. کە ئێرە، شوێنى پەزمەندەکردنى فرمێسکە وەریوەکانى خاک و هەناسە شەهیدبووەکانى ناو بایە.
لەو کەرنەڤاڵى مردنەدا، بەدگومانم لە هەموو حەرفەکانت. شکستەکانى خۆم دەگێڕمەوە و خەونەکانم کۆدەکەمەوە. ئەو خەونانەى مزگێنى گەیشتنى من بوون؛ بەو دەریایانەى بەڕۆژوون لە خنکاندنى پەپولە ئالوودەبووەکانى نێو ئەو نەسیمانەى بەسەر ئۆقیانووسە دوورەکاندا، مۆسیقا کۆدەکەنەوە. من بەسەر ئەو شەوانەتدا هاتمەوە، کە پەنجەکانى خۆت دەناشت. کە گۆڕت بۆ شەوەکانت هەڵدەکەند. کە مەقامت بۆ ئایندەمان دەژنەوت. بەڵام، من گەڕامەوە دۆزەخ و جێ پەنجەکانى تۆم نەدۆزییەوە. چونکە ئەوەى شەو لێماندەبات، ئایندەمانە. ئەوەى دۆزەخ لێماندەستێنێت، ئازادییمانە. کە تۆ لە جنسى برووسکەکان و دیرۆکى هەقیقەتێکى ڕەهاى، من شەڕ لەگەڵ ئەو تارمایییە بچووکانە دەکەم، کە ڕووناکییان لێ دزین. کە تۆ شیرەخۆرى مانگ بوویو منى کوێر لە ئاسمانەوە؛ میراتە بەجێماوەکانى هەور و بارانم کۆدەکردەوە. کە هەموو شتێک وەهمبوو. کە کۆتاییەکان تەنها جیابوونەوە بوو.
ئێمە، کە لە خۆڵەمێشییەکەى خۆمان دروستبووینەوە، بە عەرعەر ئەو شەوانەمان شاردەوە، کە گوناهەکانمان تێلاوەت دەکرد و دەپاڕاینەوە .. بەڵام، منى شەکەت و ماندووى ناو ئەو جەنگە - کە ژیانە - ویستم تەنهایی خۆم بسووتێنم. ویستم سەوداى برینەکانم بکەم و بە مردنێکى تر، ئەو یادداشتانەت بۆ بنووسمەوە: کە بەهەشت دەرگەکانى خۆى لەسەر من دادەخات و دۆزەخ نامگۆرێتەوە بە لاشەیەکى زیندوو. کە من سزاى ئەو ڕۆژانەم وەک ملوانکەیەکى زێڕین، لە مل دەکەم و فرێ دەدرێمە بەردەم پاشماوەکانى بەهەشت. بەڵام، بیرت بێت، ئەوەى لە نێوان پەنجە جوانەمەرگەکانى مندا غلۆربۆوە، تۆ بوویت .. کە لە یادداشتێکى ڕەش و برینێکى ئەبەدى و فانۆسێکى کوژاوە، زێتر نیت. تۆ کە بایەکى تووڕە و پەتێکى پساوی؛ لەو مەیدانانەى کە عاشقان فەنا دەبن و چیدى هۆگرى مۆم و دەفتەر و شیعر نابنەوە.
من وەک کاغەزێک بۆ تەنهایی ئەو ڕۆژانەت سووتام، کە لەناو بەلەمێکى کوندا، قەوزەکانى دەریات بەسەرکردەوە. دەستى خوێناوییت بە بەردە نوێژەکان پاقژ دەکردەوە. بەغیلیت بەو شەپۆلانە دەبرد، کە بەرەوو ڕابردوو کێشیان دەکردى. بەڵام، من بێزاری خۆمم؛ بە خۆر و پڕشنگێک لە زووڵمەتدا ئاواکرد. کە من عەوداڵى سفرەى سیحربازەکان و کابووسى سەرۆکەکان و جانتاى پەیکەرەکان و مەرەکەبى لافیتەنووسەکان بووم. تۆیش کە لەو سەددەى ڕۆبۆتەدا، چیدى مرۆڤ نیت، بڕوا بە پێشبینییەکانى ڕاهیبێکى دڕندە مەکە، کە سوێندى بە ڕابردوو خواردوە و باوەڕى بە داهاتوو نییە. ئێمە، هەرچەندە گومڕا بین، ڕۆژێک بەو مێهرەبانییە ڕەهایە دەگەین، ئەوکات دەستەکانمان پڕ دەکەین لە نوێژى بەجێماوى منداڵیماندا. لە دووعاى دووبارە و کوشندەى تەنهاییماندا. چونکە دەنگێک لە یادەوەرییمان دەلەرێتەوە و ئەو خۆرە ئەسیرکراوەى سینەت هەڵدەمژێت، کە قەڕنێکە لەنێوان پەنجەکانى مندا دەسووتێت. کە تۆیش هەمیشە لە نێوان پەنجەکانم غلۆردەبوویەوە. کە هەمیشە لە نێوان پەنجەکانم دەکەوتى. کە هەمیشە لە نێوان پەنجەکانى مندا، نامەکانى خۆت بە شەمەندەفەرێکى هەتاهەتایی دەسپارد.کە بەسەر فەرشى سوور و قەترانى ڕەشى وندا، دەڕۆیشتى و دووکەڵت ماچ دەکرد. کەوایە ئێمە لە فیتنەگێڕەکانى ئاگرین. ئێمە لە سەرخۆشەکانى جەهەنەمین.
ئەى پەڕجوو .. بە یادى تۆ، دڵەکان ئۆغژەن دەگرن. ئەو فیڕاقە، ئەو دنیایە، سەبەتەیەک شەهوەتە، لە خەنەى دەستى ژنێک؛ ژیان ڕەنگ دەکات. مارەییت، جیابوونەوەى دوو دڵبوو، لە دڵڕەقییەکانى ئێرە. کە بەیەکگەیشتنى من و تۆیان، کردە هیوایەکى چنراو، لە تەونێکى مێژووییدا. ئەو دەمەى پەیامبەرەکان لەسەر پشتى فریشتەکانەوە، گرەویان لەسەر پاکێتى تۆ دەکرد، من وەک پیاوێکى دڕندە، بە گاڤى ڕاڕاوە ڕێم دەکرد. بەڵێ، ئیدى کاتیەتى شیعر و پەنجەکانم، لەو ئاسمانەدا بنێژم، کە تاعونى بەسەر دەباراندین. بەسەر ئەو خاکانەدا بفڕم، کە تیرى لە حیکایەتە سپییەکانى مندا و چیدى نەبوومەوە مرۆڤ. چیدى پەنجەکانم بە شیعرم پیس نەکردەوە.
ئەو کارخانە گەورەیەیی کە مرۆڤى گەمژە بەرهەمدەهێنێت، لە سووچێکى ئەو دۆزەخەدا بە عەشق بەندمان دەکات. چونکە کۆمەڵگە هی ئێمە نییە و ئێمە لە دەرەوەى کۆمەڵگەین. من تەپۆلکەیەکى با بردوو، کراسە خوێناویییەکەم خاوێن مەکەوە و بمخەرە ناو تابلۆیەکى خۆت. کە من لە تەرمى باڵندەکان و لاشەى درەختەکان و جەستەى ئاگرینى دەرگاوانەکانى جەهەنەم، ڕەنگەکانم بۆ تەفسیر کردى. کە من بە ڕووخسارى ڕەشى خۆمەوە؛ بەناو زیندانەکانى مەرگدا غلۆربوومەوە و دواهەمین سووڕەتم بۆ خوێندیەوە: دروود بۆ تەنهایی و نەفرەت لە سوێندە ترسنۆکەکانى سەر لاشەت. من وەکوو ڕەبەنێکى تەنیا، بەسەر خامۆشى ڕۆژگاردا چەقیم. ئەو ڕۆژگارەى ناپاکى لە ڕابردوومان کرد و تەنهای کردین. ئەو ڕۆژگارەى فریوییداین و نەمرى بە برینەکانمان بەخشى.
ئەو ئێوارەیە، هەموو لە خۆتان جێتان دەبێتەوە، من نەبێت. هەموو لە خۆتان هەڵدەگەڕێنەوە، من نەبێت. هەموو لەیەک دەچن، من نەبێت. کە لە زەخرەفە و تۆز و خوێن دەچم. من کە لە سێبەرى شەودا قەقنەسەکانم ماچ کرد، لە قەفەسێکدا زیندووبوومەوە، موڵکى خوداکانتان بوو. کە هیچ خودایەک لەسەر زەمین بوونى نییە. جگە لەو خودایەی لە ئاسماندا، باوەشى بە حەرفەکانمدا کرد و زمانى بڕیم.
سروودى من و وەرزى تۆ. دۆزەخى من و زیندانى تۆ. برینى من و سوێندى تۆ. تەنهایی من و پەنجەکانى تۆ. شەوێک دەستى تۆ و پەیکەرەکانت دەگرم. بە سروود و دۆزەخ و برین و تەنهاییەکەى خۆمت، ئاشنا دەکەم. شەوێک خۆڵەمێشییەکەت دەکەمە دیارى هاتنەوە پایزێکى تر و خەزێنەکانى تاڵاندەکەم. وەک فاحیشەیەکى دووڕوو، بە وەرز و زیندان و سوێند و پەنجەکانت شۆڕدەبمەوە. کە قیامەت دێت و لەیەکترمان جیادەکاتەوە. کە تۆ لە فریشتەکان مارە دەکرێت و من لەزەمهەریردا، دەستى شەیتانێکى بەجێماو دەگرم. کە قیامەت دێت و یەکتر نابینینەوە.
لە جەنگێکدا، کە سەوداى جەنگاوەرە شەکەتەکان دەکەم، مس بەسەر لافاوەکان دەبەخشمەوە. زێڕ بەسەر گیاکان و ئاگر بەسەر لەنگەرەکان بەشدەکەم. بەسە، من ئیدى مەرجانەکانى ناو دەریاتم خۆشناوێت، کە وەک شەقاوەیەک دەردەکەون. ئیدى بۆ دواجار حوورمەتى دواهەمین شەوى مەستت دەگرم و دەڕۆم. ئەى ستوونێکى بڕاو لەو زەمەنە پلاستیکییەدا، من لەو شیعرانە تێناگەم کە تۆ دەیانخوێنیتەوە. حەز بە بایانە ناکەم، کە شەڕانگێزییەکانى خۆتى تێدا دەشاریتەوە. وەک ئەو ڕاوچییە سەرسەختە مەبە، کە قولاپێکى لە ڕۆح و قولاپێکى لە کەمەرم چەقاندوە. وەک ئەو سیمرغە مەستە مەبە، کە تاڵە تیژەکانى لە سینگمدا کۆکردەوە. من مرۆڤێکم لە حوزن، لە گۆرانى، لە ئایین، لە شیعر. تۆیش کە مرۆڤێکى حەزینى، خەم بۆ ڕابردوومان مەخۆ، کە ئێمە پێیەکمان لە ڕابردوو و پێیەکمان لە داهاتوودایە. ئەو خۆئەشکەنجەدان و شەونخونى و دابڕان لە دنیاى ماددییە، تاکە ڕێگەى نزیکبوونەوەیە لە خودا. ئەى ئاگر .. خەم مەخۆ، ڕۆژێک ئەوانە کۆتایی دێت و دەبیتەوە مرۆڤ. کە تۆیش دەستت بە پیرۆزییەکانى درەخت و گەڵا پیس کردوە، لە ئۆقیانووسەکان یاخیبوویت و خیانەتت لە بەلەمەکان کرد. نەکەى بە خەونى ڕەش و ئاڵۆزى شاعیران هەڵخەڵەتێى. بەخشندەبە و تەنهایی من پینە بکە، کە لە نێوان پەنجەکانم غلۆردەبییەوە و شیعر دەرگەکانت لەسەر دادەخات. تەواو .. من چیدى شیعرم خۆشناوێت.
ئەوەى سواغى ئازارەکانى ئێمە دەکات، پێکەنینە .. هەرچەند تووڕەبین، هەردەبێ هێور ببینەوە. هەرچەند دوور بڕۆین، چارەمان نییە دەگەڕێینەوە. هەرچەند بنووسین و هەرچەند هاوار بکەین، ناتوانین نەمرین، چونکە عاشقان هەرگیز ناگەن بە نەمرى. هەرچەند بەهێزبین، دواجار لە نێوان پەنجەکان غلۆر دەبینەوە. ئەى ئەفسانەیەک، کە هەرگیز بوونت نەبوە، چەرچەفەکەت لە دەستەکانم قوفڵ مەدە، لێگەڕێ با پێکەنین ببێتە سواغى ئازارەکانى ئێمە.
پەزمەندەکردنى یادداشتەکان
"لە خۆشەویستیدا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە. خەڵک دەیهەوێ واڕەفتار بکەی، کە هیچ کێشەیەکت نییە. بەڵام، خۆشەویستی کێشەیە".
لەناو دەمارەکانمدا، شیعرێک پیاسە دەکات. شیعرێک، تژى لە نەمرى و ئاڵتوون. لە نەخۆشى و گرێ. بە ئاوریشم، شیعرە جوانەمەرگەکانى سەر لاشەت، پاقژ دەکەمەوە. عەتتر لە شیعرەکانت بێزارە. لە بەهەشتە بچووک و بەجێماوەکەى منداڵیت، سەرینى فاحیشە خانەدانەکانت پێدام. بە چەرچەف، شیعرەکانمت گەمارۆدا. سەودات بە جەستە سڕبووەکەم و جلە دڕاوەکانم کرد. ئاو و قەوزەى پیسى زۆنگاوەکانت دەردخواردام. فرێتدامە بەردەم بەچکە خواوەندەکانت. بەدواى خێوە خنکاوەکانى دوینێم کەوتم. خووەکانم لە خۆمدا داماڵى. وەکوو بۆقێکى وەڕز، لە قەرەباڵخی کتێبخانەکان هەڵاتم و پاشماوەى زێرابەکانم لە گیرفانم کۆکردەوە. دەزانم هەموو شتێک لەوە خراپتر دەبێت .. ئەوەندە بێدەنگ بووم، بەرگەت نەگرت. هاتى و گۆڕەکەمت ئاوەژوو کرد. سەمات بە ڕیخۆڵەکانم کرد. لافیتەکانت لێسەندمەوە. شیعرە پارچەبووەکانمت وەک تاوانبارێک، لە باخەڵت شاردەوە. لە بەندینخانەى ناو پێلاوەکەت، لێوەکانمت زنجیر کرد. هەرگیز گللەییت لێناکەم. بەڵام، لە شەوێکى تەمى سارددا؛ نۆتە لەرزۆکەکانى نێو باوەشت دەکوژم. دەبمە ژەنڕالێکى دڕندە و ئایندەت گوللەباران دەکەم. گەردەلوولێک، پڕ لە شیعرى مردوو، پڕ لە خوێنى سپى، پڕ لە بارووت، بە خەونەکانم دەتەقێتەوە: شپرزەم .. سەیرکە، چۆن بوومەتە فاڵچییەکى پیر و گەمە بە سێبەرى گۆچانەکەم دەکەم. کە دەگەڕیمەوە بۆ رابردووم و پارچە ونبووەکانم دەهێنمەوە. منیش کە قەرزى پینەچییەکانم پێنەدراوە، چەقۆ لە تەقەڵى برینەکانم دەدەم. لە مەڕاسیمى ناشتنى دەستەکانتدا، کڕنووش بۆ خوداکەت دەبەم. کڵگۆى حەزرەتەکانت دەشکێنم و فوو لە فانۆسە خیانەتکارەکەت دەکەم: توورەبە، تا دەتوانى تووڕەبە ..
بکوژ
گومڕا بووین؟ بە شیعر کەلەپچەت کردم. منت کوشت. وەک پەپولەیەکى شەکەت، مۆمیات کردم. ئەو تەرمانەت ناشت، کە یارییان لەگەڵ دەکردم. ئەو پەنجانەشت قرتاند، کە بانگى مەرگیان دەکرد. گۆرانییەکات لێسەندمەوە. وەک دوژمنێکى هیلاک بەسەر ئەو ئەسپانەوە؛ بە دۆڕان و شکستت ئاشنا کردم. گوێچەکەکانمت وەک میوەیەکى بۆگەن، وشک کردەوە. زمانمت لە دڵم دەرهێنا. بۆئەوەى جنێو بە زەردەواڵە ئیزعاجەکانى کەلێنى کتیبەکان نەدەم. بە کەفى دەستى سۆزانییەکان، نینۆکەکانمت بسمیل کرد. واتدەزانى گومڕام و نابێ سوێند بە پیرۆزى قوببە و منارەکان بخۆم. بەڵام، مرۆڤبووم. مروڤێک، لە پرسیار و گومان.
دۆزەخ
بە ڕێدا دەرۆشتى و شیعرت لێدەکەوت. قیامەت و دیوار و قامچییت پێناساندم. کەوتم .. لەنێوان داهاتوو و زەمەندا. لەنێوان ئەمڕۆ و ئەژنۆ بریندارەکانتدا. لەنێوان خامەیەکى خەسێندراو و وەهمێکى نەزۆکدا. شیعریان پێفرشتم. ئێسقانەکانیان بەدیارى دامەوە. لە درزى شیعرێکى کورتدا؛ یادەوەرییەکانى دۆزەخم بۆ سەفتە کردى. کە هەڵمى سەر جەستە سووتاوەکانم دەبینى. کە قیژەى کیژ و دەروێشەکان لە گوێمدا دەزرینگاوە. ئاگر، کڵپەکانى خۆى، بە شیعر ژیر دەکاتەوە.
پەیکەر
دەستت بە مەمکەکانتەوە نووساندبوو. بەسەر تاڵە وەریوەکانى سەرمدا خڵیسکایى. ترست لە شیعر هەبوو. شەرمت لە ڕاوچییەکان دەکرد. لەناو زبڵدانەکانى مێژوودا گەورە بووى. بەڵێنتدا: ئەگەر دووبارە لە دایکبوویەوە، زەمیلەیەک بەختیارى و تەشتێک لە خورى ملپێچەکەتم بۆ بهێنییەوە. پازماندەدا .. بارانم بۆ خاوین دەکردیەوە، ئاوازم بۆ شەوەکانت دادەنا، ئایەتەکانم بۆ دەژماردى. لێرەدا، خودامان لەگەڵ نەبوو. ویستت بفڕیت. بەڵام، درەنگ لە دووروویی هاوڕێ ئەستێرەکانت تێگەیشتى. درەنگ دەستت بە قژت داهێنا. درەنگ خۆڵەمێشییەکەى منت بە با بەخشى. درەنگ فێرى درۆ بووی .. هێندە خەمگین مەبە، هیچ جوانییەک نامێنێتەوە. ئەوەى بۆ ئەبەد دەمینێتەوە، خوێن و برینە.
دەفتەر
سەدان حەرفت شەهید کرد. بوویە جادووگەر، وڕێنەت بۆ ملوانکە و یەخت و پەنجەرە ترساوەکان دەکرد: شیعر روانینە لە داهاتوو. هەموو شتێک، لە تۆ پاکتر و جوانترە. جگە لە تەنهایی، هیچ شتێکى تر نییە، ئەرشیفى بکەیت. جگە لە تاریکى، هیچى دیکەت نییە، شانازیی پێوەبکەیت. سەرزەنشتى دەستە خوێناوییەکانم مەکە. قەڵغان و خەنجەرەکەتم پێبدە. وەک ئەفسانەیەکى لائیک، هەرگیز لە گوناهەکانم خۆش مەبە. خودایەک، لەو نزیکانە هەیە.
ئاسمان
بە قەترەیەک ژەهرى دامێنى کراسە پەڕۆیینەکەت، مردنت پیرۆز کردم. گومانم لە داوێنى درەختەکان کرد. لە ئازارەکانم زوویر بووم. بە دزی منەوە؛ تورەگەکەى شانمت دڕاند. نهێنییەکانمت لە جزمەکەت حەشاردا. لەگەڵ خوداکانى سەرزەمین، فەرامۆشت کردم. دەنگێک، خۆى لە گەردەنت دەئاڵێنێت: چاوەنواڕى پێغەمبەرێکى ترى زیندووببێتەوە؟ بەڵام، هیچیان ناتوانن فرمیسکەکانت بسڕن. لێرە، بەشەرێک هەیە، چیدى ئازارەکانى بۆ زەخیرە ناکرێت. کە پشت لە زەردەخەنەکەم دەکەی. کە هەموو دەرگەکانم بەڕوودا دادەخەى. کە زامەکانم دەبنە مۆرى ڕەش ڕەش. کە هەمووتان پێمدەڵێن: تۆ لە رەچەلەکى ئێمە نیت، من دەگەڕێمەوە ئاسمان.
شار
لەناو دووکەڵ و جەنجاڵى ماشێنەکاندا، جێتهێشتم. بە شیعرت سپاردم. کە شیعر، شەڕکردنە لەپێناو مانەوەدا. کە لە بەرماوەى گۆمەکانم دەخوارد و بۆنى جۆگەى مزگەوتەکانم لێدەهات. مێش و مەگەزى سەر رووخسارم لادا و بینیم، باڵندەکان لە سەفەر گەڕانەوە. فریشتەکانیش بە دەستە تەزیوەکانیانەوە؛ بۆ ئەزموونکردنى ژیان، هاتنەوە. بەڵام، تۆ ڕاتکرد .. ئاوڕتداوە و بۆ دواجار بە شکستەکانم پێکەنى. وەک شاگردێکى تەمبەڵ، سزاتدام. کە تەنها ستایشى پاڵەوانى نێو چیڕۆکەکانم دەکرد. کە حەشیش و بتڵەکەى دەستى فرێدا و خۆى بە خودا ناساند. ئیدى کاتیەتى ئەو بایکۆتى فرمێسک و دوورییە بشکێنین. کە دووبارە بە شیعر، شۆڕشمان هەڵگیرساندەوە، تفەنگ و فیشەکدانەکانت بۆ هەڵدەگرم. بەدەم پەیڤینێکى ساردەوە، بۆت پەزمەندە دەکەم: ناتوانى بۆ هەمیشە شار چۆل بکەیت، چونکە مرۆڤ بەرهەمى شوێنە.