عومەری خاوەر ئەمجارە لەباكوری كوردستان بوو

ڕاپۆرت 26/01/2020


ئا : هاوكار فایەق
ڕوداوەكە لەزاری كارمەندێكی تیمەكانی فریاكەوتنەوە وەرگیراوە
لەدوای ئەوەی كە بومەلەرزەكە ڕویدابوو ئێمەش لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم بەدوای تەرم و بریندار و ڕزگاربواندا دەگەڕاین ، هەر كون و كەلەبەرێك كە دەنگی لێوە بهاتایە ئێمە بەدوایدا دەچوین ، لەناكاو هاوار هاوار دەستیپێكرد كە دەنگی ژنێك بوو هاواریدەكرد ، لێرەم لێرەم ئەو كە دەیگوت لێرەم واتە لەژێر 3 نهۆم پاشماوەی دارو پەردودابوو، ئەمانەی كە دەیڵێم نزیكەی 24 كاتژمێری خایاند دواجار گەشتینە دەنگەكە، كە بینم ژنێكە هاواردەكات من باشم منداڵەكەم لەژێرمەوەیە كەتەمەنی  زۆر بچوكە تەنها 2 ساڵ و نیوە ، دایكەكەمان دەرهێناو  دواتر یوسرای تەمەن دوو ساڵ و نیومان دەرهێنا كە ئەمانە وەك موجیزە ڕزگاریان بوو.
دواتر گەشتینە باوكی منداڵەكە كە بەداخەوە گیانی لەدەستدابوو، بەڕاستی ئەوساتە قەت لەبیرم دەرناچێت كەبینیم  ئەو باوكە چۆن باوەشی كردبوو بەو منداڵ وخێزانەكەیدا و خۆی كردبوو بەقەڵغانی ئەوان، هەرگیز لەبیری ناكەم بەمردویش باوەشی كردبوو بەمنداڵەكەیدا و بەری نەدەدا .
ئەو ساتە نمونەی قارەمانێتی ئەو پیاوەم لەچاوەكانیدا بەدیكرد، كاتێكیش تەرمەكەیان هەڵدەگرت دەتگوت فریشتەیە پێدەكەنی وەك بڵێی ئەوەی لەسەرشانی بوو بۆ ڕزگاركردنی منداڵ و خێزانەكەی ئەنجامیدابوو بۆیە هەر پێدەكەنی.
بۆم دەركەوت كە باوكان و دایكان هەمیشە بۆمانەوەی ڕۆڵەكانیان لەژیان ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بكەن،ئەمەش نمونەیەك بوو لەوباوك و دایكە قارەمانە، جێگەی بەهەشت بێت.ِ