عەلی حەمە ساڵح: مانگانە بە بەهای ١٠ ملیۆن دۆلار جگەرە بە قاچاخ دەهێندرێتە هەرێم

کوردستان 26/01/2020

چاودێر

 

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت مانگانە بە بەهای دە مللیۆن دۆلار جگەرەی قاچاخ دەهێندرێتە هەرێم و ئەوەش ٨٠%ی جگەرەی هاوردەی هەرێم دەکات.

 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکی نووسیویەتی: "خاڵە سنوورییەکان بوون بە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس و کەسێک، ئەم دۆخی گەندەڵییە لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکاندا ھەیە، ھەریەکە بە شێوازی جیا". 

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەدواداچوونیان بۆ ھەموو دۆسیەکان کردووە، لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلکاوە تا باشماخ، "ئەوەی دیومە، لوتکەی فەساد و گەندەڵییە، کۆی بەرپرسانی حکومەت لەم دۆسیە مەترسیدارانە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامە". 

دەشڵێت: "ئەوەی لە خاڵی سنووریی سمێلکا، حکوممڕانە و بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت کۆمپانیای ستێرە، نەک حکومەت ئەم دۆسیەش بە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران وتراوە".

"ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشکنینێک تێناپەڕێت، قەبارەی ئەم قاچاغی جگەرە بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە، 80 ٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لە لایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵ دەکرێت، مانگێکە بە نووسراوی فەرمی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە و مانگانە 200 ھەزار کارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت." عەلی حەمە ساڵح وا دەڵێت. 

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، "لە 2019 قاچاغ دەست پێ دەکات و گومرگی فەرمی 80٪‏ کەم دەکات، جگەرەی هاتوو لە مانگی حوزەیرانی 2019 بریتییە لە 322 هەزار و 547 کارتۆن، جیاوازیی ڕەسمی گومرگی لە نێوان هەردووکیان 54 ملیۆن و 786 هەزار و 80 دۆلارە. تەنها لە باشماخ، قازانجی مانگێکی قاچاخی ھێلکە، جگەرە، مەشروب و دوگ 25 ملیۆن دۆلارە."