شەش هۆكار بۆ ئەوەی چا نەدەیت بە منداڵەكەت

تەندروستی 26/01/2020


چاودێر: تابان رەزا
زۆرێك  لەمنداڵان  حەز بەخواردنەوەی چا دەكەن، بەوەش دایك و باوكیان ناچار دەكەن چایان بدەنێ، ئەمەش دەبێتەوە هۆی  بەرزبوونەوەی فشاری خوێنی  و كێشە بۆ خەوی منداڵەكە دروست دەكات، لەگەڵ چەند كێشەیەكی تری تەندروستی، پزیشكێكی منداڵانیش دەڵێت" دەبێت دایك باوكان تاتەمەنی شەش ساڵی چا نەدەن بەمنداڵەكانیان"
زیانەكانی چا خواردنەوە بۆ منداڵان چیە؟
د. پشدەر عبدوڵا،پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان، باس لەوە دەكات، دەبێت دایك و باوكان هەوڵ بدەن بەلایەنی كەمەوە تا تەمەنی ٦ ساڵ چا نەدەن بە منداڵەكانیان، وە ئەگەر دوای ئەو تەمەنەو پێش ئەو تەمەنەش چات پێدا، با كاڵ بێت و شەكری زۆر كەم بێت یان هەر تێیدا نەبێت،  لەبەر ئەم هۆكارانەی لای خوارەوە:

۱- لەبەر ئەوەی چا بڕێكی زۆر كافاینی تێدایە، كەواتە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و درووست كردنی دوودڵی، دڵەڕاوكێ و چالاك بوونی منداڵەكە بۆیە كێشە بۆ خەوی منداڵەكە دروست ئەكات.

۲- چۆن بۆ گەورە كاریگەری هەیە و سەر ئێشە دروست دەكات ئەگەر ڕۆژێك نەتوانیت بیخۆیتەوە بەهەر هۆیەك، ئەوە لە منداڵیش دوای فێربوونی ئەگەر ڕۆژێك نەیخواتەوە ئەوە تووشی سەرئێشە و توڕەبوون دەبێت.

۳-ئەگەر لە جیاتی كوپێك چا كوپێك شیری پێبدەیت ،ئەوە ووزەیەكی زۆرترو تەندرووستر دەبەخشێت بە منداڵەكە چونكە گەدەی منداڵ بچووكە ،بۆیە لەوانەیە بە چاكە بڕێكی زۆر گەدەی داگیر بكات و نەهێڵێت جێگەی خواردنی سوودبەخشی تر ببێتەوە.

٤- لەبەر ئەوەی منداڵ بڕێكی زۆر شەكر دەكاتە چایەكەوە بۆیە زیانێكی زۆر بە ددانەكانی دەگەیەنێت.

٥- لەبەر ئەوەی چا وەكو دەرمانی میزپێكەر ئیش دەكات، بۆیە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێكی زۆر كالسیۆم لە میزدا.

٦-زۆربەی كات كێشەی گەدە وەك دڵەكزێ بۆ منداڵ درووست دەكات.

 ئەو پزیشكە، ئەوەشی ووت، هەندێ سەرچاوە دەڵێن كە چا دەبێتە هۆی كەمتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن لە ڕیخۆڵەكانداو دواتر دەبێتە هۆی كەمخوێنی بەڵام هەندێ سەرچاوە ڕەتی ئەوە دەكەنەوە كە هیچ پەیوەندیەكی بەوەوە هەبێت، لەوانەیە زیاتر بەهۆی كەم خواردنی خواردنی سوودبەخشەوە هەبێت لە ئەنجامی زۆر خواردنەوە چاوە.