ئەو كەسەی فڕۆكەی ئۆكرانیایەكی خستە خوارەوە چی بەسەر هاتووە؟

جیهان 25/01/2020


چاودێر: وەزیری دەرەوەی ئێران لەگفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ  رۆژنامەی شبیگڵی ئەڵمانیا، ئاشكرایكردوە، ئەو كەسەی كە فڕۆكە ئۆكرانیایەكەی خستە خوارەوە لەزیندانە.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەو گفتوگۆیەدا، وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووسەكەی شبیگڵی داوەتەوەو وتوویەتی:" ئەو كەسەی كە فڕۆكە ئۆكرانیایەكەی خستەخوارەوە، دەست بەجێ خراوەتە زیندانەوە".

 باسی لەوەشكردوە:" پرسەكەی قاسم سلێمانی زۆری نەكێشا ئەو رووداوە روویدا،  خەڵكێك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی  رژانە سەر شەقامەكان، ئەوە مافی خۆیان بوو، چونكە كەسە ئەزیزەكانیان لەناو فڕۆكەكەدا بوون و گیانیان لەدەستدابوو". 

رونیشكردوەتەوە:" 32 ساڵ پێش ئێستا ئەمریكا فڕۆكەیەكی ئێرانی كردە ئامانج و ئەوان تاكو ئێستا داوای لێبوردنیان نەكردوە، لەكاتێكدا ئەو كەسەی ئەو كارەی كردبوو خەڵات كرا، بەڵام ئێمە دەست بەجێ ئەنجامدەری ئەو كارەمان خستە زیندانەوە".