چۆن ڤایرۆسی كۆرۆنا دەناسیتەوە‌و خۆتی لێدەپارێزیت؟

تەندروستی 25/01/2020


بەڕێوەبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، لە راگەیەنراوێكیدا نیشانەو ئاماژەكانی نەخۆشی كورونا ئاشكرا دەكات.
لە راگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیدا باس لەوە دەكات، كورونا، ڤایرۆسێكی تازەیە وا دەستنیشانكراوە كە ڤایرۆسێكی ئاڵۆزو دەگمەنە، لەخێزانی (كورونا ڤایرەسە)
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، بەپێی زانیاریە سەرەتاییەكان نیشانەكانی ئەم ڤایرۆسە تازەیە هەروەك نیشانەكانی ئەنفلۆنزایە، توشبوو هەست بە (سوتانەوەی قوڕگ‌و كۆكە‌و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی‌و هەناسە تەنگی‌و سەر ئێشە ) دەكات.

سەبارەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە گرنگە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكرێت.
• پاك ڕاگرتن وباش شوشتنی دەستەكانت دەست بە ئاو سابوونی شل .
• داپۆشینی دەم‌و لوت لەكاتی كۆكەو پژمەدا بە دەستە سری كاغەز یان بە كارهێنانی كەمامە .
• دوور كەوتنەوە لەو كەسانەی نیشانەی سەرمابردن یان ئەنفلەوەنزایان پێوە دیارە .
• كوڵاندنی باشی گۆشت‌و هێلكە .
• دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی راستەوخۆی ئاژەڵی نەپارێزراوو بەرەڵا یان ئاژەڵ‌و پەلەوەری زیندووی ناو كێڵگەكان لە كاتی بڵاو بوونەوەیدا .

نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لەشاری (وهانی چین) بڵاوبوەوە، لەئێستادا زیاتر لە 500 حاڵەت تۆماركراوە‌و 17 كەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە بەرپرسانی چین‌و هەریەك لە حكومەتی روسیا‌و ئەمریكا بەڵێنی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكەیانداوە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ڤاكسینێكی كاریگەر بۆ روبەروبونەوەی نەخۆشییەكە رابگەیەنرێت.
بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە حكومەتی چین قەدەغەكردنی هەموو هاتوچۆیەكی بۆ دو گەورە شاری خۆی راگەیاندوە‌و لەهەوڵیشدایە بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە كە زیاتر لە 25 ناوچەی جیاوازی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە.
لەهەرێمی كوردستانیش لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دوو ئامێر دانراون بۆ ناسینەوەو پشكنینی ئەو كەسانەی گومانی نەخۆشییەكەیان لێدەكرێت.