وەزارەتی تەندروستی رێوشوێن بۆ رێگری لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەگرێتەبەر

تەندروستی 25/01/2020

 وەزارەتی تەندروستی هەرێم روونكردنەوەیەك سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی چین بڵاودەكاتەوەو دەڵێت بەپێی ئەو زانیاری و راسپاردانەی هەیە، پێویست ناكات پشكنین و چاودێری لە فرۆكەخانەكان و خاڵەسنورییەكان بگیرێتەبەر.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی سەرهەڵدانی جۆرێكی نوێ لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری "وهان" لە وڵاتی چین و چەند وڵاتێكی تری ئاسیا وەك ژاپۆن و كۆریا و تایلەند و سەنگافورا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەنزیكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO چاودێری بارودۆخی پەتاكە دەكات و ڕێكاری پێویست دەگرێتەبەر.
رونیشیكردۆتەوە، تاوەكو ئێستا ئەو زانیاری و ڕاسپاردانەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە پێویست ناكات پشكنین و چاودێری لە فڕۆكەخانە و خاڵە سنوریەكان و شوێنە گشتیەكان بگیرێتەبەر، بەڵكو ڕێكارەكان هەمان ڕێوشوێنی كۆنتڕۆڵ و خۆپارێزیە لە پەتای ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا وەك زوو دۆزینەوە و جیاكردنەوە و چارەسەركردن و هۆشیاری تەندروستی لە خۆپارێزی كەسی وەكو زوو زوو دەست شوشتن و خۆ بەدوورگرتن لەشوێنی قەرەباڵغ و داخراو، لەگەڵ پاپەندبوون بە ئەتەكێتی كۆكین و پژمین وەك داپۆشینی دەم و لووت.