بۆ دەنووسین؟

ڕەخنەی چاودێر 21/01/2020

بۆ دەنووسین؟
جۆرج ئۆروێڵ
و. لە فارسییەوە: مستەفا شێخە

هەر لە سەرەتاوە دەمزانی درەنگ یان زوو دەبم بە نووسەر

 

ئه‌مڕۆ 21.1.1950 جۆرج ئۆروێڵ كۆچى دوايى ده‌كات .. ئه‌و نووسه‌رى دوو له‌ به‌ناوبانگترين ڕۆمانه‌كانى سه‌ده‌ى بيسته‌ و تا ئێستا كاريگه‌رييه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر بيرۆكه‌ى نووسين و تێڕوانين بۆ سياسه‌ت و په‌يوه‌ندى و ڕۆڵى ڕژێمه‌كان هه‌يه‌ له‌ژيانماندا.. ره‌خنه‌ى چاودێر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ وتارێكى به‌ناوبانگى جۆرج خۆى بڵاوده‌كاته‌وه‌ به‌ وه‌رگێڕانى مسته‌فا شێخه‌.. 

 
هەر لە منداڵییەوە، ڕەنگە لە تەمەنی پێنج یان شەشساڵانییەوە دەمزانی کاتێک گەورە بووم دەبێ ببم بە نووسەر. لە تەمەنی حەڤدەساڵی هەتا بیستوچوارساڵیدا هەوڵم دا ئەم بیرۆکەیە بەلاوە بنێم، بەڵام بە تێگەیشتن لەوە کە خەریکم بێڕێزی بە دەروونی ڕاستەقینەی خۆم دەکەم و درەنگ یان زوو دەبێ دابنیشم و کتیب بنووسم، بووم بە نووسەر.
من منداڵی نێونجی بووم و لە نێوان ئێمە سێ کەسماندا هەر کامە پێنج ساڵ مەودای تەمەنمان هەبوو. هەتا تەمەنی هەشتساڵی باوکمم زۆر کەم دەدیت. بەم هۆیە و چەند هۆیەکی دیکەوە، بەگشتی تەنیا بووم و ئەوەندەی پێنەچوو بووم بە کەسێکی مڕچومۆن. ئەم مڕچومۆنییەم بوو بەهۆی ئەوە لە هەموو ساڵانی قوتابخانەدا سەرنجم پێ نەدرێت. خووی ئەو منداڵە تەنیایانەم بەخۆمەوە گرتبوو کە چیرۆک دادەڕێژن و لەگەڵ کەسێکی خەیاڵیدا دەدوێن. لە سەرەتادا پێموابوو مەیلی ئەدەبیم لەگەڵ هەستی دوورەپەرێزی و بەکەموەرگیرانم لە لایەن ئەوانی دیکەوە تێکەڵ دەبێت. دەمزانی توانای قسەکردن و هێزی بەرەوڕووبوونەوەی راستییە ناخۆشەکانم تێدایە و هەستم دەکرد ئەم شتانە جۆرێک جیهانی تایبەت دەخوڵقێنن کە دەتوانم لە تێشکانی رۆژانەی ژیانمەوە پەنایان بۆ ببەم. وێڕای ئەو هیوا و ورەیەی لە هەموو تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵیمدا بۆ نووسین هەمبوو، بەرهەمی کارەکەم نەگەیشتە شەش-حەوت لاپەڕەش.
یەکەم شیعرم لە تەمەنی چوار-پێنجساڵیدا گوت و دایکم بۆمی نووسی. شتێکی بەرچاوم لەو شیعرە نایەتەوە یاد، جگە لەوە کە باسی بەورێک بوو و "ددانەکانی وەک کورسی" دەچوون. بەڵام شتێک کە لەو شیعرەدا خۆشم دەوێ ئەوەیە کە دزییەکی ئەدەبی بوو لە "بەور، بەور"ی بلیک. لە یازدەساڵیدا کاتێک جەنگ یان ڕووداوی ١٨-١٩١٤ سەری هەڵدا، شیعرێکی نیشتمانپەروەرانەم گوت و لە ڕۆژنامەیەکی خۆجێیدا بڵاوکرایەوە. دووساڵ دواتر شیعرێکی دیکەم لە بارەی مەرگی Kitchenerـەوە گوت. کاتێک گەورەتر بووم، هێندێک جار شیعری خراپم لە بارەی سروشت بە شێوازی جۆرجیایی دەگوت کە زۆربەیان ناتەواویش بوون. چیرۆکێکی کورتیشم نووسی کە تێشکانێکی سەرشۆڕانە بوو. لە ڕاستیدا ئەمانە کارە جددییەکانی من بوون کە لەو ساڵانەدا نووسران.
بەمجۆرە، لە درێژاییی ئەم ماوەیەدا کەم و زۆر خەریکی کاری ئەدەبی بووم. سەرەتا ئەو کارانەم دەکرد کە پێیان دەسپاردم و بێ ئەوەی چێژیان لێوەربگرم، خێرا و بە ئاسانی ئەنجامم دەدان. جگە لە مەشقەکانی قوتابخانە شیعری نیوەتەنز (ساتیر) و چەند نێوەدێڕیشم بە هێندێک بۆنەوە دەگوت. ئێستا بیرم دێتەوە خێراییم لەم کارەدا چەندە جێگەی سەرسوڕمان بوو (لە تەمەنی چواردەساڵیدا شانۆنامەیەکی مۆسیقادارم لە ماوەی هەفتەیەکدا نووسی) لە پێداچوونەوەی گۆڤارە دەستنووس و چاپکراوەکانی قوتابخانەدا یارمەتیدەر بووم. ئەم گۆڤارانە بەزەیی‌بزوێنترین کارەکانی لاسایی‌کردنەوە بوون کە مرۆڤ لە خەونیشدا شتی وا نابینیت. بەڵام ئەو گۆڤارانە وەک شێوازی رۆژنامەگەریی ئێستا نەبوون و من لەگەڵیاندا زۆر کەمتر تووشی کێشە دەبووم. لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەم هەموو کارانەدا، زیاتر لە ماوەی پازدە ساڵ خەریکی پڕۆڤەی ئەدەبێکی تەواو جیاواز بووم: چیرۆکێکی بێ وەستان لە بارەی خۆمەوە، جۆرێک یادداشتی رۆژانە کە تەنیا لە مێشکمدا بوو. پێموایە ئەمە دەبێ خوویەکی هاوبەشی نێوان منداڵان و گەورەترەکان بێت. کاتێک زۆر منداڵ بووم، لە خەیاڵی خۆمدا وامدەزانی بۆ وێنە ڕابین هوودم و خۆمم وەک قارەمانی بەسەرهاتە ورووژ‌نەرەکان دەهێنا بەرچاو. بەڵام زۆر زوو وازم لەم خۆخوازییە زەقە هێنا و چیرۆکەکانم زیاتر بوون بە پێداهەڵگوتنی ڕووت و ئەوەی دەمکرد و دەمدیت. ماوەیەک ئەم جۆرە نووسینانە یەک بەدوای یەکدا هێرشیان بۆمێشکم دەهێنا: " پاڵی بەدەرگاکە وەنا و هاتە نێو ژوورەکە، تیرێژی زەردی ڕووناکی خۆر بە پەردەی موسلیندا تێدەپەڕی. بەسەر مێزکەدا نەوی کە دەستەیەک شەمچەی(شخاتە) نیوەکراوە لە تەنیشت حوبرەکە بوو. دەستی ڕاستی نایە گیرفانی و بەرەو پەنجەرە ڕۆیشت. لەخوارووی شەقام پشیلەیەک بەدوای گوڵی پاقلەی گەڵایەکی مردوودا ڕایدەکرد و... " ئەم عادەتە هەتا نزیکەی تەمەنی بیست و پێنج ساڵی، رێک لە ماوەی ئەم هەموو ساڵە نائەدەبیانەمدا لای من بەردەوام بوو. ئەگەر چی دەبوایە بەدوای وشەی گونجاودا بگەڕابایەم، لە ڕاسیشدا کە هەر دەگەڕام، بەڵام پێدەچێت ئەو ماندوو بوونەم بۆ پێداهەڵگوتن، بە گشتی پێچەوانەی مەیلی خۆم و لە ژێر جۆرێک زەخت و زۆری دەرەوەدا بووبێت. دەبوایە چیرۆکەکەم شێوازی نووسەرە جیاوازەکانی پێشان بدابا کە لە تەمەنە جیاوازەکانمدا ستایشم دەکردن، بەڵام ئەوەندەی بیر خۆمی دەهێنمەوە، بەردەوام ئەو پێداهەڵتوتنە وردبینانەیەی تێدابوو.
لە دەوروبەری نزیکەی شازدە ساڵیمدا چێژی ناخی وشەکان واتە مۆسیقا پەیووەندیی نێوان وشەم دۆزییەوە." بەهەشتی ونبوو"م خۆش دەویست، هەر بۆیە دیارە دەمهەویست چ جۆرە کتێبێک بنووسم. مەبەستم ئەوەیە بڵێم مەیلم بەلای چ جۆرە نووسینێکدا دەشکایەوە. دەمهەویست ڕۆمانێکی ناتۆرالیستیی قەبە بە کۆتاییەکی خەمناکەوە بنووسم کە پڕ بێت لە وردەکاریی پێداهەڵگوتن و بزەی سەرنجڕاکێش. هەروەها پڕبێت لە بەشی بەرزی سەرنجڕاکێش و هەتا ڕادەیەکیش وەشەکان بە هۆی مۆسیقاکەیانەوە نووسرابنەوە. لە ڕاستیدا رۆمانێک کە هەتا کۆتاییەکەی نووسیم،" کاتەکانی بێرمە"، کتێبێکە بەگشتی بەم شێوازەیە. ئەم کتێبەم لە تەمەنی سی ساڵیمدا نوووسی، بەڵام زۆر پێشتر گەڵاڵەکەیم داڕشتبوو.
بۆیە هەموو ئەم ڕابردوویەم گێڕایەوە، پێم وانیە بێ ئەوەی لە پێشکەوتنە سەرەتاییەکانی نووسەرێک ئاگاداربین، کەس بتوانێت خولیابوونی ئەو نووسەرەکە بۆ نووسین هەڵبسەنگێنیت. سووژەکانی نووسەرێک ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەژێت، خۆیان دەسەپێنێنن.( لانیکەم لە بارەی ئەم سەردەمە پڕ لە کێشە و شوڕشەی وەک بارودۆخی ئێمە ئەم بۆچوونە ڕاستە) بەڵام نووسەر بەرلەوەی دەست بۆ قەڵەم بەرێت، دەبێ وردە وردە کرداری بەسۆزانە ئەنجام بدات و نەتوانێت لێیان دوور بکەوێتەوە. بێ‌گومان ئەوە ئەرکی نووسەرە، تەبعی نووسەرانەی خۆی ڕێکبخات و لە قۆناخی کامڵ نەبوونیدا بەڕقەوە پێ نەچەقێنێت. بەڵام ئەگەر لە کاریگەریە سەرەتاییەکانی خۆی لابدات، مەیلی بە نووسەربوونی لەخۆیدا کوشتووە. پێویستیی بەڕێوەبردنی ژیانیش لەلایەک. من پێموایە بۆ بە نووسەر بوون، چوار هاندەری گرینگ بۆ هەر ژانرێکی نووسین لەئارادان و ڕادەی گرینگایەتیی ئەم چوار هاندەرانە لای هەر نووسەرێک جیاوازە و لە قۆناخە جیاوازەکانیشدا پشکی هەر هاندەرێک لای نووسەرێک بە پێی بارودۆخی ژیانی نووسەرەکە دەگۆڕێت.
ئەم هاندەرانە بریتین لە:
-‌ خۆ تەوەریی ڕووت: بە ئەم مانایەیە، نووسەر بە هیوای ئەمە بێت لای خەڵک وەک کەسێکی هۆشمەند بێتە بەرچاو، ببێتە بابەتی قسە و باسی خەڵکی دیکە، دوای مردن لە بیرەوەریی خەڵکدا بمێنێتەوە و پشت لەو کەسە گەورانە بکات کە لە سەردەمی منداڵیدا بە کەسێکی گرنگیان نەزانیەوە. ئەگەر ئەوا پێشان بدەین خۆ تەوەریی هاندەرێکی بەهێز نییە، فێڵێکی گەورەمان لە خۆمان کردووە. نووسەران لەم تایبەتمەندییەدا لەگەل زانایان، هونەرمەندان، سیاستەتوانان، پارێزەران، سەربازان و بازرگانانی سەرکەوتوو و بەکورتی لەگەڵ چینی هەڵەکەوتەی کۆمەڵگای مرۆڤدا هاوبەشن. لە ڕاستیدا بەشێکی گەورەی مرۆڤەکان خۆخواز نین و لە تەمەنی نزیکەی سی ساڵیدا هەستی تاکایەتیی خۆیان لەدەست دەدەن و زیاتر بۆ ئەوانی دیکە دەژین یان لە ژێر بارە قورسەکانیاندا دەخنکێن. بەڵام کەمینەیەکی خاوەن بەهرە و خۆ بە پێزۆززان هەن کە کەم هەڵدەکەوێت هەتا کۆتایی ژیانێکی ئاسایی بژین و نووسەران سەر بە ئەم چینەن. دەبێ بڵێین نووسەرانی جددی لە کاتێکدا هۆگرییان بۆ کۆکردنەوەی پارە کەمتر، بەڵام بە گشتی زیادتر لە رۆژنامەنووسان لە خۆ ڕازین و لە ئەوان زیادتر خۆیان بە ناوەند دەزانن.
-‌ تامەزرۆ بوون بۆ جوانی ناسی: تێگەیشتن لە جوانیی جیهانی دەرەوە، یان بە جۆرێکی دیکە، تێگەشتن لە جوانیی وشە و بە ڕێکوپێکیەوە لە تەنیشت یەکتر دانانانی وشەکان. چێژ وەرگرتن لە کارێگەریی مۆسیقای بڕگەیەک لە سەر مۆسیقای بڕگەیەکی دیکە و چێژ وەرگرتن لە پتەوبوونی پەخشانێکی باش، بە کێش و مۆسیقایەکی چیرۆکێکی باشەوە. مەیل بۆ بەشداری کردنی خەڵکی دیکە لە ئەزموونێکدا کە هەست دەکات بایەخدارە و نابێ لە کیس بچێت. تامەزرۆیی جوانیناسی لای بەشێکی زۆری نووسران کەم هێزە، بەڵام تەنانەت نامیلکە‌نووسان و نووسەرانی کتێبی خوێندنی قوتابخانەش وشە و دەستەواژەی دەستەبژێریان هەیە کە بەهۆی ئەوەی ئەم وشە و دەستەواژانە بەگشتی کەمتر کەڵکیان لێ وەدەگیردرێت ، لای ئەوان خۆشەویستن. یان ڕەنگە ئەمجۆرە کەسانە تواناییەکی زۆریان لە زانستی چاپ و پەراوێزەکان و کاری کاغەز و شتی دیکەدا هەبێت. هیچ کارێکی چاپکراو نادۆزرێتەوە کە وەک ڕێپێشاندەری هێڵی شەمەندەفەر بێت و هیچ تێبنییەکی جوانیناسانەی لەسەر نەبێت.
-‌ سروشتی مێژوویی: پێمڵ بوون بە دیتنی هەر شتێک هەر بەو شێوەیەی هەیە وو دۆزنیەوەی راستیەکانی کار و بار و ڕووداوەکان و پاشکەوت کردنیان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کەڵکیان لێ وەربگیرێت.
- ئامانجی سیاسی. ئەمەیان کەڵک وەرگرتن لە "سیاسی بوون" لە مانا هەرە بەربڵاوەکانیدا لە خۆ دەگرێت. هۆگری هاندانی جیهان بەرەو رێگەیەکی تایبەت و گۆڕینی بیر و بڕوای خەڵک لە بارەی کۆمەڵگایەک کە نووسەر بە پێویست دەزانێت بۆ پێگەیشتن بە ئەم کۆمەڵگا دڵخوازەی خەبات بکات. دووپاتی دەکەمەوە، هیچ کتێبێک نیە کە لە راستیدا ئاراستەیەکی سیاسی لە خۆ نەگرێت. ئەو بڕوایە کە دەڵێت سیاسەت هیچ پەیوەندییەکی بە هونەرەوە نییە، خۆی لێکدانەوەیەکی سیاسییە.
دەبینین کە ئەم مەیلە سیاسییانە چۆن پێکەوە لە شەڕدان و چۆن دەبێ مەیلی سیاسی لە سەردەمە جیاوازەکاندا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە لە هەڵکشان و داکشان دابێت. بەپێی سروشت " سروشت" بە مانای بارودۆێکە کە کاتێک دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن پێی دەگەن. لای من سێ هاندەرەکەی پێشتر بەسەر ئەمەیاندا زاڵترن. لە قۆناخەکانی ئاشتیدا دەکرا کتێبی بە زیرقەوبریقە و بە تەنیا پێداهەڵگوتن بنووسین. زۆر جار ئاگام لە هۆگرییە سیاسییەکانم نەدەما. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ، بە زۆرەملی دەبووم بە نامیلکە نووسێک. لە سەرەتادا پێنج ساڵ لە کارێکی نەگونجاودا تێمپەڕاند(پۆلیسی پاشایەتی لە هیند و بیرمە) پاشان تووشی هەژاری بووم و هەستم بە تێشکان کرد کە بوو بە هۆی ئەوە بێزاربوونی دەروونیم لە بەرپرسان پەرە بستێنێت و لە هەبوونی چینی کرێکاری کۆمەڵگا ئاگاداری کردمەوە. پیشەکەم لە وڵاتی "بێرمە" بوو بە هۆی ئەوە کە بە لێکدانەوەی نێوەرۆکی ئەمپریالیزم بگەم، بەڵام ئەم ئەزموونانە بۆ گەیشتن بە دۆزینەوەی رێگەی راستی سیاسی نەبوون. پاشان نۆرەی هیتلەر و جەنگی ناوخۆی سپانیا و شتی دیکە هات. هەتا کۆتایی ساڵی ١٩٣٥ من هێشتا لە تەماگرتنێکی لێبڕاوانەدا سەر نەکەوتبووم.
جەنگی سپانایا و ڕووداوەکانی دیکەی ساڵانی ٣٧-١٩٣٦ بارودۆخەکەیان گۆڕی و لەوە بەدواوە تێگەیشتم لە کوێ وێستاوم؟ هەر دێڕێکی کاری تازەم لە ١٩٣٦بەملاوە نووسیومە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژ بە تۆتالیتاریزم و سۆسیال دیموکراسی بووە، دیارە بەوجۆرەی کە تێیدەگەیشتم. بە بەڕوای من ئەوە شتێکی بێمانایە کەسێک لە قۆناخێک وەک قۆناخی ئێمەدا، خۆی لە نووسین لەبارەی سووژەکان دووربخاتەوە. هەرکەسەو لە بارەی ئەم شتانە و بە ڕواڵەتی جیاوازەوە دەنووسێت. باسەکە تەنیا ئەوە نییە کە نووسەر خاوەنی چ جۆرە ئاراستەیەکە و دوای چ جۆرە ڕێگەڕوانینێک دەکەوێت. کەسێک چەندە لەبارەی گرتنەبەری ئاراستەی سیاسیی خۆیەوە زیادتر ئاگادار بیت، ئەوەندەش شانسی لەمەدا زیادترە کە بێ‌ئەوەی جوانی‌ناسیی و بێ‌فڕوفێڵ بوونی رووناکبیرانەی خۆی بخاتە ژێرپێوە، کاری سیاسی ئەنجام بدات.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا شتێک کە لە هەمووی زیاتر هۆگری بووم، گۆڕینی "ساسیی نووسین" بۆ هونەر بوو. خاڵی دەست پێکردنم هەمیشە هەستێکی وابەستەیی بووە، هەستی نایەکسانی. کاتێک دادەنیشم بۆ ئەوەی کتێبێک بنووسم، لە دەروونی خۆمدا دەڵێم" دەمهەوێ کارێکی هونەری بکەم" دەنووسم چونکە دەمهەوێ درۆیەک پێشان بدەم و ڕاستەقینەی وا هەن کە دەمهەوێ سەرنج ڕابکێشن و ئامانجی سەرەتاییم ئەوەیە بەردەنگ بدۆزمەوە. بەڵام ناتوانم کتێبێک یان تەنانەت وتارێکی درێژ بۆ گۆڤارێک بنووسم، مەگەر لەو بوارەدا ئەزموونی جوانیناسانەم هەبێت. هەر کەسێک ئاوڕێک لە بەرهەمەکانی من بداتەوە، تەنانەت لەو جێگایەنەش کە راستەوخۆ ریکلامن، بابەتی زۆریان تێدایە کە سیاسەتوانانی ڕەها پێیان شتێکی زیادەیە. من ناتوانم و نامهەوێت ئەو تێگەیشتنەی لە منداڵیدا لەبارەی جیهانەوە پێی گەیشتووم، بە تەواوی بەلاوەی بنێم. هەتا ئەوکاتەی دەژیم و لەشساغم، بە هەستی بەهێزمەوە هۆگریی زۆرم بە ڕواڵەتی گۆی زەوەی و چێژوەرگرتنم لە بابەتە بنەڕەتییەکان و یاداشت گرتنەوە لە زانیاریە بێکەڵکەکانم لە نووسیندا درێژە پێ دەدەم. هیچ کەڵکێکی نیە ئەم لایەنەی بوونم تەپەسەر بکەم. ئەرکی من ئەوەیە لە رێگەی چالاکیە گشتی و ناکەسەکیەکانەوە کە لەم قۆناخەدا بەزۆر خستراونەتە سەر ملی هەموومان، خۆشەویستی و بێزاریە قووڵەکانم ئاشت بکەمەوە.
بێگومان ئاسان نیە. هێندێک کێشە لە بواری زمان و پێکهاتەدا دێنە پێش و بە شێوەیەکی نوێ بابەتی راستگۆیی پەرە پێدەدەن. ئیزن بدەن نموونەیەک لە جۆرێک کێشەی نادەمپاراوی بهێنمەوە کە خۆی دەنوێنێت. کتێبەکەم، " رێزگرتن لە کاتالۆنیا" لە بارەی جەنگی سپانیایە. بێگومان ڕاستەوخۆ کتێبێکی سیاسییە، بەڵام لە بنەڕەتدا بە بێلایەنانەیەی و بە لەبەرچاوگرتنی بە فۆڕمەکەی نووسراوە. زۆر هەوڵم دا بێ ئەوەی بۆن و بەرامەی ئەدەبیم لەدەست بدەم، هەموو ڕاستییەکان بگێڕمەوە. بەڵام لە کتێبەکەدا بەشێکی دوورودرێژ هەیە کە پڕە لە گێڕانەوە لە زمان ئەو ڕۆژنامانەی شتی لەمجۆرە بۆ بەرگری کردن لە ترۆتسکیستەکان بڵاو دەکەنەوە کە بە ئاژاوەگێری و هاودەستیی فرانکۆ تۆمەتبار کرابوون. ئاشکرایە کە هەر خوێنەرێکی ئاسایی دوای یەک دوو ساڵ، هۆگەری خوێندنەوەی ئەم کتێبەی نابێت و ئەمەش دەبێ ببێتە هۆی لەنێوچوونی کتێبەکە. ڕەخنەگرێک کە زۆر ڕێزی دەگرم، لە بارەی کتێبەکە وتاری بۆ خوێندم و گوتی: " بۆچی ئەم شتانەت لە ئەم کتێبەدا داناوە؟ کتێبێک کە ئەگەر ئەمانەی تێدا نەبوایە، باش بوو و بە ئەم شتانە کردووتە بە بابەتێکی رۆژنامەگەریانە." قسەکەی راست بوو، بەڵام من نەمدەتوانی بە ئەم جۆرەی نەنووسم. من بە ڕێکەوت تێگەیشتبووم و لە بەریتانیا بەشێکی کەم ئیزنیان دا بزانرێت هێندێک پیاوی بێتاوان تۆمەتبار کراون. ئەگەر بە هۆی ئەم بابەتە تووڕە نەبووبام، هەرگیز ئەو کتێبەم نەدەنووسی.
ئەم کێشەیە بە چەند جۆری دیکەش دیسان دێتە بەرەوە. کێشەی زمان هەستیارترە و لەسەر ڕۆیشتنی زۆر دەخایەنێت. من تەنیا لە ئەم ساڵانەی دواییدا دەڵێم هەوڵم داوە کەمتر داهێنەرانە و زیاتر بە وردبینیەوە بنووسم. لەبوارە جیاوازەکانەوە هەستم پێکردووە کاتێک کەسێک شێوازی نووسینی پەروەردە دەکات، پاشان بۆ هەمیشە ئەو دەخاتە دواوە. "کێڵگەی ئاژەڵان' یەکەم کتێب بوو کە من بە تێگەیشتنی تەواوە ئەوەی دەمکرد ئەوە بوو کە ئامانجی سیاسی و هونەریم لە گشتێکدا کۆدەکردە و تێکەڵم کرد.
حەوت ساڵە ڕۆمانێکم نەنووسیوە، بەڵام هیوادارم زۆر زوو یەکی دیکە بنووسم. تێشکان پێویستی بە کارکردنە. نووسینی هەر کتێبێک تێشکانێکە، بەڵام من بە چەشنێک لە بەرچاوڕوونیی دەزانم کە دەمهەوێ چی بنووسم. کاتێک چاو لە یەک دوو لاپەڕەی کۆتایی دەکەم، هەست دەکەم ئەوجۆرەی پێشانم داوە، ئەوەیە لە نووسیندا بە گەشتی ورەی خەڵک هاندەرم بووە. نامهەوێ شوێن‌دانانی ئەم وتارە لە کۆتاییدا ئەمە بێت. هەموو نووسەران خۆپەسند و خۆخواز و تەوەزەلەن و ماکەی هاندەرەکەیان ڕازێکی شاراوەیە. نووسینی کتێبێک ترسناکە، پێوە خەریک بوونێک لە پووکانەوەدا، وەک قۆناخی نەخۆشییەکی بە ژان و درێژخایەن. ئەگەر دێوەزمەیەکی ئەوتۆ مرۆڤ هان نەدات، دێوەزمەیەک کە ناکرێ لە بەرانبەریدا بوەستی و هەستی پێنەکەی، هەرگیز ناتوانی بە گژ نووسینی کتێبدا بچیەوە. سەرەڕای ئەمەش کە ئەو دێوەزمەیە ڕێک وەک ئەو خولیایەیە کە منداڵ بۆ ڕاکێشانی سەرنج هاندەدات، بزریکێنێت. ئەوە ڕاستە کەسێک بۆ شاردنەوەی کەسایەتیی خۆی هەوڵ نەدات ناتوانێ شتێک بنووسێت کە شیاوی خوێندنەوە بێت. پەخشانی باش وەک چوارچێوەی پەنجەرەیە. من ناتوانم بە باوەڕی تەواوە بڵێم کامە لە هاندەرەکانم لەوانی دیکە بەهێزترە، بەڵام دەزانم کامانەیان شیاوی بەدوا داچوونن. ئەو کاتەی ئاوڕێک لە کارەکانی ڕابردووم دەدەمەوە، دەبینم بێ دەرهاویشتن لە هەر جێگەیەک ئامانجی سیاسیم نەبووە، کتێبێکی ئاڵۆزم بە بڕگەی رەنگاوڕەنگ و ڕستەی بێ مانا و زێدەواژەی خشڵ ئاسا و بە کورتی بڵێم فێڵبازانەم نووسیوە.
(1947)
سه‌رچاوه‌:
http://dibache.com/text.asp?cat=47&id=983