پاسەوانی بارەگا و بەرپرسەکان ڕێک دەخرێنەوە

کوردستان 19/01/2020

چاودێر

 

ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆی ‌پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پاسەوانی بارەگا و بەرپرسان لە هەرێمی كوردستان ڕێك دەخرێنەوە و بە پێی یاسا پاسەوان بۆ هەر شوێن و بەرپرسێك دیاری دەكرێت.


سەعید هەركی، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاندووە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی یەكەی پاسەوانیی هەرێمی كوردستانەوە پاسەوانی حكومی و بەرپرسان ڕێك دەخاتەوە و ئەو یەكەیە هەموو پاسەوانەكانیان بۆ دیاری دەكات و چیتر بەرپرسان 10 پاسەوان و فەوجێكیان نامێنێت و بە پێی ڕێنمایی، هەموو بەرپرس و بارەگایەك پاسەوانی بۆ دیاری دەكرێت، چونكە پێشتر خۆیان پاسەوانیان بۆ خۆیان دیاری دەكرد، بەڵام لەمەودوا بە پێی یاسا بەرپرس پاسەوانی بۆ دیاری دەكات، ئەویش لە ڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.


سەعید هەركی وتیشی: "بەرپرس هەبووە زیاتر لە 100 پاسەوانی هەبووە و 50یان كاریان كردووە و 50شیان بندیوار بوون، بۆیە تەنها ئەو پاسەوانانەیان بۆ دیاری دەكەن كە بە كردەوە پاسەوانی دەكەن و به ‌هیچ شێوەیەك بندیوار نامێنێت."