چی لەبارەی گرێی خوێنینی پێڵوی چاو دەزانیت؟ زیانەكانی ئەمانەن

تەندروستی 19/01/2020

چاودێر: تابان رەزا
 گرێی خوێنینی چاو (خاڵی شلیكی) حاڵەتێكی دەگمەنی زگماكییە و دوای لەدایكبوون لە پێڵوی كۆرپەدا دەبینرێت، رەنگی سورێكی ئاڵە، ئەم حاڵەتە لەكاتی گریانی منداڵەكەدا گەورە دەبێت  قورسایی لەسەرپێلوی چاوەكە دروست دەكات  و دەبێتەهۆی داكەوتنی پێڵوەكە.
‎ گرێی خوێنینی پێڵو(گمۆڵی چاو) لەمنداڵدا چیە؟
‎د. ماكۆك محەمەد،پزیشكی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو،  دەڵێت"  گرێی خوێنینی چاو (خاڵی شلیكی) حاڵەتێكی دەگمەنی زگماكییە و دوای لەدایكبوون لە پێڵوی كۆرپەدا دەبینرێت، بە تایبەت لە پێڵوی سەرەوەدا، هەندێك جار هێندە گەورەیە كە پێستی ڕووخساریش دەگرێتەوە، لەوانەیە لە چەند شوێنێكی تری جەستەش دروست ببێت.

وتیشی،  ڕەنگی سورێكی ئاڵە، كاتێك پەنجە بخرێتە سەر گرێكە ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ سپی یان زەرد.
ئایا زیانی بۆ چاو هەیە؟
ئەوپزیشكە، دەڵێت"  لە كاتی گریاندا قەبارەی گەورە دەبێت و بڕێكی زیاتر خوێن لەناو گرێكەدا كۆدەبێتەوە،  ئەگەر زۆر گەورە بێت ئەگەری هەیە قورسایی لەسەر پێڵوی سەرەوە دروست بكات و ببێتە هۆی داكەوتنی پێڵوو، ئەمە حاڵەتەش  ڕێژەكەی لەناو كچاندا زۆرترە وەك لە كوڕان.
ئەوەشی ووت،  هەر منداڵێك گمۆڵی خوێنینی هەبوو باشترە، پشكنینی گشتی بۆ بكرێت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی منداڵانەوە بۆ زانینی بوونی هەر نەخۆشییەكی تری زگماكی.
چارەسەر
‎د. ماكۆك محەمەد، لەبارەی چارەسەرەكانەوە ئاماژەبەوەدەكات، هەندێك منداڵ هەتا تەمەنی سێ ساڵی بچوك دەبنەوە و كاریگەرییان نامێنێت، زۆرینەیان ناگاتە تەمەنی حەوت ساڵی دەپوكێننەوە و بەبێ چارەسەر نامێنن، بەڵام ئەگەر مایەوە و قەبارەی گەورە بوو، وە گرفتی بۆ بینایی و جوانیی ڕووخساری مناڵەكە دروست كردبوو، دەتوانرێت چارەسەری بكرێت بەم شێوەیە:
‎٭ ئەگەر گمۆڵەكە بچوك و تەنك بوو، دەتوانرێت مولوولە خوێنینەكان بە لەیزەر بسوتێنرێن.
‎٭ چارەسەر بە نەشتەرگەری و سوتاندن، بەڵام مەترسی و كێشەی زۆرە.
‎٭ چارەسەر بە دەرمانی ستیرۆید، بە تایبەت بە شێوەی دەرزی دەدرێت لەناو گمۆڵەكە.
‎٭ هەندێك جار حەبی پڕۆپرانۆلۆڵ كاریگەری باشی دەبێت لە بچوكبونەوەی.