هۆكارەكانی توشبون بەدەوالی چین ؟ بۆچی قاچەكان زیاتر توش دەبن؟

تەندروستی 19/01/2020


چاودێر-تابان رەزا:
دەوالی نەخۆشییەكی درێژخایەنە‌و بریتییە لەگەورەبونی بەردەوامی بۆرییەكانی خوێن، كەزیاتر لەقاچەكاندا رودەدات، هۆكاری سەرەكی قەڵەویی‌و بۆماوەیی‌و بەپێوە وەستانی زۆرە، رێژەی توشبون بەم نەخۆشییە لەژناندا زۆرترە وەك لەپیاواندا، ئەوەیش بەهۆی بونی هۆڕمانات‌و دوگیانی یەك لەدواییەك، لای خۆیشیەوەد.ئارام بارام، پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ‌و سنگ‌و بۆری خوێن، دەڵێت"وەرزشكردن تاكە رێگەیە بۆ خۆپاراستن لە توشبون بەدەوالی".


دەوالی چیە؟

د.ئارام بارام، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ‌و سنگ‌و بۆری خوێن، ئاماژەبەوەدەكات،نەخۆشی دەوالی بریتییە لەگەورەبونی هەمیشەیی بۆریی خوێنهێنەری قاچ، كە زیاتر لەقاچەكاندا رودەدات،بەڵام دەوالی ئەگەری هەیە لە سورێنچك‌و دیواری سك‌و پەلەكانی سەرەوە‌و گوندا روبدات، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی 97% ی حاڵەتەكان لەهەردو پەلەكانی خوارەوە رودەدات،ئەوەیش نەخۆشییەكی درێژخایەنە.
هۆكارەكان
ناوبراو باس لەوەیشدەكات،تائێستا هۆكاری سەرەكی بۆتوشبون بەدەوالی دیاری نەكراوە، بەڵام چەند هۆكارێك هەیە ئەویش بۆ ماوەیی‌و زۆر بەپێوە وەستان‌و دوگیانبونی یەك لەدواییەك، قەڵەوی وەك یەكێك لەهەرە هۆكارە سەرەكییەكانە ‌وگەرما بەتایبەت ئەو وڵاتانەی گەرمە، چونكە خوێن هێنەرەكان زیاتر گەورە دەبن، هەروەها هەندێك جۆری نەخۆشی وەك كێشە لەحەوزدا‌و گرێی هێلكەدان‌و گرێی لیمفاوییەكانی ناو حەوز، هۆكاری هۆڕمۆنی كە دەمارەكان لەكاتی دوگیانی شل دەبنەوە‌و وای لێدێت بۆرییە خوێنبەرەكان زیاتر شل بێتەوە.
دەوالی گون چی یە؟
ئەو پزیشكە پسپۆڕە، رونیشدەكاتەوە،خوێن لە دەوربەری گون بەشێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆ نەكات، ئەگەری هەیە زیان بگەیەنێت بەو گونەی شوێنی دروستكردنی تۆوە، نەخۆشەكە هەستدەكات كرمێك لەناو تورەكەكیدایە، بەدەستی خۆی هەستی پێدەكات، دەوالی گونەكان 10% ی كەمتر كاریگەریی لەسەر منداڵ بون هەیە،پیاوان زیاتر لەتەمەنی25-45 ساڵی توشی دەوالی گون دەبن، هۆكارەكەشی زیاتر بۆماوەییە، هەروەهاشێوازی چارەسەرەكانیش بەنەشتەرگەریی‌و دەرمانە.
نیشانەكان
د.ئارام بارام، دەڵێت "باوترین نیشانەكانی دەوالی نەخۆشەكە هەستدەكات شوێنەكەی بەرز دەبێتەوە، كە رەنگەكەی دەبێتە شینێكی تۆخ‌و شوێنەكەی ناشرینە كە دەردەكەوێت، هەروەها هەبونی ئازار و زوو هیلاك بونی قاچەكان".
ئەوەشی ووت، دەوالی دەرەجەی هەیە لە یەك تاوەكو شەش، رەنگی پێستەكە لەكۆتا دەرەجەدا تێكدەچێت‌و قاوەیی دەبێت، ئەگەر كەسەكە زوو فریای خۆی نەكەوێت، لەوانەیە ببێت بەبرین‌و بتەقێت‌و توشی خوێن بەربون ببێت، ئەم دەوالییە ئەگەر گوێی پێنەدرێت كڵۆی خوێن دروستدەكات، چونكە لەو شوێنەدا جوڵەی خوێنەكە ئاسایی نییە،ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبونی كڵۆ كە ئەگەری هەیە بڕوات بۆسەرەوە بۆ سییەكان.
رێژەكە لەژناندا زۆترە
ئەو پزیشكە وتیشی"رێژەی توشبون لە ژناندا زیاترە، وەك لە پیاوان، واتە تاوەكو دو ژن توش دەبێت یەك پیاو توشی دەبێت، هۆكارەكەیشی دەگەڕێتەوە بۆ هۆڕمۆنات‌و قەڵەوی، دوگیانی‌و بۆماوەیی، بەشێوەیەكی گشتی لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوە زۆر كەمە ئەگەر هەبو هۆكارەكە بۆماوەییە،لەدوای تەمەنی 18 ساڵییەوەتا 50 ساڵی هەردوو رەگەزەكە وەك یەك توش دەبن، لەئێستادا رێژەی توشبون لەزیادبوندایە، لەبەرئەوەی وڵاتی ئێمەخەڵكەكەی بەرەوە قەڵەوی دەڕوات، هاوكات لەژناندا دەرەجەی یەك‌و دو سێ زۆرە، لەبەرئەوەی ناشرینە بەقاچەوە دیارە ژنانیش زوتر دێنە لای پزیشك‌و چارەسەر وەردەگرن، بەمەیش ناچێتە دەرجەكانی تر، بەڵام لەپیاواندا جیاوازە پشتگوێی دەخەن، كە دێنە لای پزیشك لەدەرەجە چوار‌و پێنجەدایە‌و بێتاقەتی كردون،ئازاری هەیە، هەڵئاوساوە رەنگی قاچەكە گۆڕاوەناتوانێ‌ بڕوات هیلاكی دەكات، پاشان دێتە لای پزیشك".
بۆچی زیاتر دەوالی لەقاچەكاندا دروستدەبێت
 ئەو پزیشكە، جەختدەكاتەوە، كاتێك بەپێوە دەوەستیت ئەوكاتەبەهۆی راكێشانی زەوییەوە خوێنەكە زیاتر دەڕوات، لەبەرئەوە وەستانی لەوێدا زیاتر دەمارەكە گەورە دەكات، هەروەهادەمارەكانی قاچ گەورەترن لەدەماری پەلەكانی سەرەوە، لەبەرئەوە پەلەكانی خوارەوە زیاتر توشیدەوالی دەبن.
دەوالی لەژنانی دوگیاندا
د.ئارام بارام، رونیشیكردەوە، 90%ی ژنانی دوگیان توشی دەوالی دەبن، بەڵام هەمویان كێشەیان بۆ دروست ناكات، لەبەرئەوەی رەحمی ژن كەگەورە دەبێت لەسێ مانگی یەكەم دەوری نیە، بەڵام، كە بەرەوە گەورەبونی سك بچێت چەندە رەحم گەورە بێت ئەوەندە زەخت دەخاتە سەربۆری خوێنەكە، چەند زەخت بكات ئەوەندە كەمتر خوێن دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەقاچەكاندا دەمێنێتەوە، ئەگەر ژنەكە خۆی پێش دوگیانی دەوالی نەبێت، لەكاتی دوگیانی توش دەبێت‌و وردە وردە زیاد دەكات، دوای دوگیانیەكە 90% ی ئەوەی خۆینەیبوە دەگەڕێتەوەو نامێنێت، بەڵام ئەوەی خۆی دەوالی هەبوبێت، بەڵام پشتگوێی خستوە لەكاتی دوگیانیەكەیدا10 ئەوەندە زیاد دەكات.
چارەسەرەكان
ئاماژەی بەوەیشكرد ،چارەسەرەكان بەپێ دەرەجەكان دەگۆڕێت، واتە ئەگەر دەرجە یەك‌و دوو بێت ئەو وردیلە ملولە ژێر پێست كە دەركەوتوە ئەوە زیاتر بۆجوانكارییە بەدەرزی‌و كرێم‌و لێزەر لادەبرێت، دەرەجەی سێ‌و بەرە‌و سەروترنەشتەرگەریی دەكرێت.
وتیشی"سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە دەكەوێتەوە سەر نەخۆش‌و جۆری نەخۆشییەكە‌و جۆری چارەسەرەكە، بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر نەخۆشەكە بڕوات لەگەڵ ئەو چارەسەرانەی پزیشك بۆی دەكات‌و جوڵەی زۆر بكات، زۆر بەپێوە نەوستێت‌و كێش كەم بكاتەوە لە 2-3% ی هەڵدەداتەوە كەئەمە رێژەیەكی سەركەوتنی باشە، بەڵام زۆر رۆشتن‌و راكردن‌و مەلەكردن زۆر باشن بۆ دەوالی، چەند ماسولكەكانی خوارەوە بەهێتر بێت ئەگەر توشبون بەدەوالی كەمترە".