رونکردنەوەیەک لە لێژنەى باڵاى فێستیڤاڵى گەلاوێژ بۆ نوسەران و ئەدیبان

کوردستان 18/01/2020



دواى ئەوەى رۆژى سێشەممە 15/10/2019 کاژێر (4)ى ئێوارە لە هۆڵى دیالۆگ لە  کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رۆژانى فێستیڤاڵى گەلاوێژ راگەیەندرا، بە سوپاسەوە لەوکاتەوە تاکو ئێستاکە چەندین بەرهەم گەیشتۆتە لێژنەى باڵاى بیست و سێیمەین فێستیڤاڵى گەلاوێژ و هەموانیش ئاگادارکراونەتەوە لە گەیشتنى بەرهەمەکانیان، بەڵام بەشێک لە نوسەران و ئەدیبان بابەتەکانیان لە رێگەى (مەسنجەر) بۆ پەیچى گەلاوێژ دەنێرن، نەک ئیمەیڵى تایبەت کراو بە بیست و سێیەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژ، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەدیب و نوسەران دەکەین تەنها بابەتەکانیان بۆ ئیمەیڵى ([email protected]) بنێرن، ئەوانەى بابەتیشیان بۆ پەیجى گەلاوێژ ناردووە داواکارین جارێکى دیکە بابەتەکانیان بنێرنەوە بۆ هەمان ئیمەیڵى سەرەوە، چونکە لیژنەى ئامادەکار سەرجەم بابەتەکان تەنها لە رێگەى ئیمەیڵەوە دەبینێت و لەوێشدا ئەرشیف دەکرێت، ئەمە جگە لەوەى ئەم ئیمەیڵە تەنها تایبەتە بە باتەکان، نەک مەسنجەر کە رۆژنە دەیان نامە و هەواڵ و چالاکیمان بۆ دێت، ئەمەش وا دەکات بابەتەکانیان ونبێت لەناو مەسنجەر.
بەشێکى دیکە پرسیارى ئەوە دەکەن، کە بابەتەکانیان زیاترە لەو مەرجانەى دانراون، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیمان بە لیژنەى ئامادەکار کرد، سەرجەم نوسەران پێویستە رەچاوى مەرجەکان بکەن، چونکە ئەو مەرجانە لەلایەن لیژنەیەکى پسپۆر و تایبەتمەندەوە دیاریکراون، بەمەش رەچاوى کات و رۆژانى فێستیڤاڵ کراوە.
بەشێکى دیکەش لە نوسەر و ئەدیبان بابەتەکانیان زیاد لە جارێک بۆ ئیمەیڵى فێستیڤاڵ ناردووە، بۆ ئەم مەبەستە داواکارین بابەتەکانتان یەکجار بنێرن نەک زیاتر لە جارێک، هەر بەڕێزێکیش لە ماوەى یەک تا دوو رۆژ وەڵامى نەبوو، ئەوا دەتوانێت بە نامە ئاگادارمان بکاتەوە، هەر چەندە رێگە بەخۆمان نادەین لەماوەى دوو رۆژدا وەڵامتان نەدەینەوە، چونکە ئیمەیڵ بەردەوام کراوەیە و رۆژانە زیاد لە (10) دە جار ئیمەیڵەکان دەکەینەوە و لێى ورد دەبینەوە.
بە هیواین هەموومان لە فێستیڤاڵى گەلاوێژ بەیەک بگەین و چەند رۆژێکى خۆش لەگەڵ بەرهەمە ئەدەبى و لێکۆڵینەوە پڕ بایەخەکانتان ببەینە سەر...
بڕگە و مەرج و ڕێنماییەکانى بیست وسێیەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژ:
1- مەرجەکانى وەرگرتنى بابەت دیاریکراوە پێویستە سەرجەم بابەتى بوارەکانى (شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینەوە) نوێ بن و پێشتر لە هیچ شوێنێک بڵاونەکرابێتەوە و بەفۆنتى یونیکورد گۆران تایپ کرابن و سایزى (14) بن، بەم شێوەیەى خوارەوەش بۆ هەر بابەتێک لاپەڕە و وشەکان دیاریکراون:
أ- شیعر، پێویستە لە (4) لاپەڕە زیاتر نەبێت.
ب- چیرۆک، پێویستە لە (2000) دوو هەزار وشە زیاتر نەبێت.
ج- لێکۆڵینەوە، پێویستە لە (6000) شەش هەزار وشە زیاتر نەبێت.
2- لە رۆژى 15/10/2019 تاکو 15/2/2020 بابەتەکانى فێستیڤاڵ لە رێگەى ئیمەیلى ([email protected]) وەردەگیرێن.
3- لە رۆژانى 16، 17 و 18/4/2020 بیست و سێیەمین فێستیڤاڵ لە شارى سلێمانى بەڕێوەدەچێت.