خۆشم دەوێیت ...
خۆشم دەوێیت ...
ئەمە شیعرێكی وریا مەزهەر شاعیر و چیرۆكنووسی (كورد_فارس) ە ئەو 29.2.1976 لەدایكبووە، 26.4.2011 لەتەمەنی 35 ساڵیدا لە شاری هێلنسكی خۆی كوشت و لە گۆڕستانی کێڵۆنومێن هاوتاوسما) ی هێلنسكی بەخاك سپێردرا. وریا دەربارەی ئامادە نەبوون، دەربارەی ونبوون و پەرتبوون و بێ یەكی دەینووسی.. ئەم شیعرەی وریا لەهەمان فەزاو جێگا دەدوێت كە بۆشاییە، كە تەنیایی و غەمگینییەكی قورسە. ڕەخنەی چاودێر جارێكی تر ئەم شیعرە بۆ خوێنەرانی بڵاو دەكاتەوە.
خۆشم دەوێیت ...
چونکە نازانم برینی چەند چەقۆی لەعنەتی بە سنگتەوەیە و
ئێستا لەسەر تەختی کام نەخۆشخانە مردوویت یان
لە دایک بوویت،
چونکە ناتناسم،
تەنانەت نەمبینیوی (یان بینیومی و نەمناسیویتەوە)،
خۆشم دەوێیت بە هۆکاری زۆر شتی تر
کە بە پێویستی نازانم بیانڵێم
نا... پێویست نییە، هیچ شتێک پێویست نییە
پێویست نییە بڵێم: درەنگە، سبەی زوو وانەم هەیە
پێویست نییە بڵێم: خۆشم دەوێیت
پێویست نییە بڵێم: پێویست نییە
ها؟...
نا، هیچم نییە
تەنھا کەمێک ماندووم
دەبێت بچم بخەوم
ئێستا تۆش وەکو هەمیشە لوتف بنوێنە و مەیە خەونم ..