دەربارەی گۆڕین

ڕەخنەی چاودێر 13/01/2020

دەربارەی گۆڕین

هاوڕێ عەبدوڵا


ماوەیەکی زۆرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەون بە دونیایەکی ترەوە دەبینێت، بەڵام بۆی ڕوون نییە دەبێت ئەو دونیایە نوێیە چۆن بێت و چی لە دونیا کۆنەکە جیاواز بێت. خەون کافی نییە بۆ گۆڕینی دونیا، گەر لەپاڵ خەونەوە جیهانبینییەکی نوێ و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە نەبێت. گەر قسە باوەکە دووبارە بکەینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت چی ناوێت، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کردار و پەرچەکرداری بەرامبەر بەو دونیا کۆنە هەیە، بەڵام نازانێت ئەوەی دەبێت لە جێگەی ئەو دونیا کۆنە بونیاتی بنێتەوە دەبێت چۆن بێت. فۆرمی فیوداڵیزمی ڕۆژاوایی و ململانێ ناوەکییەکانی نێو ئەم سیستەمە، هەوێنێکی باش بوو بۆ لەدایکبوونی ئەوەی پێی دەوترێت دونیای مۆدێرنی ڕۆژاوایی. لە ڕۆژاوا لەدوای هەرەسی ئیمپراتۆرێتی ڕۆماوە، هیچ ئیمپراتۆرێتێکی تر جێگەی ناگرێتەوە و سیستەمی کۆیلایەتی دەکەوێت و سیستەمێکی تر جێگەی سیستەمی کۆیلایەتی دەگرێتەوە، ئەویش سیستەمی فیوداڵیزمە. بەهۆی هەرەسی ئیمپراتۆرێتی ڕۆماوە، دەسەڵات لەنێو فیوداڵیزمی ڕۆژاواییدا دابەش دەبێت بەسەر پاشا، پاپا و پیاوانی دینی، و فیوداڵەکاندا. پاشا دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری هەبوو، پیاوانی دینیش، ڕۆحی و سیاسی و ئابوریش. هەرچی فیوداڵەکانە دەسەڵاتی سیاسی و ئابورییان هەبوو، دەتوانین بڵێین کۆمەڵایەتیش. ئەم دابەشبوونەی دەسەڵات ناکۆکی و ململانێی دروست کرد، پاشا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی زیاتری هەبێت و دەسەڵاتی فیوداڵەکان کەم بکاتەوە، پشتگیری دەرکەوتنی چینێکی نوێی کرد، کە ئەوکات بە چینی بازرگانەکان ناسرا بوو. بازرگانەکانیش بۆ ئەوەی هەژمون و ڕێگریی فیوداڵەکان بەسەر ئابوری و بازرگانییەوە نەهێڵن، لایەنگری پاشایان کرد. هاوکاتی ئەم ململانێیەش ئاینزایەکی نوێ لەناو مەسیحییەتەوە سەرهەڵدەدات، ئەویش ئاینزای پرۆتستانتە. بەشێک لە پاشاکان و دەوڵەتانی ڕۆژاوا پشتگیری دەرکەوتنی ئەم ئاینزایە نوێیەیان کرد، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی پیاوانی دینی لە سیاسەت و ئابوری جیادەکردەوە، و زیاتر دەسەڵاتێکی ڕۆحی بە پیاوانی دینی دەبەخشی. دەرەنجامی ئەم ململانێ ناوەکییانەی نێو ڕۆژاوا، زۆر پرس دەبێتە جێگەی باس و بیرلێکردنەوە، لەوانەش جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، پەیمانی کۆمەڵایەتی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، سەرچاوەی یاسا چییە، پرسەکانی وەک ئازادی و یەکسانی و عەدالەتیش دەبنە پرسی گرنگ و جێگەی باس. ئیتر لەپاڵ ئەم باس و پرسانەوە کارگەکان دروست دەبن، دۆزینەوەکان و داهێنانەکان لە بوارە جیاواز جیاوازەکاندا دەردەکەون، بەناو شۆڕشی پیشەسازی و ڕۆشنگەرییەوە و... دونیایەکی نوێ لەدایک‌ دەبێت، ئەوەی پێی دەوترێت دونیای مۆدێرنی ڕۆژاوایی
...
گەر واز لە ڕۆژاوا بێنین و بێینە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین بەم ناکۆکی و ململانێیانەدا تێنەپەڕیوە، ئەو پرسە گرنگانەشی کە دەبنە پرسی گرنگی بیرکردنەوە لە ڕۆژاوا، لە ڕۆژهەڵات نابن بە پرس. هاوکاتی ئیمپراتۆرێتی ڕۆما، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیمپراتۆرێتی ساسانییەکانمان هەیە. کاتێک ئیمپراتۆرێتی ساسانییەکان هەرەس دێنێت، لە جێگەی ئەم ئیمپراتۆرێتە، خەلافەت یان دەتوانین بڵێین ئیمپراتۆرێتی ئیسلامی شوێنی دەگرێتەوە. لە ڕۆژهەڵات بەپێچەوانەی ڕۆژاواوە کاتێک ئیمپراتۆرێتی ساسانی هەرەس دێنێت، دەسەڵات دابەش نابێت بەسەر ئەو سێکوچکەیەی کە باسمان کرد، بەڵکو دیسانەوە لە یەک سەنتەر و دەسەڵاتی دیاریکراودا، دەسەڵاتەکان کۆ دەبنەوە. واتا دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆحی و ئابوری لەژێر دەسەڵاتی خەلیفە یان ئیمپراتۆردا کۆ دەبنەوە. لە فیوداڵیزمی ڕۆژاواییدا دەسەڵات دابەش ببوو بەسەر سێ سەنتەردا، بەڵام لە فیوداڵیزمی ڕۆژهەڵاتیدا دەسەڵاتە جیاوازەکان لە یەک سەنتەردا کۆ دەبنەوە، ئەمەش بواری ئەوە نادات ململانێ و ناکۆکیی ناوەکی لەنێو ئەم سیستەمە فیوداڵییەی ڕۆژهەڵاتەوە دروست بێت. پێموایە ئەمە لەحزەیەکی زۆر گرنگی مێژووییە، و بەشێکی جیاوازیی گرنگی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتیش بۆ ئەمە دەگرێتەوە. بەدرێژایی ئەو زەمەنە مێژووییەی ڕۆژهەڵات، تا دەگات بە هەرەسی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیش، بینەری ناکۆکی و ململانێیەکی ڕاستەقینە نابین بۆ ئەوەی ترازانێکی ڕاستەقینە دروست ببێت. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، لە ناوچەکەدا فۆرمی زاڵی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێتی دەگۆڕێت بۆ دەوڵەت-نەتەوە. بەڵام گرفتە سەرەکییەکە لەوەدایە ئەم فۆرمە نوێیە بەرەنجامی ناکۆکی و ململانێ و زەروورەتی ناوەکیی ئەم ناوچەیە دروست نابێت، بەڵکو فۆرمێکە ئیمپریالیزم لە ناوچەکەدا لەبەر خواست و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی دەیسەپێنێت. زیاتر لەسەر ئەم ڕەهەندە مێژووییە ناوەستین، بۆ کاتێکی تر و شوێنکی تر هەڵیدەگرین، و لەسەر ئەم بەراوردە دەوەستینەوە، کە پێموایە بابەتێکی زۆر گرنگ و فرە ڕەهەندە.
لەبەر ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ئەو ململانێ و ناکۆکییانە دروست نەبوون، لەبەر ئەوەی دیالۆگێکی ڕۆشنگەریی ناوەکیی ڕاستەقینە لەم ناوچەیە دروست نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو پرسانەی لەسەرەوە باسمان کردن، نەبوون بە پرسی گرنگ و جێگەی باس و بیرلێکردنەوە، سیاسەت وەک تاکە کایەی گۆڕینی دونیا و فریادڕەسی ناوچەکە، دێتە سەر شانۆی مێژوو. هەرکات باسی گۆڕین بکرێت، یەکسەر بیر لە گۆڕانی سیاسی و گۆڕینی سیاسییانەی دونیا دەکرێتەوە. ڕاستە کایەی سیاسەت، تاکە کەناڵی گۆڕینی ڕاستەوخۆیە لە کۆمەڵگادا. بەڵام هەرکات سیاسەت وەک کایەکی خۆژێن و دابڕاو لە کایەکانی تر و دابڕاو لە دیالۆگێکی ڕۆشنگەرانەی ناوەکی، درێژەی بەخۆی دا، ئەوکات ناتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەناو کۆمەڵگادا دروست بکات.
 ئایە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەو ئاگاییە سوبێکتیڤییە دروست بووە کە بتوانێت واقیعی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت؟ لەبەر ئەوەی سوبێکتی گۆڕانخوازی ئێمە سوبێکتێک نییە لەناو دیالۆگێکی ڕۆشنگەرانە و بەرمەبنای بوونی ژێرخانێکی عەقڵی دروست بوو بێت، بۆیە سوبێکتی گۆڕانخوازی ئێمە سوبێکتێکە تەنیا لەناو سیاسەتەوە دەیەوێت دونیا بگۆڕێت. واتا سوبێکتێکە پێش ئەوەی خۆی بگۆڕێت، بیر لە گۆڕینی دونیا و دۆخی ئۆبێکتیڤیتە دەکاتەوە. پێموایە ئەمە گرفتێکی سەرەکییە، بینەری دەرکەوتنی سوبێکتێکی نوێ نین، تا ئەوەی ئەرکی گۆڕینی دۆخی ئۆبێکتیڤیتەی بخرێتە ئەستۆ. هەڵبەت ئاگاداری ئەوە هەم نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرین بەشێکی گۆڕانی ڕیشەیی سوبێکت خۆشی گرێدراوە بە گۆڕینی دۆخی ئۆبێکتیڤیتەوە، بەڵام پێشمەرجی گۆڕینی دۆخی ئۆبێکتیڤیتە، دروستبوونی سوبێکتێکی نوێ و بیرکەرەوەیە
.