حزبوڵڵای عیراقی هەڕەشە لە پەرلەمانتارە كوردەكان دەكات

ڕاپۆرت 05/01/2020


ئا/ رەمەزان شێخانی
بریارە ئەمرۆ یەكشەممە پەرلەمانی عیراق دانیشتنێكی نائاسایی سازبكات بەمەبەستی گرتنەبەری وەڵامێكی سیاسی لەبەرامبەر كوژرانی قاسم سولێمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەعیراق.
پەرلەمانتارە شیعەكان هەوڵدەدەن یاسایەك لەپەرلەمان تێپەرێنن بەمەبەستی دەركردنی سوپای ئەمریكا لە عیراق و هەڵۆشاندنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی ئەمنی نێوان بەغدادو واشنتۆن.
بەگوێرەی ئاژانسەكان كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراق بەر لە سازكردنی دانیشتنەكە هەڕەشەی لەو فراكسیۆنە سیاسیانە كرد كە ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان  نەبێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەر بریارەكە و تێپەراندنی.
میلیشیاكانی حزبوڵڵا بەتایبەت هەڕەشەی لە پەرلەمانتارە كوردەكان كردوە ئەگەر بێت وئامادەی دانیشتنەكە نەبن و دەنگ بە یاساكە نەدەن رێگەیان نادەن جارێگی دیگە بگەرێنەوە بەغدا.
مەكتەبی سیاسی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی لەراگەیاندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە پێویستە رێككەوتننامەی ستراتیژی هەڵبۆشێنرێتەوە كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پێشێلكراوە و ئەو رێككەوتننامەی خستوەتە ژێر پێیەوە و لە ئێستادا لەسەر ئەرزی واقیع رێككەوتننامەكە هەڵۆشاوەتەوە. 
لەبەشێكی دیكە راگەیاندراوەكەدا هاتوە گەلی عیراقی بریندار چاوی بڕیوەتە دانیشتنەكەی ئێوەو داواكارە لەپەرلەمانتاران بوێرو ئازا بن و ئومێد دەكات ئەم دانیشتنە راپەرینێك بێت لە پێناو گێرانەوەی شكۆی خوێنی رژاوی رۆڵەكانیان كە لەلایەن ئەمریكاوە رژێنراوە و بە یەكەمین وڵاتی تێرۆریستە لە جیهاندا ناوی بردوە.
لەبەشێكی دیكە راگەیاندراوەكە كەتیبەكانی سەر بە حزبوڵڵای عیراقی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارە كوردەكان كردوە وئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە كە هەندێك حزبی كوردی هەیە لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لەعیراق كە پەیوەندی بەخەونی جیابونەوەی خۆیانەوە هەیە لەعیراق هەرچەندە هەموان دەزانن ئەمریكا هاوپەیمانێكی سەر راست نیە.
تەئكیدیشیان كردوەتەوە ئەوان دەستە وەستان نابن لە ئاشكراكردنی كەسانی ناپاك و كۆدەتاچی و رێگەیان نادەن بێنە بەغدادەو و ناهێڵێن كاریان لەگەڵدا بكرێت و رێگەش نادەین ئەولایانانە بەرژەوەندیەكانیان بەردەوام بێت .