لەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێران لەكورد نیگەرانە

ڕاپۆرت 04/01/2020


چاودێر:  دوو رۆژ لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، تاكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ راگەیەندراوێكی رەسمی لەسەر ئیدانەكردنی كوژرانی قاسم سولەیمانی بڵاو نەكردوەتەوەو ئیدانەی نەكردوە، ئەمەش میدیاكانی نزیك لەسوپای پاسدارانی هێناوەتە پرسیاركردن و وەك ئاماژەیەك چاوەڕوانن بزانن هەڵوێستی كورد چۆن دەبێت.

ئاژانسی تەسنیمی نزیك لەسوپای پاسدارانی ئێران، لەراپۆرتێكیدا، قاسم سولەیمانی بەپارێزەری هەولێر زانیوە لەكاتی پەلاماری داعش بۆ سەر مەخمورو دواتر كەوتنە رێ بەرەو كەركوك".

 لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەدراوە، 7ی ئۆگەستی ساڵی 2014 داعش بەتەواوی پێشمەرگەی لەمیحوەرەكانی گوێرو مەخمورو خازر تێكشكاند، بەو هۆیەوە هەولێر كەوتە مەترسیەوە، هەربۆیە رۆژی 8ی ئۆگەست، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی ئەوكاتی كوردستان، هۆشیار زێباری راسپاردبوو بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ جۆن كیری بكات، بۆ ئەوەی رێگە لەكەوتنی هەولێر بگرێت، بەڵام تاكو ئەمریكاییەكان هاتن، فڕۆكەكانیان لەزەوی بەرزبوونەوە، قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی سوپای قودسی ئێرانی،  فریای شارەكە كەوتوو داعشی تێكشكاند.

رونیشكراوەتەوە:" مەسعود بارزانی خۆی لەوكاتەدا بەشێوەیەكی رەسمی باسی قارەمانیەتی قاسم سولەیمانی كردبوو، كە ئەو فریای شارەكەی كەوتبوو، وتبووی:" جارێكی تر ئێران لەسەخترین دۆخدا فریای هەرێمی كوردستان كەوتوو لەمەترسی دووری خستەوە".

هەر لەو راپۆرتەی ئاژانسە ئێرانیەكە باس لەوە دەكرێت، كەلەئەنجامی بۆردومانی هێزەكانی حزبوڵا حكومەتی هەرێم هیچ  بەیاننامەیەك یان هەڵوێست و ئیدانەیەكی نەبووە، بەڵام لەكاتی پەلاماردانی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەبەغدا دەست بەجێ  سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئیدانەی كردو بەمەترسیەك بۆ سەر ناوچەكە زانی و عیراق و كوردستانی بەهاوپەیمانێكی گرنگی ئەمریكا زانی.

پارتی لایەنی ئەمریكا دەگرێت
 لەو راپۆرتە ئەوە خراوەتەڕوو، میدیاكانی پارتی و نزیك لەو حزبە باس لەوە ئەكەن، ئەمریكاو پارتی لەهەوڵدان بۆ ئەوەی گەورەترین باڵوێزخانەی ئەمریكا  لەناوچەكە ببرێتە هەوڵیرو زەویەك بەروبەری 20 هێكتار بۆ بینای باڵوێزخانەكە تەرخان كراوە، هەروەها بودجەكەشی 795 ملیۆن دۆلارە.

ئاژانسی تەسنیم ئەوەی ئاشكراكردوە:" كە تەنها ئاری هەرسین كە پێشتر نوێنەری پارتی بووە لەپەرلەمانی كوردستان، ئەمریكای بەداڵتەدانی داعش و هێنانی بۆ ناوچەكە ناوبردوە، قاسم سولەیمانیشی بە رزگاركەری هەولێر زانیوە". 

هەروەها ئەوەش وتراوە، بەهیچ شێوەیەك هیچ لەسەرانی هەرێم كوژرانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیسیان ئیدانە نەكردوە.

 لەلایەكی تریشەوە، پەردەی لەسەر ئەوە راماڵیەوە، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆشداریداوە لەوەی هەرێم ئیدانەی هێرشەكانی ئەمریكا نەكات و لەم قۆناغەدا پشتیوانی ئەمریكا بن.

شێروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كەسەربە یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، ئاماژەی بەوەداوە:" هەڵوێستی لایەنە كوردیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەكۆبونەوەی سبەینێ یەك شەممە بەروونی دەردەكەوێت، كە ئەو كۆبونەوەیە تایبەتە بەدەركردن یان نەكردنی ئەمریكاییەكان لەناو خاكی عیراق لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسایەك.