هێرشی كۆتایی ساڵ :ئەمریكا كوێی كردوەتە ئامانج لە عیراق و سوریا؟

ڕاپۆرت 30/12/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
 لەبەرامبەر كردنە ئامانجی چەند جاری هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن ئەو میلیشیا چەكداریانەوە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی و هاوكاری دەكرێن ،شەوی یەكشەمە سوپای ئەمریكا هێرشی كردە سەر بارەگای میلیشیا عیراقیەكانی سەر بە ئێران لە هەردوو وڵاتی سوریا وعیراق هێرشەكان ژمارەیەك كوژراوو برینداری بەدوای خۆیدا هێنا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە ئەو هێرشە موشەكییەیی كە فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا ئەنجامیاندا 5 كەتیبەی حزبوڵڵای عیراق ی سەر بەئێرانی كردوەتە ئامانج كە پەیوەندی پتەویان هەیە بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كە واشنتۆن خستویتیە لیستی رەشی تێرۆرەوە.
 جواد كازم بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی جموجۆڵ لە دەستەی حەشدی شەعبی بڵاویكردوەتەوە لەو هێرشە ئاسمانیەی كە هێزەكانی ئەمریكا كردویانەتە سەر هەردوو لیوای 45 و 46ی سەر بەحەشدی شەعبی 25 كەس كوژراون و 51 كەسی دیكەش برینداربوون و پێشبینیشی كرد ژمارەی كوژراوەكان بەرز ببنەوە بەهۆی سەختی برینی ژمارەیەك لە بریندارەكان
بەگوێرەی راگەیاندراوەكە فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا 3 ئامانجیان لەعیراق و 2 ئامانج یان لەسوریا بۆردومان كردوە ئەو ئامانجانەش بریتی بوە لە عەمبباری چەك و تەقەمەنی وبارەگای فەرماندەیی وكۆنترۆڵی ئەو هێرشانەی كە دەكرانە سەر هێزەكانی ئەمریكا.
نەخشەی هێرشەكانی ئەمریكا لە عیراق بەم شێوەیە بوە : دامەزراوەی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم لەسنوری نێوان عیراق و سوریا و بارەگایەكی دیكەش لە دارستانەكانی سلوم و حرش لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار.
سەرچاوە عیراقییەكان بڵاویانكردەوە فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا هێرشیان كردوەتە سەر بارەگای كەتیبەكانی حزبوڵڵا لە قایم ، بارەگای فەوجی كەتیبەكان لە سنوری نێوان عیراق و سوریا ، بارەگای لیوای 45ی حەشدی شەعبی ئاشكراشیان كردوە بەهۆی هێرشەكانەوە بەرپرسێكی باڵای لیواكە كوژراوە.
لەسوریاش فرۆكە جەنگییەكان دووشوێنیان كردوەتە ئامانج لە سنوری نێوان عیراق وسوریا كە بارەگای میلیشیاكانی سەر بەئێرانی لێیە.
ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تەئكیدی كردەوە ئەو هێرشانە توانای میلیشیاكانی سەر بەئێران كەم دەكاتەوە كە نەتوانن لە ئایندەدا هێرش ئەنجامبدەن.
كەتیبەكانی حزبوڵڵا بەم دوایانە هێرشی مووشەكییان ئەنجامدا بۆ سەر بارەگایەكی سەربازەكانی سوپای ئەمریكا لە سەربازگەی كەیوان لە پارێزگای كەركوك كە 30 موشەكیان ناوەتە ئەو سەربازگەیەوە و بەهۆیەوە سەربازێكی خانەنشینی ئەمریكی كوژرا.
پنتاگۆن جەختی كردوەتەوە " كەتیبەكانی حزبوڵڵا لەعیراق بە ئەنقەست هێرشی كردوەتە سەر ئەو سەربازگایانەی كە هێزەكانی ئەمریكایە تێدایە كە بەشدارن لەشەڕی دژ بە داعش ،پێشتر هێزەكانی ئەمریكا پاش زنجیرەیەك هێرشی مووشەكی بۆ سەر بارەگای هێزەكانی ئەمریكا رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵی گرتە بەر لە نزیك بنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار.
لای خۆشیەوە دەزگای هەواڵگری كەتیبەكانی حزبوڵلا لەراگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە ئێمە لەو پەری حاڵەتی نائاسیی و ئامادەباشیدان و بەردەوامین لە كۆبونەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەیەكی گونجاو بۆ وڵامدانەوەی تاوانە قێزەونەكەی ئەمریكا . 
تەئكیدیشی كردوەتەوە ئێمە لەجەنگێكی كراوەداین لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەموو ئەگەرێك لەبەردەماندا كراوەیە و تەنها رووبەروبونەوەمان لەبەردەمدایە وهیچ شتێك ناتوانێت رێگریمان لێبكات بۆ وڵامدانەوەی ئەو تاوانەی ئەمریكا 
لەكۆتایی راگەیاندراوەكەدا هاتوە پێویستە ترامپ ئەوە باش بزانێت نرخی ئەو تاوانەیان بەقورسی دەدەن لە عیراق و ئەو وڵاتانەی هێزەكانی ئەمریكای تێدایە.
ئاژانسەكان