بوڵدان: ژنانی هەدەپە، نمونەی بەرخودانن دژ بە دەسەڵاتی فاشیستی

ژن 24/12/2019

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، ژنانی گەلانی توركیا بەتایبەتیش ژنانی هەدەپە، نمونەی بەرخودانن دژ بە دەسەڵاتی فاشیستی ئاكەپە و وتیشی، "لەبەرچاونەگرتنی رۆڵی ئۆجەلان بووە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە زۆر شت لەدەستبدات."
پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ژنانی پارتەكەیدا وتارێكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا، هەفتەی ڕابردوو ساڵیادی سەردەمی تاریكی بوو كە بە قەدەغەی هاتوچوو دڕندەیی زۆر ئەنجامدران و وتی، "لەو سەردەمە تاریكەدا لەگەڵ تاوانی مرۆڤایەتی، هێرشێكی گەورە بەرامبەر ژنان و لاشەی ژنان ئەنجامدرا. لە كۆمەڵكوژیەكاندا بە گشتی ٢ هەزار و ٥٠٠ كەس كوژران و ١٠٨ كەس لە وان منداڵ و ١٠٧ كەسیش ژن بوون. دۆخێكی سەخت بوو و سەردەمێكی بە ئازار بوو. ڕەحمەتی خوا لە دایكی تایبەت بێت كە تەرمەكەی ٧ ڕۆژ و ٧ شەو لە ناوەڕاستی كۆڵاندا مایەوە، ڕەحمەتی خوا لە جەمیلە بێت كە جەنازەكەی بە ناچاری لە ناو ساركەرەوە (سەلاجە) دا ڕاگیرا. ڕەحمەتی خوا لە مارییا بێت كە تەمەنی ٣ مانگ بوو و خانەوادەكەی لەسەر سوفرەی نانخواردن بوون بە تۆپێكی تانكەكان گیانی لەدەستدا. بە ئازارێكی زۆرەوە یادیان دەكەینەوە. یادی خەباتكارەكانی تێكۆشانی ژن سێڤێ دەمیر، ئاسیا یوكسەل، پاكیزە ناییر و زۆر هەڤاڵی تری ژنمان كە ئەو كاتە شەهید كران دەكەینەوە.
بوڵدان دەربارەی خەباتی ژن لە ناو هەدەپە وتی، "ئێمە باش دەزانین كە رێگای ئێمە درێژە، تێكۆشانمان بە بریارە. بە تایبەتی هێرش، فشار و توندوتیژی، داگیركەری و كۆمەڵكوژی لەدژی ژن بەردەوامە. نیوەی ئەندامەكانی ئێمە كە لە زیندان دەستگیركراون ژنن،  لە كار و ڕاپۆرتەكاندا تا ئێستادا ئاشكرا بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا توندوتیژی لەدژی ژن بەردەوام بووە، تاوان و كوشتن لە دژی ژن گەورەتر و زۆرتر بوون".