نیویۆرک تایمز: دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆتە مەحاڵ

ڕاپۆرت 22/12/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە راپۆرتێكی خۆیدا بڵاویكردوەتەوە لەسایەی پەرلەمانێكدا كە ناتوانێت داخوازیەكانی شەقام وخۆپیشاندەران بەدیبهێنێت بەهۆی هەژمونی ئێران بەسەر پرۆسەی سیاسی عیراقەوە، قەیرانی ئێستای عیراق بە مەترسیدارترین قەیران دادەنرێت لەپاش رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لەعیراق.
ئەلیسا رۆبن بەرێوەبەری ئۆفیسی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە بەغدا لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوەتەوە سەركردەكانی عیراق ئامادەنین لەگەڵ قەیرانی سیاسی عیراق دا مامەڵە بكەن و تا ئێستاش هیچ سازانێك لە ئارادا نیە سەبارەت بە پلانی چاكسازی حكومەت و جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە پەرلەمانی عیراق تا ئێستا بەجددی لێكۆڵینەوەی نەكردوە سەبارەت بە گۆرانكاریە پێشنیازكراوەكان بۆ یاسای هەڵبژاردنەكان كە لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە خراونەتە روو بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەری حزبەكان و گەندەڵی.
تەئكیدیشی كردوەتەوە سەرباری بەسەر چوونی وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران ،حزبەكان پاش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەركەوتوو نەبوون لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق 
ماریا فانتابی تۆێژەر لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: ئەستەمە بتوانرێت كەسێك دەست نیشان بكرێت كە رەزامەندی خۆپیشاندەران وحزبەكانی لەسەر بێت و پشتیوانی بكرێت بەمەبەستی تێپەراندنی ئەم قۆناغە.
نیویۆرك تایمز ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە گەر حزبە سیاسیەكان بتوانن جێگرەوەیەك بۆ عەبدولمەهدی بدۆزنەوە ئەستەمەئەو كەسە بتوانێت بەشێك لەداواكاری خۆپیشاندەران بەدیبهێنێت.
خۆێندكارێكی زانكۆ لە ریزی خۆپیشاندەران دەڵێت:بەتەنها ئامانجمان دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی نیە بەڵكوو دەمانەوێت هەموویان برۆن.
كەریم نوری یەكیەك لەسەركردەكانی رێكخراوی بەدر دەڵێت: ئەوەی حزبەكان داوای دەكەن خۆپیشاندەران رەتیدەكەنەوەو ئەوەشی گەلی عیراق داوای دەكات لەلایەن حزبە سیاسیەكانەوە رەتدەكرێنەوە لەبەر ئەوە دوو ئەلتەرناتیڤمان لەبەردەستدایە یا گۆڕینی گەلی عیراق ،یاخوود گۆڕینی چینە سیاسیەكەو ئەنجامدانی هەندێك گۆرانكاری لەپرۆسەی سیاسیدا.
رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە پەرلەمانی عیراق ئامادە نیە رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ رێگە گرتن لە هەژمونی ئێران.و سەركردە سیاسی و سەربازیەكانی ئێران لەوانەش قاسمی سولێمانی لە بەغدا كاردەكەن بۆ دۆزینەوەی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كە پشتیوانی ئێران بكات.
فانتابی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە دۆزینەوەی كەسێك لە شەقامی عیراق كە رەزامەندی شیعەكان و ئێرانی لەسەر بێت بوەتە كارێكی مەحاڵ.
لەرۆژی یەكی ئەم مانگە پەرلەمانی عیراق رەزامەندی دەربری بۆ دەست لەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و لایەنە سیاسیەكان چەندین ناویان پێشنیازكردوە بۆ پركردنەوەی ئەو پۆستە بەڵام بەم دوایانە 3 ناو خراونەتە روو كە بریتین لە قوسەی سوهێل وەزیری خۆێندنی باڵا و محەمەد شیاع سودانی وەزیری پێشووی  كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و موستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی.