دوایین شەوی بەرهەم ساڵح

ڕاپۆرت 18/12/2019



ئەمشەو دوایین شەوی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سبەینێ پێنج شەممە، وادەی دەستوری بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی جێگرەوەی عەبدولمەهدی كۆتایی دێت.
بەپێی زانیاریەكان، ئەمڕۆ كۆبونەوەیەك لەنێوان 150 پەرلەمانتاری كوتلە جیاوازەكاندا دەكرێت و ئەوان بە رەسمی نامەیەك ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن و تێیدا داوای لێدەكەن كاندیدی حیزب و هێزە سیاسیەكان رەتبكاتەوەو هاوپێچی نامەكە ناوی چەند كەسایەتیەكی سەربەخۆ و بێلایەن دەدەنە ناوبراو تاوەكو بە خواستی خۆی یەكێكیان دەستنیشان بكات.
عەلی بەدیری، ئەندام پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندوە: ئەو 150 پەرلەمانتارە داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەن، كاندیدی سەرۆك وەزیران دور بێت لە پشكپشكێنەی حیزبی و ئەو كەسەی دەبێتە كاندید نابێت لەدوای 2003وە هیچ پۆستێكی لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیراندا هەبوبێت.
ناوبراو، راشیگەیاندوە: ناوی ئەو كەسانە دەدەنە سەرۆك كۆمار كە لەلایەن جەماوەرەوە قبوڵكراون.
لەلایەكی دیكەوە، كوتلەی بونیاد، كە خۆی وەكو گەورەترین كوتلە ناساندوە، ناوی قوسەی سوهەیل-ی رەوانەی سەرۆك كۆمار كردوە، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، بەڵام قوسەی ئەندامی پێشوی رەوتی سەدرو ئێستای حیزبی دەعوەیەو هەرزوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتكرایەوە. پێشتریش محەمەد شیاع سودانی لەهەمان كوتلە كاندیدكرا، بەڵام ئەویش رەتكرایەوە.
بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی، ئەمشەو و سەبینێ قورسترین ساتەكانی بەرهەم ساڵح دەبن لە سەرۆكایەتی كۆمار، بەو پێیەی یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە ئێستا لەسەر شانی ئەودایە. هاوكات نەبونی كاندیدێك كە هەم زۆرینەی كوتلە سیاسیەكان و خۆپیشاندەرانیش رازی بكات، هێندەی تر كارەكەی لەبەرهەم ساڵح قورس كردوە. بەتایبەتی ئەمڕۆ خۆپیشاندەران هۆشداریی ئەوەیاندا، ئەگەر كاندیدی سەرۆك وەزیران بە خواستی ئەوان نەبێت، ئەوا خۆپیشاندانەكان فراوانتر دەكەن.
چاودێرانی سیاسی پێشیانوایە، ئەگەر بێت و سەرۆك كۆمار، ئەمشەو و بەیانی نەتوانێت ئەو پرسە یەكلابكاتەوە، ئەوكات پێدەچێت بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت.