قەیرانی سەرۆك وەزیران: بەرهەم ساڵح تۆپەكە هەڵدەداتە گۆڕەپانی دادگای فیدراڵی و پەرلەمانەوە

ڕاپۆرت 17/12/2019



رۆژنامەی عربیە، ئاشكرایدەكات، لەبارەی كاندیدكردنی جێگرەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، تۆپەكەی هەڵداوەتە گۆڕەپانی هێزە سیاسیەكان و پەرلەمانی عێراقەوە، ئەمەش دوای ئەوەی داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كرد، گەورەترین كوتلە دەستنیشان بكات، تاوەكو داوای لێبكات كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن.
رۆژنامەكە باسی لەوەشكردوە، ئەم پێشهاتە نوێیە دوای ئەوەهات كە محەمەد شیاع سودانی، وەكو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتكرایەوە، هەروەها مەرجەعیەتیش تێبینی لەسەر هەبوو. بۆیە بەدور نازانرێت رێككەوتنێكی نوێ لەسەر ناوێكی دیكە بكرێت، بەتایبەتی كە 174 ئەندام پەرلەمان لە كوتلە جیاوازەكان، كە لە نیوەی پەرلەمان زیاترن، داوایان لەسەرۆك كۆمار كردوە، كاندیدێكی بێلایەن دەستنیشان بكات.
لەوبارەیەوە، راوێژكارێكی سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بەوەكردوە: بەرهەم ساڵح دەیەوێت، لەبارەی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، راستەوخۆ لای خۆیەوە، پرس و را بە دادگای فیدراڵی بكات، چونكە ئەمە پێچەوانەی سیستمی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانە كە لەدەستوردا هاتوە.
هاوكات ئەو مۆڵەتە 15 رۆژیەی كە بۆ سەرۆك كۆمار دیاریكرابوو، سبەی شەو كۆتایی دێت، بەڵام سەرۆك كۆمار دەیەوێت وادەكە دوو رۆژی دیكە درێژبكاتەوە، بەو پێیەی گوایە رۆژی 4ی ئەم مانگە نوسراوەكەی پەرلەمان بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ، گەیشتۆتە سەرۆكایەتیی كۆمار.
هەر لەوبارەیەوە، ئەندام پەرلەمانێك، رایگەیاندوە: داواكەی سەرۆك كۆمار لە پەرلەمان لەبارەی دیاریكردنی گەورەترین كوتلە، دوای ئەوەدێت كە گفتوگۆكان گەیشتونەتە بنبەست و سەرۆك كۆمار دەیەوێت پەرلەمان لەبەردەم خۆپیشاندەراندا ئیحراج بكات.
ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی لەوەشكردوە، كێشەكە بە سازشكردنی لایەنەكان و دەستوەردانی حەكیمانەی مەرجەعیەت چارەسەر دەكرێت، ئەگەر نا دەبێت بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو بنرێت.