دادگا 5 كەس دەستگیردەكات بەتۆمەتی كوشتن و هەڵواسینی گەنجەكەی وەسبە

عێراق 15/12/2019


ئەمرۆ یەكشەممە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویكردەوە 5 كەسیان دەستگیركردوە كە تاوانبارن لەسەر رووداوەكەی وەسبە.
لەوبارەیەوە سەنتەری راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاویكردەوە دەستیان بەلێكۆڵینەوەكردن كردوە لەسەر كوشتن و هەڵواسینی گەنجێك لە گۆرەپانی خۆپیشاندانەكان لەشاری بەغدا.
بەگوێرەی راگەیاندراوەیەكی سەنتەری راگەیاندن :دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی دەستیكردوە بە لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكەو فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەموو ئەو كەسانە دەردەكات كە لە رووداوی كوشتن و هەڵواسینەكە تێوەگلاون.
سەبارەت بە رووداوەكە لیوای رووكن عەبدولكەریم خەلەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند: ئەو گەنجە تەمەنی 17ساڵ بوە بەدرێژایی 5 رۆژ داوای لەخۆپیشاندەران كردوە لەماڵەكەی دووركەونەوە بەڵام خۆپیشاندەران ئەو داواكاریەیان رەتدەكردەوە تا كارگەیشتە ئەوەی ببێت بەدەمە بۆڵە و شەڕە جوێن لەنێوانیان  ، پاشان خۆپیشاندەران چەند گوولە مۆلۆتۆفیەكیان فرێداوەتە ماڵی ئەو گەنجەوە ئەویش لەبەرامبەردا دەستی بۆ چەك بردوەو تەقەی بەسەر خۆپیشاندەرانە كردوە و 4 خۆپیشاندەری كوشتوە لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران گەمارۆی ماڵی گەنجەكەیان داوەو كوشتویانەو بە ستونێكی كارەباوە هەڵیان واسیوە.
وتەبێژی فەماندەی گشتی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە لێكۆڵینەوە لەرووداوەكە دەستیپێكردوەو كێشەكە خراوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە 
تەئكیدیشی كردوە دەرزگا ئەمنیەكان سەرجەم بەڵگەكانی لەبەردەستدایەو دەم وچاوو رووخساری تۆمەتبارەكان ناسراون و بەئاسانی دەتوانرێت دەستگیربكرێن.