ئەدۆنیس؛ نەوەد ساڵ شیعر
وێنەکە: تەڵعەت تاهیر، شێرکۆ بێکەس، د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ئەدۆنیس، عیسا چیایی، د. سەروەر عەبدوڵڵا
ڕەخنەی چاو‌دێر
ئەدۆنیس لە کاتێکدا خەریکە تەمەنی دەبێتە نەوەد ساڵ، کە وڵاتەکەی لە گڕدا دەسووتێت.
عەلی ئەحمەد سەعید ناوسراو بە ئەدۆنیس، لە ١ـی جێنیوەریی
١٩٣٠ لە گوندی قەسسابین- سەر بە پارێزگای لازقییە لە سووریا لە دایک بووە. ئەو
شاعیر، وەرگێڕ، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و ئیدیتۆری سوورییە. یەکێکە لە
کاریگەرترین و بەرجەستەترین شاعیرانی مۆدێرنی عەرەب. کۆتاییی ئەم مانگە، لەگەڵ جەژنەکانی
سەری ساڵدا تەمەنی دەبێتە نەوەد ساڵ. ڕەنگە سەرەڕای پڕتەمەنییەکەی فریای وەرگرتنی
خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات نەکەوێت، کە ساڵانی ساڵانە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە ناوی لەنێو
ناوانە.
ئەدۆنیس لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا شۆڕشێکی
مۆدێرنیزمیی سەرپەرەشتیی دەکرد کە کاریگەرییەکی مەزنی بۆ سەر شیعری عەرەبی هەبوو،
کە بە کایگەرییە مەزنەکەی ت. ئێس. ئیلیەت بۆ جیهانی ئینگلیزی بەراورد دەکرێت.
ئەدۆنیس زیاد لە بیست بەرگ شیعری نووسیوە و سێزدە بەرگیش
ڕەخنەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. دوازدە کتێبیشی لە شاعیرانی جیهان وەرگێڕاوە.
لەوانە: سان-ژۆن پێرس و ژان بون‌ڤوا و هەروەها ئۆڤید. هەروەتر ئەنتۆلۆژیایەکی چەندبەرگیی
شیعری عەرەبیی هەیە بە ناوی (دیوانی شاعیرانی عەرەب)، کە دوو ملیۆن بەیتی لە خۆ
گرتووە و ساڵی ١٩٦٤ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. هەڵبژاردەیەکە لەو شیعرانەی پێی باش و
جوانن.
لە دنیای ئیسلامی‌دا ئەدۆنیس کەسێکی بەدناوە و لەبەر
ڕەخنەکانی لە ئەقڵییەتی ئیسلامی، داوا کراوە کتێبەکانی بسووتێنرێن. خۆی لەم
بارەیەوە دەڵێت: خودا بەو گەورەیییەی خۆیەوە هێشتی شەیتان قسەکانی خۆی بکات، بەڵام
ئیسلامییەکانی ئەم ڕۆژگارە ناهێڵن ئەم شەیتانە بچووکانە قسەی خۆیان هەبێت.
ئەدۆنیس لە ئێستادا بە گەورەترین شاعیری زیندووی عەرەب
دەناسرێت. لەو خەڵاتە گرنگانەی پێی بەخشراوە، یەکیان خەڵاتی گۆتەیە، کە ساڵی ٢٠١١
پێشکەشی کرا. خەڵاتەکە سێ ساڵ جارێک دەبەخشرێت.
ئەدۆنیس لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا لەسەر بانگهێشتی بنکەی ڕووناکبیریی
گەلاوێژ سەردانی کوردستانی کرد و لە هەولێر و سلێمانی کۆڕی شیعر و گفتوگۆی ئەنجام
دا. لە کاردانەوەی سەفەرەکەیدا کتێبێکی شیعریی بە ناوی "بنەچەی سەوسەن"
نووسیی، کە بۆ کوردە و تەڵعەت تاهیر وەری گێڕاوە.
لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردی‌دا ئەدۆنیس ناوێکی ئێجگار
ناسراوە و زۆرێک لە کتێبەکانیشی لە لایەن وەرگێڕ-انێکی وەک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد،
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، هیوا قادر و تەڵعەت تاهیرەوە کراون بە کوردی. هەڵبژاردەی
شیعرەکانی ئەدۆنیس لە لایەن تەڵعەت تاهیرەوە بە ناوی "عەتری ئەو عاشقانەی
مردن" وەرگێڕدراوە، کە نووسەر خۆی پێشەکیی بۆ چاپە کوردییەکەی نووسیوە.
________
له نێوان قه‌سابین و كتێبدا
ئەدۆنیس
وەرگێڕانی تەڵعەت تاهیر
1
له نێوان كتێب و قه‌سابیندا ، ژیام و ده‌ژیم /
زۆر گوێیان لێده‌گرم ، له‌ودیو خۆڵه‌مێشى ماناوه
كه پشكۆى ئێستاى داپۆشیوه ، پێم ده‌ڵێن :
نه‌خێر ، ژیان ناژى
ته‌نیا له ماڵى ئازادى نه‌بێ ،
ناشنوسرێته‌وه ،
ته‌نیا به چڕى زمان نه‌بێ .
2
هه‌نگاوه‌كانى یه‌كه‌مم له‌به‌ر تیشكى كتێب و قه‌سابیندا
ئاوێته‌ى شته‌كان و شێوه‌كانى شانۆى ده‌وروبه‌رم بوو /
بۆ هه‌موو ڕوه‌كێك
بۆ هه‌موو دره‌ختێك
بۆ هه‌موو هه‌ورێك
كانتۆرێكى پڕ له جلوبه‌رگ هه‌بوو كه قه‌سابین بۆى هه‌ڵده‌بژاردن ،
ئه‌و به‌رگدرووه ، روخسار جوانه ، ده‌ست ره‌نگینه ،
كه له باوه‌شى سروشتدا دانیشتووه ، رومه‌تێك له سێبه‌ردا و
رومه‌تێك له‌به‌ر هه‌تاو .
جوڵه‌ى شته‌كان ئه‌وسا ، ئێستاش : جیهانى ده‌نوسیه‌وه
به ئازادى هه‌وا ده‌ینوسیه‌وه ،
به مه‌ره‌كه‌بێك وه‌ك ئه‌وه‌ى خوێنى كات بێ .
3
خوێن ، له‌مڕۆدا زه‌مینمانه .
ئه‌و كه‌سانه‌یش كه پێیان وابوو ئاسمان به‌ڵێنى ئه‌وانه و
به‌ره‌و ئه‌وان رێده‌كا
نه‌یانزانى هیچى بۆ هه‌ڵبده‌ن ، ته‌نیا تۆڕى گرتن نه‌بێ /
گاهێك گرتنى بۆشایى و
گاهێك گرتنى مرۆڤ .
4
بێجگه له خۆت ، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كه‌سدا مه‌كه .
زه‌مین جێگه‌ى هه‌موومان ده‌بێته‌وه ،
ده‌سه‌ڵاتیش یه‌كه‌م ئاژه‌ڵه :
ده‌نگێكه ، وه‌ك له‌وه‌ى له كتێبێكه‌وه بێت
كه ده‌ستى قه‌سابین هه‌ڵیده‌داته‌وه .
5
خوێن ، له‌مڕۆدا زه‌مینمانه .
ئه‌و روناكییه وشكى كرد كێڵگه‌كانى قه‌سابینى ده‌نوسیه‌وه ،
به ته‌نیا سێپه‌ڕه و به‌یبون و جاتره و كاسنێ قه‌سیده‌كانى نه‌بوون
له‌سه‌رخۆ به ئه‌ى ( با ) ،
له ڕووى ده‌فته‌ره په‌رتبووه‌كانه‌وه له ده‌ستى وشكبوون
به‌زه‌ییت بێ به‌و دار قامیشه مل خواره قامه‌ت شكاوه
به‌و لاولاوه گریاوه‌ى ته‌نانه‌ت فرمێسكه‌كانیشى جێیان هێشتووه .
زه‌مێنێكه ده‌قڵیشێت و ده‌بێته غوبار و په‌رت ده‌بێ .