پەرلەمانتارێکی عێراق وەڵامی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەداتەوە

کوردستان 14/12/2019

چاودێر

 

پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی عێراق وەڵامی ئەو وتارەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەداتەوە کە بە بۆنەی تێپەڕینی سەد ڕۆژ بەسەر کابینەکەیدا بڵاوی کردەوە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت ئابووریی کوردستان لە وەساتن و پاشەکشەیەکی گەورەدایە.

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات پسپۆڕی ئابووریشە لە نووسینێکدا دەڵێت: "بەڕێز سەرۆکی حکومەت لە یەکێک لە پەرەگرافەکاندا باستان لە شەفافیەت و دڵنیایی کردووە هەروەها گەڕانەوەی شەفافیەت و دڵنیایی زیاتر لە بواری داهاتی گشتی و ناوخۆ، حەز دەکەم بپرسم لە ماوەی ئەم 100 ڕۆژەدا چەند ڕاپۆرتی پڕ زانیاریتان ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە، سەبارەت بە داهاتەکان و خەرجییەکان، کە بزانرێت داهاتە نەوتییەکان چەندە و داهات نانەوتییەکان چەندن، بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت بەراورد بکات لە نێوان داهاتەکانی ئێستا و داهاتوو و هۆکاری کەمکردن و زیادکردنەکان بزانن و بەدواداچوونی ورد بکەن بۆ بابەتەکان".  

سەبارەت بەو بەشەی وتارەکەی مەسرور بارزانی کە باس لە زیادکردنی باج بە ڕێژەی 50% دەکات، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "دەپرسن داهاتی ناوخۆ چین جگە لە باج و کرێ موڵکی دەوڵەت و فرۆشتنیان و خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوەبەراتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانییەکان، هەروەها بە گوێرەی دەستوور داهاتی دەوڵەت پێک دێت لە داهاتە فیدڕاڵییەکان کە بە پێی ماددەی ( 28) لە دەستووری هەمیشەیی عێراق هیچ کەس بۆی نییە گۆڕانکارییان تێدا بکات.  چۆن داهاتی باجتان زیاد کردووە ئەگەر دەڵێن بە یاسا بە کام یاسا، خۆ هەموان ئاگادارن پەرلەمانی کوردستان هیچ هەموارێکی یاسایی بۆ یاسای باجەکان نەکردووە، پاشان باج گۆڕانکاریی تیدا بکرێت بەبێ دیراسە کارەساتی ئابووری درووست دەکات، ئابووریی کوردستان لە وەستان و پاشەکشەیەکی گەورەدایە، کامانەن ئەو ئابووریناسانەی بە بەڕێزتیان وتووە باج زیاد بکە بۆ زیادکردنی داهات، چونکە زیادکردنی باج لە کاتی پاشەکشەی ئابووریدا ئابووری دەکوژێت و لە ناوی دەبات".