پارێزەرێکی راوێژکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تەحویلکردنی ساڵانەی ئۆتۆمبێل پێشنیارێک دەداتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ

کوردستان 12/12/2019


چاودێر:

پارێزەرێکی راوێژکار رێنماییەکانی بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی سەبارەت بە "مامەڵەی گواستنەوەی خاوەنداریی ئۆتۆمبێل" بەهەڵە دەزانێت و بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیش پێشنیاز دەکات "بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ چەند بنکەیەک لەنێو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلدا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی کڕیندا راستەوخۆ ئیقرار لە فرۆشیارەکە وەربگرن".

رەنج مستەفا حسێن، پارێزەری راوێژکار، رەخنە لە لێدوانێکی رائید رەوەند عومەر لێپرسراوی ئیدارەی هونەریی هاتوچۆی سلێمانی دەگرێت و دەڵێت "رێنماییەکانی بەرپرسەکەی هاتوچۆ سەبارەت بە مامەڵەی گواستنەوەی خاوەنداریی ئۆتۆمبێل هەڵەن".

رائید رەوەند لە لێدوانێکیدا بۆ پەیجی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن و خاوەن ساڵانەکەیش ئامادەنییە بێت بەدەمیانەوە "ئەوا دەتوانن لەنزیکترین بنکەی پۆلیس سکاڵا لەسەر خاوەن ساڵانەکە تۆماربکەن بەمەرجێک پارە یاخود هیچ شتێکی دیکەی تێدا نەمابێت.. دواتریش سکاڵاکە دەچێتە لای دادوەری لێکۆڵینەوە و ئەویش بڕیار لەسەر چارەنووسی ئۆتۆمبێلەکە دەدات".

رەنج مستەفا کە ئەزموونی زیاتر لە 10 ساڵ کارکردنی لە بواری پارێزەرایەتیدا هەیە، بە چاودێری راگەیاند "زانیارییەکانی رائید رەوەند هەڵەن، ئەو مەسەلەیە لە تایبەتمەندیی دادگای بەراییە و هەموو گرێبەستێکی دەرەکیی پێشانگاکانیش (جگە لەو گرێبەستانەی بۆ ئۆتۆمبێلی کیلۆمەتر سفر دەکرێن) پوچەڵن و ئەو کەسە تەنها دەتوانێت لەدادگای بەرایی داوای اعادە الحال الى ما کان علیە بکات، واتە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە و گەڕانەوەی پارەکەی بکاتەوە".

"ئەو کەسانە تەنها لە یەک حاڵەتدا دەتوانن سکاڵا لە بنکەی پۆلیس تۆماربکەن، ئەویش لەوکاتەدا کە فێڵی لێ کرابێت، ئەمەیش ئەو حاڵەتە نییە کە بەڕێز رائید رەوەند باسی کردووە" رەنج مستەفا وایوت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە کە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان گیرۆدەبن پێوەی، پارێزەرە راوێژکارەکە پێشنیاز دەکات بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ چەند بنکەیەک لەنێو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلدا بکەنەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ ئیقرار لە کڕیار و فرۆشیارەکە وەربگرن و هەروەها هەر لەوێدا بڕی غەرامەکانی ئۆتۆمبێلەکەیش بدەن "دواتریش کڕیار دەتوانێت مامەڵەکانی دیکەی بە ئاسانی ئەنجامبدات".