شارەوانی، خزمەتگوزاری بۆ كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخەكان دابین دەكات

ئابوری 12/12/2019

چاودێر
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم، ئاشكرایكرد، سەبارەت بە تاپۆكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەو كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخانەی لەهەرێمی كوردستان دروستكراون، جیاوازی لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نامێنێت و دەشڵێت " وەك هەر گەڕەكێكی ناو شارەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆمەڵگە و گوندانەدا دەكرێت و خزمەتگوزارییان لەلایەن شارەوانی بۆ دابین بكرێت".
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: سەبارەت بە تاپۆكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەو كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخانەی لەهەرێمی كوردستان دروستكراون، بەرنامەی حكومەتی هەرێم، بەو جۆرەیە كە جیاوازی لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەهێڵێت و وەك هەر گەڕەكێكی ناو شارەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆمەڵگە و گوندانەدا بكرێت و خزمەتگوزارییان لەلایەن شارەوانی بۆ دابین بكرێت.
وتیشی" لەجێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، هاوڵاتییانی دانیشتووی ئەم شوێنانە سوودمەند دەبن كە نرخی خزمەتگوزارییەكانی ئێستا دەیدەن، كەم دەبێتەوە و هەمان كوالێتیی خزمەتیش بەردەوام دەبێت".
جەختیشیكردەوە: پرسی تاپۆكردنی یەكە نیشتەجێیەكانی ئەو كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخانە، یەكێكە لەبڕیارەكانی لیژنەی باڵای وەبەرهێنان و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش لەوەزارەتی داد و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی شارەوانی پێكهاتووە، بۆ ئەوەی پەلە لەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە بكەن. لەرووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە دەبێت وەك گەڕەكەكانی دیكەی شارەكانیان لێ بێت و شارەوانییەكان خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكەن.