وردەكاریی رێكەوتنی ناوەند‌و هەرێم، بۆ ناردنی بودجە‌و مووچە راگەیەندرا

ئابوری 05/12/2019

چاودێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە،  وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا،  ئاشكرایكرد، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكەن و ئەگەر بەغدا پابەند بێت، كێشەی مووچە نامێنێت. 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، وتیشی " ئەركی خۆیان لەدانووستاندنەكان جێبەجێكردووە، دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا سەركەوتوو بوون و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجە جێگیركراون".
روونیشیكردەوە،" حكومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی پرسەكانی نەوت، قەرزەكان و بودجە رێككەوتن".
جەختی لەوەشكردەوە: توانیمان رێككەوتن لەسەر نەوت بكەین و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكەین. هەروەها توانیمان لەبارەی قەرزەكان، بگەینە لێكتێگەیشتنێك و ئەگەر بەغدا رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات كێشەی مووچە نامێنێت. حكومەتیش لەدانەوەی مووچەی فەرمانبەران بەرپرسیارە. چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەشت  مووچەی فەرمانبەران و 12 مووچەی خانەنشینان قەرزارە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان سیاسی بووە و بۆ بودجەی ساڵی 2020یش ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی پارلەمانی عێراقە و ئێمە وەك شاندی دانووستانكاری حكوومەت كارەكانمان تەواوكردووە و ئەركی نوێنەرانی كوردە لەبەغدا لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر بودجە بەرگریی لەمافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن و بیچەسپێنن.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، دانووستانەكانی ئەمجارە لەگەڵ بەغدا سەركەوتوو بووە و لە رێككەوتنەكەدا رەچاوی بەرژەوەندیی هەردوولا كراوە.