كەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەكرێت ؟

ئابوری 05/12/2019

چاودێر: تایبەت
بەهۆی ئاگادار نەكردنەوەی بانكەكان لەلایەن گەنجینەكانی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مووچەی مانگی ئەیلولی رابردووی ئەمساڵ دابەش ناكرێت و دابەش كردنی مووچە، خرایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، تایبەت دراونەتە (چاودێر)، هاتووە "ئەگەرچی پێشتر لەهەندێك ماڵپەڕ و پەیجەوە وا بڵاوكرابووە كە گوایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەست بەدابەش كردنی مووچەی مانگی ئەیلولی رابردووی ئەمساڵ دەكرێت، بەڵام دابەش كردنەكە دواخراوە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو".
لەزانیاریەكاندا، ئاماژە بەوەشكراوە: بڕی پارەی پێویست لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و هۆكاری دابەش نەكردنیشی لەئەمڕۆدا دیار نییە، هاوكات بانكەكان لەلایەن گەنجینەكانی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاگادار نەكراونەتەوە".
هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە: رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، 8ی كانوونی یەكەمی 2019، بەدابەشكردنی مووچەی لیواكان و وەزارەتی پێشمەرگە،  بەهەمان خشتەی مانگەكانی رابردوو، مووچەی وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش دەكرێت.