د. بینایی كامەران: سودو زیانەكانی خواردنەوەی شیر ئاشكرا دەكات

تەندروستی 01/12/2019

پزیشكێك ئاشكرادەكات، پێكهاتەی شیر لە ئێستادا وەك جاران نەماوە سودەكانی كەمترن، هەروەها خواردنەوەی شیر بۆ هەندێك لە نەخۆشییە درێژ خایەنەكان جێگەی مەترسین، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بە سەوزەو میوە بدرێت.

د. بینایی كامەران، پزیشكی پسپۆڕ باس لەوە دەكات، پێكهاتەی شیر بە نزیكەیی بریتیە لە ٪۸۷ ئاو  ٪٥ اكتۆز (شەكر) ,%٣.٤ چەوری، ٪۳.۳پرۆتین، وە تەنها ٪٠.۷ كانزای تێدایە.(واتە ٪۱ كەمتر!). ئەمە لە كاتێكدا شیری مانگای سروشتی بێت‌و ووشك نەكرابێتەوە‌و نەكرابێتە قوتو پاكەتەوە.

پزیشكەكە رونیدەكاتەوە، شیر بەهای خۆراكی وەك جاران نەماوە، چونكە بەخێوكردنی ئاژەڵەكان وەك جاران تەندروست نیە! ئەمە راستیەكەو لە زۆربەی توێژینەوە نوێیەكان دەركەوتوە، چەوری ناو شیرە كە بە سودە‌و یارمەتی هەرسی شیرەكە دەدات، (شیری كەم چەوری زیاتر شەكرەو ئازاری ریخۆڵە دەدات).شیر ناتوانێت ئێسكە نەرمەو ئازارو نەخۆشی ئێسك‌و جومگە باشتر بكات لە ئێستادا، لەگەل ئەوەی رێژەیەكی شەكری زۆری تێدایە (زۆر كەم كانزاو ڤیتامینی تیایە)، بۆ قەڵەوی بە تایبەتی قەڵەوی وورگ‌و كەمەر زۆر خراپە (قەلەوی خۆشی هۆكارێكی ئازاری پشت‌و جومگەیە) 

د. بینایی وتیشی "شیر بۆ نەخۆشی شەكرە خراپە، چونكە خێرا رێژەی شەكر لە خوێندا بەرز ئەكاتەوە (high glycemic index).بۆ كێشەی هەرس‌و كۆلۆنیش باش نیە، بەهۆی بونی شەكری لاكتۆز كە هەرسی قورسە، بەڵام ماست تەندروستترین پێكهاتەی شیرە.

لە كۆتایشدا باسی لەوە كرد، باشترین رێژەی كالیسیۆم‌و ڤیتامین D3 لەناو سپێناغ‌و سلق‌و كاهوو كونجی‌و تۆوی كەتان‌و ماسی‌و نیسك‌و بایەمدا هەیە، بۆ نمونە( فیل گەورەترین‌و بەهێز ترین ئێسكی هەیە‌و تەنها روەك‌و سەوزەوات دەخوات)! بۆیە شیر لە دوای تەمەنی ۲سالی تەمەن خواردنەوەی رۆژانەی پێویست‌و گرنگ نیە بۆ تەندروستی‌و لە هەندێ كەسدا زۆر خواردنەوەی ڕەنگە زیانیی هەبێت بۆ تەندروستی بەتایبەتی كەسێك كێشی زۆر بێت.