مەلا بەختیار: ئەگەر دەسەڵاتی عێراق باشبوایە، خەڵك لێی رانەدەپەڕی‌

کوردستان 01/12/2019

" كەمئەندامان سووربن لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی مافەكانیان"

مەلا بەختیار:
كەمئەندامانی كوردستان، هەم هەقیان بەسەر كوردستان و
هەم بەسەر حكومەتی عیراقیشەوە هەیە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (1/12/2019)، لەهۆتێل تایتانیك، بەئامادەبوونی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، لەهاتنی رۆژی جیهانی كەمئەنداماندا، پەیام‌و هاواری كەمئەندامانی راگەیاند‌و لەو چوارچێوەیەشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتەیەكی پێشكەشكردو پاشئەوەی ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عیراق كردو وتی: 
"ئەگەر ئەو دەسەڵاتە باشبوایە، خەڵكی لێی رانەدەپەڕی‌و خواخوای نەدەبوو دەقیقەیەك زوتر، لەكۆڵی ببێتەوە!" كە لەو دیدەوە نادادپەروەریی لەموچە‌و لەمافی هاووڵاتیان‌و رێژەی بەرزی گەندەڵی‌و ئاستی خراپی گوزەرانی ژیانی لەعیراقدا رونكردەوەو هاوكات بەشێكی تری وتەكانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، قسەكردن بوو لەبارەی هەستی مرۆڤایەتییەوە، كە تیایدا رایگەیاند: 
ژیانی كۆمەڵایەتی ئەركی ویژدانی‌و ئەخلاقی هەیە، ئەركەكانیشی ئەوەیە كە هەركەسێك لێقەوماوبێ‌، دەبێ‌ تۆ وەك مرۆڤ ویژدان بۆی ببزوێ‌و ئەوەی پێتدەكرێ‌، بۆی بكەیت. بەپێچەوانەشەوە لەژیانی كۆمەڵایەتیدا، لەبەرامبەر لێقەوماودا، هەستەكانت نەبزوێ‌، مانای ئەوەیە بەرد لەمێشكتدایە‌و لەخانەوادەی مرۆڤایەتی ژیان بەسەر نابەیت! چونكە ناتوانی بەجوانی پەیامی مرۆڤایەتی پەیڕەو بكەیت.
هەروەك بەراوردەكانی مافی كەمئەندامانی لەكوردستان‌و دەرەوەی كوردستانیش، بەنموونە رونكردەوە، كە لەدەرەوەی كوردستان كەمئەندامان، مافەكانیان سەلمێنراون‌و هیچ حكومەت‌و دەسەڵاتێك ناتوانێ‌ پێشێلیان بكات‌و پاشئەوەی ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی كەمئەندامانیش كرد لەكوردستان، كە مین‌و تەقەمەنی جەنگەكان‌و رژێمەكان بۆ خەڵكی كوردستانیان بەجێهێشتووە‌و هەر تەقینەوەیەكیش خێزانێك دەخاتە نەهامەتییەوە‌و ئەو رێژە زۆرەش لەكەمئەندامان، سەرەنجامی   كارەساتەكانی جەنگن‌و وتی: ناكرێت دوای 28 ساڵ لەحوكمڕانی‌و 16 ساڵ لەرووخانی صەدام، نە لەعیراق‌و نە لەكوردستانیش مافەكانی كەمئەندامان جێبەجێ‌ نەكراوە‌و تەئكیدشی كردەوە: كەمئەندامانی كوردستان، هەم هەقیان بەسەر كوردستان و هەم بەسەر حكومەتی عیراقیشەوە هەیە.
مەلا بەختیار، روانگەی خۆیشی بۆ چارەسەری كێشەكانی كەمئەندامان‌و چۆنێتی دامەزراندنیان، لەهەردوو كەرتی حكومەت‌و تایبەتدا خستەڕوو، هاوكات رونكردنەوەی پێویستیشی لەسەر چۆنێتی سەلماندن‌و جێبەجێكردنی مافەكانیان خستەڕوو، كە رایگەیاند: پێویستەو دەبێ‌ بەیاساو رێسا مافەكانی كەمئەندامان دابین بكرێت‌و دابمەرزێنرێن، نەك بەخێر، چونكە وشەی خێر لەدەوڵەتێكی دیموكراسیدا، كە باس لەدادپەروەری بكات، عەیبەیەكی گەورەیە و نابێ‌ هەر بمێنێت. لەبەرئەوەی وشەی خێر، هی سەدەكانی ناوەڕاستەو لەئەقڵی مرۆڤایەتی‌و فەلسەفەی مرۆڤایەتیدا، لەدوای شۆڕشی دیموكراسی ئەو وشەیە بونی نەماوە، بەڵكو مافی خۆیەتی‌و مافیش هەقە دابین بكرێت.
تەنانەت هێمای بۆ ئەوەشكرد، هەر سەرمایەدارو بازرگانێكیش، جوامێری دەنوێنێ‌، هەق نییە وێنەی هەڵوێستەكانی بگرێت‌و نەلافیشی پێوە لێبدات! چونكە سەرمایەداری ئەم وڵاتەش، بەخێرو بێری وڵاتەكە دەوڵەمەند بووە، ئەگەرچی هەموو وەبەرهێنانێك و پرۆژەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات، جۆرێكە لەنیشتمانپەروەری، بەڵام وشەی خێر، نەگونجاوەو پێویستە هەر هەڵوێستێك وەك ئەرك، بەرامبەر كەمئەندامان جێبەجێ‌ بكرێت.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێری، بەخستنەوەڕووی پشتیوانی‌و هاوكارییەكانی بۆ كەمئەندامان، ئومێدیخواست‌و تەئكیدی كردەوە: كەمئەندامان سووربن لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی مافەكانیان‌و هەر لێپرسراوێك، لەهەر پلەو پایەیەك بێ‌، لەوە نیگەران دەبێ‌ كە كەمئەندامان رەخنە دەگرن، بابچێ‌ عەیب‌وعارەكانی خۆی چارەسەر بكات، نەك نیگەران بێ‌ لەرەخنەكان‌و وتیشی: ئەگەر مافەكانی كەمئەندامان دابینبكرایە، ئەوا هیچ كام لەسەرۆك‌و لێپرسراوی رێكخراوەكانی تری كەمئەندامان هەڵنەدەچوون‌و رەخنەیان نەدەگرت، بەڵام مادام هۆكارەكانی ژیانی كوێرەوەری كەمئەندامانە، ئەوا ئەركی حكومەتە، بچێ‌ ئەو هۆكارانە چارەسەر بكات، نەك توشی كاردانەوە ببێ‌ لەوەی كە 15 ساڵە كەمئەندامان داوا بكەن بیانبینن، نەیانبینیون! چونكە مایەی سەرسوڕمانە، كەسێك كاربەدەست بێ‌‌و بەدەنگی خەڵك بووبێ‌ بەكاربەدەست، بەڵام پانزە ساڵ رێكخراوێك، كە نوێنەری نزیكە 200 هەزار كەمئەندامی جۆراوجۆر بێ‌، داوا بكات بیانبینێ‌، كەچی نایانبینێ‌، لەكاتێكدا بەدەنگی میللەتیش بون بەكاربەدەست. 
لێپرسراوی دەستی كارگێڕی، هیواشیخواست، كە كەموكوڕییەكان هەموویان چارەسەر بكرێن‌و پەرلەمانی كوردستانیش، چەند دانیشتنێكیش بۆ چارەسەركردنی ئەم كیشەیەی تەرخان بكات‌و كارێك بكەین لەساڵی ئاییندەو یادی كەمئەنداماندا، نەك هەر ئەم رەخنانە نەگیرێن، بەڵكو كەمئەندامان سوپاسی حكومەت ‌و پەرلەمانی كوردستان بكەن.