یەكەم سووتانگەی لەناوبردنی كاڵا و خواردەمەنی قاچاخ دروستكرا

ئابوری 28/11/2019

چاودێر
بۆ یەكەمجار، لەكۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، (مەحرەقەیەك) سووتانگەیەكی مۆدێرن بۆ لەناوبردنی كاڵا و خواردەمەنیی قاچاخ دروستكرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی بۆ (چاودێر)، نێردراوە، هاتووە" بۆ یەكەمجار، (مەحرەقە) سوتانگەیەكی مۆدێرن كە هەنگاوێكی دیكەیە بەرەو زیاتر خزمەتكردنی گشتی و كارئاسانی تەواو و كەمكردنەوەی كاریگەری و لێكەوتەی خراپ لەسەر خاك و ژینگە، لەمەرز نێودەوڵەتی باشماخ دروستكرا".
ئاماژە بەوەشكراوە: ئەم سووتانگەیە، تایبەتە بە سوتاندن و لەناوبردنی ئەو كاڵا و خواردەمەنییانەی كە بەشێوەی قاچاغ دێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێت، یاخود ئەوانەی لەئەنجامی پشكنینەكاندا دەردەكەوێت، شیاوی خواردن و بەكارهێنان نین و لەرێگەی ئەم مەحرەقەیەوە لەناودەبرێن بەشێوازێك كە دووردەكەوینەوە لەو سیما ناشارستانییەی شێوازی لەناوبردن كە پەیڕەو دەكرێت.
بەپێی راگەیاندراوەكەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بودجەی تەواو بۆ دروستكردنی ئەم مەحرەقەیە لەلایەن كۆمپانیای رەزگەوە دابینكراوە بەبڕی زیاتر لە(100) هەزار دۆلار و دابینكردنی كارمەندی شارەزا و غاز و پێداویستییەكانی تری كارپێكردنی رۆژانەی، هەر لەئەستۆی كۆمپانیای ناوبراوە.