كەم بژی‌و كەڵ بژی

کوردستان 21/11/2019


نوسینی: فەرەیدون عەبدولقادر

لە ئێوارەی (21/11/1976)دا، كاكە شەهابی شێخ نوری‌و هاورێكانی (جەعفەر عەبدولواحید‌و ئەنوەر زۆراب) لە بەر دەمی مەرگدا، هەڵۆی دەنگیان لەشەقەی باڵ دا، وبانگی بەگوێی گەلەكەماندا دا (كەم بژی‌و كەڵ بژی) . 
ئەو سروودە بڵند ئاوازە بەتەنها زایەڵەی دەنگی ئەوان نەبو.. بەڵكە هاژەی روباری  بەخوڕی خوێنی هەمو شەهیدان بو، كە ئێستاكەش دەنگ ئەداتەوە‌و بەتەنها تێكۆشەرە راستەقینەكانی رێگەی خەباتی رزگاری نیشتمانی كوردستان‌و سەربازانی پاك‌و دلسۆزی گەشە پێدانی كۆمەڵی كوردستان‌و جەماوەری گەل بە باشی ئەیبیستن،‌و رایان ئەدات‌و رایان ئەچلەكێنێ بۆ ژیاندنەوەی (ی.ن.ك)،‌و گێرانەوەی بۆ سەر شاڕێی رێبازە پیرۆزەكەی خۆی‌و رەخنە گرتن لەو سەركردانەی كێوی گەردن كەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كردۆتە گرۆدۆڵكەیەكی شەرمن . 
ئەو مارشەیە كە شەهیدەكان‌و كەسوكاریان‌و تێكۆشەرە پاكە دڵسۆزەكانی (ی.ن.ك)،‌و گەلەكەمان بەبڵندی ئەیبیستن‌و بە رۆڵە دلسۆزەكانمان ئەلێت: ئامان تەفرەی بریقەو دەنگی بزڕكاو‌و ڕەنگی زەردی ئەو سنە مەخۆن كە یەك ووشەی بەرنامەی رزگاری‌و پێشكەوتن‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتیان بیر نەماوە،‌و ناوی شەهیدكانیان بیر چۆتەوە.... بەڵكە بڕۆن بۆ پێشەوە، برۆن بەرەو ڕووناكی برۆن ... با یەكێتی بەهێز بكەینەوە‌و قوربانی خاك‌و هی ئەم خۆڵە بین ...
  سوپاس كاكەشەهاب‌و جەعفەر‌و ئەنوەر، سوپاس هەموو شەهیدانی ڕێگەی رزگاری‌و ژیان‌و كەرامەتی گەلەكەمان.. پەیامەكەتان ئەگات‌و كاریگەر ئەبێت.. ئیوەش لە دڵ‌و ویژدانمانا هەمیشە زیندون.