مەلا بەختیار: دەبێت بەو ئەمانەتەوە بچینە کۆنگرە کە جەنابی مام جەلال بۆی جێهێشتوین

ڕاپۆرت 21/11/2019

مەلا بەختیار :
گرەوی بەرگریمان لەمێژوودا بردەوە، بۆئەوەی گرەوی ئێستاش ببەینەوە، نابێ‌ لەرابردوودا بمێنینەوە

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆڕێكدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەلومەرج ناوخۆیی‌و دەرەكی لەئێستای كوردستان، عیراق‌و ناوچەكە، لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵەبندی دهۆك، كۆدەبێتەوە.
لەو ئێوارە كۆڕەكەدا، كە رۆژی (20/11/2019) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كەكە گۆڕانكارییەكانی ئێستا نە لەسەر مێژوو، نە لەسەر كاریزما دەوەستێت‌و وتی: خۆمان نەگۆڕین لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا، نەشیعر دادمان دەدات، نە رابردوو، نە قارەمانێتی‌و نە پارتیزانی.
لەبارەی جیهانیگریی‌و سەردەمی تەكنیك‌و تەكنەلۆژیاشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئێستا تەكنەلۆژیا، تەكنەلۆژیای لێزەرو كلیكێكە. ئەگەر ئێمە لەسەردەمی شۆڕشدا، تەتەرمان هەبوبێ‌، ئێستا سەردەمی تویتەرەو هەر ئەمەش جیاوازییەكەی سەردەمی ئێستا‌و رابردووە.
راشیگەیاند: ئێمە بەقارەمانێتی‌و قوربانیدان، گرەوی بەرگریمان لەمێژوودا بردەوە، بەڵام ئێستا گرەوی ئەو گرەوە، لەگرەوی ئێستای ئەم سەردەمەدا دووبارە دەكەینەوە، كەئایا گرەوی رابردومان دەدۆڕێنین، یان گرەوی ئێستاش دەبەینەوە. بۆیە ئەگەر دەمانەوێ‌ گرەوی رابردوو نەدۆڕێنین‌و گرەوی ئێستاش ببەینەوە، دەبێ‌ بێینە ئەم سەردەمە سیاسەت بكەین‌و نابێ‌ لەرابردوودا بمێنینەوە. وتیشی: دەبێ‌ تێبگەین، نەخۆمان وەكو تێكۆشەر، تێكۆشەرەكەی سی چل ساڵ لەمەوبەرین، نە حزبەكەشمان حزبكەی سی چل ساڵ لەمەوبەرە، نە حكومەتەكەشمان دەتوانێ‌ وەكو 25 یان 25 ساڵ لەمەوبەر بچێت بەڕێوە. چونكە فەلسەفەی سیاسی، چینایەتی، حوكمڕانی، ئایدۆلۆجی لەدنیادا گۆڕاوە. ئەم دنیایەش، بەفەلسەفەی نوێ‌، سیاسەتی نوێ‌، بەحزبێ كە گۆڕانكاری لەخۆیدا دروست بكات، بەسەركردەی نوێ‌، بەبیری نوێ‌، بەرێكخراوی دیموكراتی و ئێنجی ئۆی نوێ‌، بەوەرزش‌و هونەرو ئەدەبی نوێ‌، بەخۆشگوزەرانی لەشارو دەرەوەی شارەكان‌و دێهاتەكاندا دەبێ‌ بگۆڕین. بۆ ئەوەی مرۆڤ وەكو مرۆڤ بژی.
لەبارەی كۆنگرەشەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە كۆنگرە، دەبێ‌ كۆنگرەی گۆڕانكارییەكان بێت‌و لەدوای كۆنگرەش، سەرەنجام یەكێتی بەستراتیجێكی تازە بێتەدەرەوەو خەڵكیش تێبگات یەكێتی بەجێ نەماوە لەگۆڕانكارییەكان‌و خۆی دەگۆڕێت‌و ئامادەیە لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات‌و ئەمەش ئەركی ئێمەیە.
ئومێدەواریشم ئەوەی جەنابی مام جەلال، بە ئەمانەت بۆ ویژدانمان بەجێیهێشتووە، بەو ئەمانەتەوە بچینە ناو كۆنگرەو بەپێی ئەركەكانی ئێستاش لەناو كۆنگرە گفتوگۆ بكەین. بەپێی پێویستییەكانی ئێستاش ئەندامی كۆنگرە، لەكۆنگرە دەست بەرز بكاتەوە. بۆ ئەوەی كۆنگرە، كۆنگرەی گۆڕانكارییەكان بێت.