مەلا بەختیار: دژی کۆنگرەی تەوافوقیم بۆ سەپاندنی شەخس و تەكەتول

کوردستان 20/11/2019


لەپەراوێزی دووەمین رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزانكۆی ئەمەریكی كوردستان لەدهۆک، مەلا بەختیار لەدیدارێكی كورتی كەناڵی كوردستان 24، تیشكی خستەوە سەر كێشەكانی عێراق و هاوكات باسی لە چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد، كە بڕیارە 7/12 ئەنجام بدرێت.
مەلا بەختیار لەبارەی چوارەمین كۆنگرەوە، رایگەیاند: من لەگەڵ كۆنگرەی گۆڕانكاریم، پێش كۆنگرەش لەگەڵ لێكتێگەیشتنم، بەڵام دژی سەپاندنی تەوافوقم بۆ شەخس و لیستی تەكەتول لەناو كۆنگرەدا.
ناوبراو، راشیگەیاند: ئێستا شەقام لە یەكێتی تۆراوە، لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگمان كەمی كردوە، بەڵام ئەگەر بێت و كۆنگرەیەكی گۆڕانكاری و سەركەوتوو، ئەنجام بدەین، ئەوا، یەكێتی دەتوانێت ئومێد بداتەوە بە شەقامی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و لایەنگرانی و پرۆسەی دیموكراسی.
مەلا بەختیار، جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر كۆنگرەیەكی گۆڕانكاری ئەنجام نەدەین و تەنیا كۆنگرەیەكی پینەوپەڕۆ بێت بۆ سەپاندنی شەخس و تەكەتول، ئەوا بێگومان دوای كۆنرگەی زیانی زیاتر دەكەین.