مەلا بەختیار: ئەوەی لە عێراق رودەدات خۆپیشاندان نیە، بەڵکو راپەڕینە

کوردستان 20/11/2019

ئەمڕۆ لەدووەم رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزانكۆی ئەمەریكی كوردستان لەدهۆک، پانێلێکی هاوبەش بۆ هەریەکە لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و فالح فەیاز و بەشیر حداد و رێبەر ئەحمەد، بەڕێوەچوو. پانێلەکەش تایبەت بوو بە بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە.

لە پانێلەکەی خۆیدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بە هۆکاری خۆپیشاندانەکان کردو حکومەتەکانی بە بەرپرسیاری ئەم دۆخە لەقەڵەمدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی لە عێراقدا رودەدات، خۆپیشاندان نیە، بەڵکو راپەڕینە.

لەباسکردنی گەندەڵییەکانی عێراق وتی: "ژمارەی فەرماندەکانی عێراق، سێ هێند بەرامبەر بەر فەرماندەکانی ئەمەریکایە. 650 ملیار دۆلار لەم وڵاتە بردراوەتە دەرەوە. یەک ملیۆن و 600 هەزار منداڵی بێ سەرپەرش لە عێراق هەیە. شەش هەزار قوتابخانەی قوڕ لە عێراق هەیە. رێژەی بێکاری بۆ ئەو پەڕی هەڵکشاوە ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات".
راشیگەیاند: "لەسەردەمی سەددام وەزارەتی کارەبا 35 هەزار کارمەندی هەبوو، مووچەی ئەم کارمەندانەش لە داهاتی وەزارەتەکە خۆی بوو. ئێستا وەزارەتی کارەبای عێراق 100 هەزار کارمەندی هەیە، مووچەکەشیان حکوومەت دەیدات و 100 ملیار دۆلاریش لەو وەزارەتە دیار نەماوە".
وتیشی: "گەندەڵی لە عێراق بووەتە سیستم و رۆچووەتە ناو هەموو جومگەکان".
دووپاتیشکردەوە، هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەلماندی کە بەشێکە لە چارەسەر چونکە لەم دۆخەی ئێستای عێراق پاڵپشتی بۆ چاکسازیی دەربڕیوە و پشتگیری لە حکوومەت کراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەلا بەختیار، رایگەیاند: ئێستا زۆربەی لایەن عێراقیەکان و تەنانەت مەرجەعیەتی بەڕێز سیستانیش، ئاماژە بەوەدەکەن کە عێراق ناگەڕێتەوە پێش 25ی ئۆکتۆبەر، ئەم قسەیە، مانای زۆر هەڵدەگرێت، واتا تەواوی سیستەمی عێراق، حکومەت و پەرلەمانی عێراق، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، هەمویان دەگۆڕێن. بۆیە چۆن عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش 25ی ئۆکتۆبەر، ئەوا دەبێت کوردستانیش نەگەڕێتەوە پێش 25ی ئۆکتۆبەر، واتا دەبێت گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد، لە گفتوگۆکانی پێشوتر نەچێت و گۆڕانیان بەسەردا بێت لەڕووی هەموو کێشەکانەوە. بە تایبەتی کێشەی مادەی 140 و پشکە ئابوریەکانی هەرێم.