سەرۆكی هەرێم پەیامێكی نوێی ئاڕاستەی بەغدا كرد

کوردستان 20/11/2019

چاودێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد، تاكە رێگە بۆ چارەسەری كێشەكان دانووستان و چارەسەری سیاسییە. ئەوانەی شەڕی یەك دەكەن، دەبێت بۆ چارەسەر بەیەكەوە دانیشن و كوردستان لەم رەوش و قەیرانانە بەدەر نییە. دەبێت بە وریای كار بكات بۆ ئەوەی لەم ژینگە ئاڵۆزەدا بە ئاسوودەیی بەڕێوەبچێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە لەدووەم رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزانكۆی ئەمەریكی كوردستان لەدهۆک وتارێكی لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەكە پێشكەشكرد و رایگەیاند: كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك هەر ئاسایش و پەیوەندی وڵاتانی ناوچەكەی تووشی قەیران كردووە، بەڵكو بۆ سەر ئاشتی و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی گەورە و جیهانیش بووەتە هەڕەشە. ئەوەی لە ناوچەكە دەگوزەرێت، ئەنجامی هەڵەیەكی كۆن و نەخشەی جیۆسیاسی دوای شەڕی یەكەمی جیهانییە. كە كۆمەڵێك كێشەی سیاسی لە ناوچەكە بێ چارەسەر هێشتەوە. لەوانەش دۆزی كورد.
سەرۆكی هەرێم، وتیشی "بە تێڕوانینی ئێمە تاكە رێگە بۆ چارەسەری كێشەكان دانووستان و چارەسەری سیاسییە. ئەوانەی شەڕی یەك دەكەن، دەبێت بۆ چارەسەر بەیەكەوە دانیشن. نكوڵیكردن و زەبر و زۆر كۆتایی بە هیچ كێشەیەك ناهێنێت و خەڵك لە داواكارییەكانیان سارد ناكاتەوە. شەڕ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات. دواجار هەر دەبێت بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بگەنە رێككەوتن و تێگەیشتن".
جەختیشیكردەوە:"دۆزی كورد، كێشەیەكی گەورەیە و چارەسەركردنیشی بەشێكی گرنگی ئاشتییە لە ناوچەكە. هەروەها كێشەی پێكهاتەی دیكەش دوای جەنگ سەریان هەڵدا. جگە لەمانە نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە. كە ساڵانی دواتر هاتنە ئاراوە و بوونە هۆی گرفتی زیاتر لە ناوچەكە. لەوانە تێكچوونی هاوسەنگی لە ناوچەكە. دوای بەهاری عەرەبی و رووخانی رژێمی پێشوو رۆڵی هەندێك دەوڵەت لە ناوچەكە پاشەكشەی كرد".
ناوبراو، روونیشیكردەوە،"تیرۆر هەڕەشەیەكی سەرەكییە لەسەر ئاشتیی و ئاسایش لە ناوچەكە و لە جیهاندا، رێككاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش كێشە درووست دەكات. نەبوونی ستراتیژێك لەسەر بنەمای چاكسازی ئابووری و سیاسی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشت بەستن بە رێككاری سەربازی بۆ وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر خۆی لە خۆیدا كێشەیە و هۆكاریشە بۆ بەرهەمهێنانەوەی تیرۆر".
ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ نموونە لە عێراق لە جیاتی فرەیی‌ سیاسی، فرە ناوەندی دەسەڵات هەیە، لە جیاتی ئەوەی دەستوور و یاسا باڵا دەست بن، گرووپ و باڵادەستی حزبی و چەكداری بەرقەرار بووە و ئاكامەكەشی ئەوەیە ئەمڕۆ دەیبینین‌ و كوردستان لەم رەوش و قەیرانانە بەدەر نییە. دەبێت بە وریای كار بكات بۆ ئەوەی لەم ژینگە ئاڵۆزەدا بە ئاسوودەیی بەڕێوەبچێت. بۆیە هەوڵمانداوە و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ستراتیژمان هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كێشانە. ستراتیژی ئێمە درێژكردنەوەی سەقامگیری هەرێمی كوردستانە بۆ عێراق و ناوچەكە.